سۆراخ

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  500 بینین
بە دارستانێکدا ڕەت بووم
سنەوبەرێ هاتە سەر ڕێم
هەواڵی هەوری لێ پرسیم
وتم بەڕێوەیە بۆ لات
سەعات نابێ لای لووتکە دیم.
زۆر نەڕۆیشتم
چڵە گوێزێ یەخەی گرتم
وتی نازانی کزەبا بۆ کوێ چووە؟!
دوو ڕۆژێکە من نەمدیوە.
وتم لای بەفر نووستووە
خۆم لەوێ دیم.
چەند هەنگاوێکی ترم نا
دارزەیتوونێکی ڕەشتاڵە
دەستەکانی بۆ هەڵبڕیم
وتی: تکایە بوەستە!
قومرییەکی گەردن شینی چریکە خۆشت نەدیوە؟!
وتم: ها، ها لەو قەدپاڵە
چۆتە دڵی شوانێکەوە
هێندەش نابێ کە کردوێتی بە هێلانە.
کە لەو ڕەت بووم
شۆڕەبییەک پەرچەمی سەرچاوی لادا و
وتی: ماسییە پانکەیەکی کراس پوولەکە لەبەری
کەمێ جرپنت نەدیوە؟!
وتم: ئا، ئا، ناسیمەوە
ئا لەو باخچەیەی سەرەوە
لە بەلەمی گەڵا هەنجیرێکی پاندا
من خۆم دیمن
دەمی خستبووە ناو دەمی
ماسییە سوورەی ئەو گۆمەوە.
لەو تێپەڕیم
دارگێلاسێ هاتە سەر چەقی ڕێگەم و
وتی: ئەرێ تاقتاقکەرەی عاشق
ئیستە گیرۆدەی کام عەشقە و
لە کام گەڕەکی ئەوین و
لە کام لایە؟!
چرپەیەکم بە گوێدا کرد
دەستێکم کرد بە گیرفانی بەر باخەڵما
تازەترین ناونیشانی ئەوم دایە.
کە دارستانم بەجێهێشت، دوور کەوتمەوە
تەورێکم دی بە ڕاکردن، قاچ قوڕاویی،
هەناسە سوار بەرەو ڕووم هات
کە منی دی وەستا و وتی:
چەند درەختێکی یاخیبووم لێ ون بووە
زۆر گەڕاوم
ئەم باخ، ئەو باخ
ئەم ماڵ، ئەو ماڵ
تۆ نەتدیون؟!
هەر ئەوساتە بڕیارم دا
ببم بە کوێر
ببم بە کەڕ
ببم بە لاڵ!