تەقینەوە

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 11 خولەک  966 بینین
ئەوە، چرکە چرکی سەعاتی خوێنی چاڵمەی
کامە گوندی سەربڕراوە، ئەگاتە گوێم؟!
ئەوە، زریکەی کام دارستانی بێوەژنە و
قیژەی کام کچە شەپۆلی ڕاونراوە
لەو دیو چەپەری تەمەوە
ئەگەنە گوێم؟!
ئەوە هەنسکی کام کانی و پەلکەگیایە؟!
ئەوە گمەگمی کۆتری دڵی دایکە
یان شەقەشەقی پەنجەرەی کام ئازاری
ڕوو لە بایە
یاخو نووزەی گوڵە گەنمێکی خاکە
ئەگاتە گوێم؟!
بەم کازیوەی بەیانییە
هیچ پەڵە هەورێ مردووە؟! هەتا منیش زەرد هەڵگەڕێم
هیچ باخێ جوانەمەرگ بووە؟! هەتا منیش هەڵبوەرێم
هیچ شیعرێ گڕی گرتووە؟! هەتا منیش هەڵبقرچێم
بەم کازیوەی بەیانییە
کە خێر و شەڕ
وەک دوو ئەسپی ڕەش و سپی
هێشتا لە مێخی تاریکی نەکراونەوە،
بەرنەدراون
کێیە ئەگری؟!
بە شمشاڵی کام برینە
ئەم درەختە قژنانە وەکوو دەروێش
ئازاری گیان ڕائەژەنن؟!
لە کەناری فرمێسکاوی کام ئاسۆوە
خەم هەڵئەفڕێ؟!
لە شەقامی چۆڵوهۆڵی کام شارەوە؟!
لە پەنجەرەی ڕەنگ پەمەیی کام ماڵەوە
شەهید ئەبێ بە ڕەشەبا و
دەنگ هەڵئەبڕێ؟!
بەم کازیوەی بەیانییە
نینۆک و چنگی کام بازە
وەکوو ئەڵماس شووشەی بەژنم ئەبڕێتەوە؟
تووتڕکی کام دەنگوباسە
ڕوومەتی خەوی نارنجیم ئەڕووشێنێ؟
بەم کازیوەی بەیانییە
کام هەواڵی دارەوانە
چۆتە سەر لقی گێلاسی لەشی سوورم و
دەنک دەنک، ئەموەرێنێ؟
* * *
ئاسمان وتی:
ئەوە زەوییە وا ئەزێ.
زەمین وتی:
ئەوە شاخە ئەڵێی مایینی ئاوسە و
ژان بە جوانووی شۆڕشەوە ئەگرێ.
شۆڕش وتی:
ئەوە خاکە ئەحیلێنێ.
ئەوە ئاوە ئەقیژێنێ.
ئەوە شەقامە وەک دەستم ئەبزوێت و
وەکوو سەرم ئەگرمێنێ.
ئەوە خەمە نەوتاوییەکەی ناو کەرکووکشوێنە
بۆتە شاپڵیتەی پێشمەرگە و
- شارە ڕقی - تیپەکانم ئەورووژێنێ.
شاخە و ئەزێ و بێشەی ئەبێ.
خوێنە و ئەزێ و مێژووی ئەبێ.
هەموو ساڵێ لەم وەرزەدا
لەم کازیوەی بەیانەدا
بوومەلەرزەی بابەگوڕگوڕ
کوڕی وەکوو «مامە ڕیشەکەس» و «داراکەس»ی ئەبێ
هەموو ساڵێ لەم وەرزەدا
لەم کازیوەی بەیانەدا
-ڕەحیماوا و ئیمام قاسم
دوو زاوای کەوا و سەڵتە لەبەری ڕەشتاڵەن و
جریدبازی و ئەڵڵاوەیسی و قەتاریانە و
بە دەم قریوەی خوێنەوە
بووکیان ئەوێ!
* * *
هاتم بۆ لات جۆگەیەک بووم، شوێنت کەوتم
لام دا و خۆم دا بە دەم ڕووبارتەوە
ڕووبار کردمیە قەڵبەزە و
قەڵبەزە کردمیە تاڤگە و
لە چاوتەوە ڕژامە ناو هەناوتەوە
لەو ساکەوە بەژنی شیعرم
بە قەد تاڤگەکەی «بێ خاڵ» کەڵەگەتە.
لەو ساکەوە کە بڕبڕەی پشتی شیعرم
بووە بە شاخ
قەڵەمم بۆتە پێشمەرگە
من و چیای ئاسنگەران
ئاسنین و دەسمان چەک و
چەکمان دەسە.
* * *
هاتم بۆ لات وەک پاساری، وەکوو نالی
عاشقێکی ڕووتەڵە بووم
تەنیا بووم و تەنیا نەبووم
ئەوەی پێم بوو، ئەوەی هێنام
هەندێ گۆرانیی سەر شانۆی دەم بەستراو و
هەندێ گوڵدانی ناو هۆڵی بێ هەتاو و
هەندێ شیعری بۆینباخی ڕەش لە مل و
شەقامی عەینەک لە چاو بوو.
