سەفەری ئەوین و شۆڕش

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  549 بینین
کاتێ ڕۆیشتم، چاوی -کانوون-
هێواش، هێواش
شەقامی هەیینیی ڕۆژێکی خۆی تەڕ ئەکرد.
ڕۆژیش پاڵتۆی سامێکی گەورە و ئەستووری
لەبەر بەیانی خۆی ئەکرد.
شپرزەییم وەک بنسکە سابوونێکی
لووس وەها بوو
لەناو لەپی دەستی عومرا دەرئەپەڕی و
خۆی نەئەگرت.
ترسێکی سارد
وەک ئەو ڕۆژە
لە هەناوما هەڵئەلەرزی.
ترس گەرمی نەبۆوە تا،
لەدواییدا
بە ئەوینت دامنەپۆشی!.
* * *
کە من ڕۆیشتم، ئاسمان پرووشەی خەمێکی
تازەی ئەکرد.
وەکوو گەڕەک
وەکوو ماڵم، وەکوو ژوورم
«با»یش بێدەنگ بوو.
وەکوو دەستم لە گیرفانما
چۆلەکەی دڵت نووستبوو.
خەوی خۆڵەمیشیی تاریک و ڕوون
لە ڕوخساری ئاگردانی ساردەوەبووی
تۆ نیشتبوو،
کە من ڕۆیشتم.
* * *
ئەبێ بڕۆم
ڕێگەی سەفەرم درێژە
درێژ بە قەد خەمی کوردستان و کەزیی ڕەشت و
هەموو پرچی عاشقانی ئەم دنیایە.
درێژ بە قەدەر خەیاڵی نامۆکان و بێکارانی ئەم دنیایە.
ئەبێ بڕۆم و پێت نەڵێم ماڵاوا بێ.
ئەمە سەفەری عەشقێکە تەواو نابێ
ئەمە سەفەری ئەوین و کۆچی باڵندەی شۆڕشە
ئەم سەفەرە:
شەمەندەفەری برینە و
هەزاران ئیستگەی سواربوون و دابەزینی لە ڕێدایە و
جانتای نییە!
دەمێ تەرزە و دەمێ پشکۆ و دەمێ زریان
لەسەر لەشی هەڵئەدەن و جلی نییە!
ئەبێ بڕۆم و پێت نەڵێم ماڵاوا بێ!
زەمانی لێک دابڕینی:
پەنجە و دەست و
چاو و بڕۆ و
دەم و لێوە، زەمانی لێک دابڕینی ئازیزانە!
تۆیش وەکوو شیعرم ئازیز بووی
تۆ شیعرم و شیعریش تۆ بووی
هەردووکتانم بەجێهێشت و پێم نەوتن بۆ کوێ ئەچم!
تۆم لەناو خەوی پەمەییی ئەو ڕۆژەتا
بەجێهێشت و
شیعریش لەناو تاقی برینێکی شارا.
لێم ببوورن
ئەفسووس و ئاخ
لێم ببوورن.
گومان کرمی ئەم سەردەمە کرمێیەیە.
گومان مەکۆی تەونی سەری، قەت نەسرەوتی
ئەم ڕۆژگار و سەدەیەیە
لێم ببوورن.
ئەفسووس و ئاخ
شیعرمان دی وشە و حەرفی خۆی لە کونی زیندان توند کرد.
شیعرمان دی دەمامکی هەڵئەبەست و پێش چەقۆی،
سانسۆر ئەکەوت و ژمارەی خانووی ڕستەی خۆی
بۆ نەیاران دیاری ئەکرد!
لێم ببوورن، ئەفسووس و ئاخ!
ئازیزمان دی خۆی لەناو دڵی ئازیزدا حەشار دابوو
کەچی ئەویان دڵی بردوو خستییە ناو مشتی چەقۆوە
ئەفسووس و ئاخ!.
* * *
وتم: عەشق هەڵگیرسانی بەژنی بەرزی
لە کۆچێکی درێژدایە.
سۆمای چاوی خۆشەویستی
لە وڵاتی تاروماری ڕێگەدایە.
فڕینی گیانی فریشتەیش
لە شەقەی باڵی سۆزدایە.
وتم نابم بە زەریا گەر
شەپۆل نەکەم بە سەرینم.
نابم بە شاخ ئەگەر بنار
قاچم نەبێ
نابم بە باخ گەر باڵندە
ئاشنام نەبێ
نابم بە وڵاتی ئەوین
گەر پایتەختم
ئازارێکی ئاوەدان و گەورە نەبێ
بۆیە ڕۆیشتم!.
* * *
هەرچەند شێوەی دوورە یادت
ناوبەناوێ
پەناهێندەی ساتە وەختی
هەرێمی خەوی زڕاومە.
بەڵام ئیستە نە ڕەنگی تۆ و نە ڕەنگی خاک
لە یەکتر جوێ ناکەمەوە
شێوە تێکەڵ
دەنگتان تێکەڵ
وەکوو ئاوی دوو ئاوانێ.
هەرچەند چاوی دوورە یادت
ناوبەناوێ پەناهێندەی ئاوێنەی خەونی نێو چاومە
بەڵام ئیستە نە چاوی تۆ و
نە گوڵێکی چیای ژوورسەر
نە باڵای تۆ و نە درەختێ
نە بزەی تۆ و نە گزنگێ
لە یەکتر جوێ ناکەمەوە.
بۆنتان تێکەڵ
خوێنتان تێکەڵ
من نازانم تۆ لە خاکدا توایتەوە
یان خاک لە تۆدا توایەوە؟!
من نازانم؟!
دوور کەوتمەوە و نزیکیشم
وەکوو هەوری سەر کێوان و خەونەکانی منداڵیمان
دوورکەوتمەوە و نزیکیشم
وەکوو خوێنی کۆن و تازەی شەهیدانمان
ئیستە لەناو تەنووری زام و سەفەردام
کەشتییەکم لە گێژەنی مێژوودا ئەخولێمەوە
سەوڵم بازووی هەتاوێکە
قەت شل نابێ و
بە دەوری چاوی تۆ و چاوی
ئەم خاکەدا ئەخولێمەوە
بچمە هەر کوێ هەر نیشتەجێی خۆشەویستیی
سەوزی ئێوەم
بچمە هەر کوێ هەر باڵندەی هێلانەکەی
عەشقی ئێوەم.
چارەنووسی ئەم سەفەرەم
چارەنووسی سنەوبەر و شیعرتانە
چارەنووسی ئەم کەشتییەم
چارەنووسی بەندەرتانە.
گەر هاتمەوە خەونی شەهید و منداڵی ئەهێنمەوە
گەر هاتمەوە خاک دێتەوە، یار دێتەوە،
گوڵ دێتەوە.
ئەوسایش ئەم سەفەرە ئەبێ
بە بەیتی عیشقی ئازادیی کوردستان و
بست بە بستی
ئەم جیهانە گشت ئەگەڕێ.