ئاگر

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  547 بینین
زستان لە گیانەڵادا بوو
لە دوا پێخەفی ئێوارەی ناو فوراتا ڕاکشابوو.
کە تاریک بوو، لەبەر دەرگای ماڵەوەدا
«میرۆ» ئاگرێکی کردەوە
بیست سیی پۆستاڵ
چوونە سەری و
دووکەڵێکیان بۆ هێشتنەوە!.
میرۆ هەستا و ئاگری بردە ناو حەوشەوە
دوو سێ بۆریی ملهوڕ ملهوڕ
دەمیان بەردایە سەر حەوشە و
ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
میرۆ ئاگری بردە سەربان
لە خوارەوە
سەد خاکەناز قۆڵیان هەڵکرد
خۆڵیان هەڵدایە سەرەوە و
ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
میرۆ ئاگری بردە ژوورێ، کونی ژوورێ
سەد پاچ زیاتر
یەس، یەم، یەس، یەم!
دەوری گەڕەک و ماڵیان گرت
میرۆی ماسیی بە تۆڕ گیراو
بە قژ کێشیان کردە دەرێ
یەس، یەم، یەس، یەم
سەد پاچ زیاتر بۆ سەرەوە
ژووریان ڕووخان
ماڵیان ڕووخان
ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
سێ زستانی تر مردن و میرۆ مابوو
زیندان گڕی عەشقی میرۆی
پێ کپ و خەفە نەکرابوو.
ئەم جارەیان میرۆ ئاگری
بردە خوێنی
شار و شارۆچکە و گوندەوە
ئاگری بردە ژووری دڵی
زۆر خەجکەس و سیامەندکەسەوە.
لە بەردەمی ئەژدەهاکدا
دڵی میرۆیان دەرهێنا!
بەڵام ئاگر ئەم کەڕەتە وا کەوتەوە:
پۆستاڵ سووتا و
ئاو ئەسووتا و
خۆڵ ئەسووتا و
پاچ ئەسووتا
ئەو هەر ڕێگەی لە بەردەمی
چەکوشێکی زۆر گەورەدا، ئەکردەوە!