دەرگا داخراوەکان

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  507 بینین
عومرێکی دوورودرێژە
درێژ، درێژ هێندەی پرچی
سپیی داپیرەکەی مێژووم.
هێندەی کۆڵانانی تەنگی
خەمی شارۆچکە و نێو شارم.
کە بیدەیتە دەم یەکتری.
عومرێکی درێژ، درێژ
لێرە و لەوێ
لەم لا و لەو لا
من سکاڵای ڕاستی بووم و
من مەزبەتەی سزا و هاوار
عومرێکی درێژ، درێژ
زامەکانم بە شەلەشەل
ڕازەکانم بە پێی پەتی و سەری قۆتی
تەمتەمەن و ئەخولێنەوە.
ئەم کۆشک ئەو کۆشک، قاپی و قاپی
بە خواجە بێداری مشتم
یەک بە یەک ئەقڵیشێننەوە!
لەم لا و لەو لا
من لە وەخت و لە ناوەختا
لە دەروازەی ئەم جیهانە هەموویم دا
لە دەرگای سوور
لە دەرگای سەوز
دەرگای سپی
لە پەنجەرەی کۆنگرەی شین
کۆنگرەی مۆر
ڕەنگدار، بێ ڕەنگ، هەموویم دا
بە لاشیپانی ئەوەوە
بە شووشەی چاوی ئەمەوە
هەزار جار لەپی خوێناویی
قیژە و زریکەی خۆم پیانان
لە شەقامی سیڤەرەوە پیاچوومەوە
تا مەزاتخانەی خوێنەکەم لە لۆزاندا
پیاچوومەوە
بە ڕیز لێم دان
لە چەپەوە، لە ڕاستەوە
لە دەرگای ناوەڕاستەوە
پیاچوومەوە
بە ڕیز لێم دان!
بە هەردوو دەستی بڕراوی
دیجلە و فوراتەکەم لێم دان!
بە هەردوو قاچی بڕراوی
کرمانجێکی ژووروو لێم دان
بە کەللەی سەری بڕراوی
کرمانجێکی خواروو لێم دان
لێم دان، لێم دان!
برینێکی دارەوان بووم
برینێکی شاخەوان بووم
بە دیواری گوێزانیاندا هەڵئەزنام
لەسەر دیوارەوە بە مشت، بە هەردوو مشت
هەر بیلبیلە و هەر گلێنەی هەڵکۆڵراوی
شار و گوند بوو، بۆم هەڵڕشتن.
وەک دروشمێ لەسەر سەرم
پێستی سووتاوی کونکونی
کێڵگە و منداڵان و گوڵی
ئەم وڵاتە هەڵقرچاوەم بۆ هەڵکردن.
قیژەم ڕوا
بوو بە دارستانی ئازار.
خوێنم بەستی، بوو بە زرێباری دنیا
بەردی لاڕێ
کەوتە قسە و هاتە سەر ڕێ و
هەنگاوی نا!
ئینجا درەخت لەسەر قاچێ، هەنگەشەلێ
ڕایئەکرد و بەسەر خوێنا بازی ئەدا
وردە، وردە
بۆکرووزم گەییە لووتی
مانگی دەسکردوو، کەپووی خوا
کەچی ئەوسایش
درزێ نەکەوتە دەروازە و
درزێ نەکەوتە پەنجەرە و
لەو سەرەوە، لەم سەرەوە
لەم باڵقۆن و لەو تارمە و نهۆمەوە
نە قژنێ، نە سەر ڕووتاوە و ورگنێ
بە لاچاوێ
بۆ تەماشایەک، ئاوڕێ
سەرێکیان خوارنەکردەوە
ملێکیان لار نەکردەوە
ئای لەم دنیا سۆزانییە!
بە لای ئێسکی گڕ گرتومدا چەند تێپەڕی و
بە تەنافی قەنارەمدا دەرپێکەی خۆیشی هەڵنەخست!
ئای لەم دنیا سۆزانییە
تا کۆمەڵەی دۆستی ئاژەڵ، مافی حەیوان
تا ئەوانیش لە کۆنگرە و لەسەر لیستەی
حەپەحەپ و مڕەمڕ و زیکەزیکی ناو خۆیاندا
هەقی سەگ و هەقی مشک و
هەقی پشیلە و ئاژەڵی کوردستانیان
ناونووس نەکرد.
تا ئەوانیش باسیان نەکرد!.