لەو ڕۆژەوە گەیشتمە لات
شیعرم وەکوو شاخی باڵات
وەک چاوی چەکی سەر لووتکە
بەرز ئەڕوانێ
گۆرانیم شاهۆی کۆسارتە و
پڕ بە گەرووی دەربەند، گەلیت
شەقژنێتی و ئەچریکێنێ
نەک گوڵدانێ
هەرچی دەشتتە
هەرچی هەردتە
هەرچی دۆڵتە، گوڵدانمن
چاوی تیژی هەڵۆکانت
ئیستە چاومن.
لەو ڕۆژەوە گەیشتمە لات
گوڵەمێلاقەیە شیعر و
گزنگی دەمەو بەیانیش
وێنەکێشێکی قژ زەردە و
بە فڵچەی خۆر
سەر سنگی ئەسپم سوور ئەکات.
* * *
عاشقێکی ڕوتەڵە بووم تەنیا بووم و تەنیا نەبووم
ئەرخەوانم، بە ڕێگاوەم
کتێبخانەم، بە ڕێگاوەم
بە ڕێگاوەم وەکوو گوڵجاڕی سەر ترۆپک، تەوێڵم سوور.
لە ئەشکەنجەدا پشکووتووم
لای بوتڵ و پانکە و کێبڵ و
ئوتووی کارەباوە هاتووم!.
پەڵەپەڵەی
لەشی شین و لەشی مۆری ڕەنگ کراوم
جاجمی ماڵە ڕەوەندە
نیگاری گوڵی سێگۆشە و
نیگاری گوڵی چوار گۆشەی
بەڕە کۆنی ماڵە کوردە
من ئیستاکە:
بەم برینە شینانەوە
بەم برینە مۆرانەوە
لە دار شاتووی تەکێنراوی لا ڕێ ئەچم.
بە ڕێگاوەم: دارستانی شیر و شمشێر
دەشتی دەرزی، گردی پشکۆ، گۆمی ئاگر
ئیستگەکانی ڕێوبانم بوون
من چیم هەبوو
چیم پێ نەبوو
بە تەنها هەر
خۆشەویستیت توێشووی پشت و
خۆشەویستیت گورزی دەست و
خۆشەویستیت بۆ تەنگانەی هەڵکڕووزاو،
تاڵە مۆکەی گیرفانم بوو.
کاڵە و پێتاو: چەرمی ڕقی جیڕ و تووڕەی
هەنگاوم بوو.
بەرە ژان، منداڵ ئەهێنێ.
هەوری تاڵ، باران ئەهێنێ.
ڕێی نەهاتیش، هات ئەهێنێ.
بە ڕێگاوەم ڕێگەی نەهات ڕێی گەردەلوول
ڕێی با و بۆران ڕێی دڵدارە.
بە ڕێگاوەم یاڵی ئەسپی خوێن تێوەچووم
ناونیشانمە و بریقەی دێ
ناونیشانمە و ئەشنێتەوە و
بەڕێوەم و گەرمەی غارە.
* * *
هاتم بۆ لات عەشق سەری کۆچکردنی پێ هەڵگرتم
هەروەکوو چۆن عەشقی گەرمیان و کوێستان
سەر بە باڵندە هەڵئەگرن.
لێژاییی خاک، بە شەپۆل و
غار بە ئەسپ و
«با» بە هەور و
نان بە برسی و
گوڵاو بە هەنگ
سەری شەیدابوون هەڵئەگرن.
هاتم بۆ لات عەشق سەری کۆچکردنی پێ هەڵگرتم
دووڕیانی مەرگ و ژین بوو
هاتم و قەڵای مێردانی شەوێکی تووش
کڕێوەی مەرگی سپی بوو
تۆفی وەرزی پێنجەمین بوو
باڕێزەی کێویی ئەوین بوو
بەرد کەوتبووە دانە چۆقە و
کێو پەنجەی پێ و
با دەستەکانی تەزیبوو.
تۆفی وەرزی سەربەستی بوو.
خاک دایک بوو بە کۆڵەوژی سوتماکی دەستەکانی، پرچی سپی ئەڕنیەوە.
شار و شارۆچکە و دێهاتم وەک
ئاوێنەی گەورە و بچووک
لە دڵما وردوخاش ئەکران.
پیرەدار و نەونەمام بوون لە ڕەگەوە
بە ڕیشاڵی ناو خوێنمەوە هەڵئەکێشران.
کۆڵان و شەقام مار بوون و
لە گەردنمەوە ئەئاڵان. قەف قەف قەف قەف
تێم ئەئاڵان. بە پشتێنەکەی پشتی خۆم لە قاچەوە، لە باسکەوە، لە ملەوە
شیعرەکانم هەڵئەواسران. بەغدای مشار،
بەغدای تەوری «أبوگبرەعەرەبی»
ڕۆژێ نەبوو، شەوێ نەبوو، ساتێ نەبوو، دارچناری وشەیەکم
پەراسوویەکی زمانم
نێرگەیەکی کۆنە مێژووم، تازە مێژووم،
کڕکڕ کڕکڕ، نەبڕێتەوە
«بەدرە و جەسان» دوو ئاسکی چاو خەواڵووی مێرگەکانی پێدەشتم بوون.
چییان لێهات؟!
بۆ کام ژەمی میوانێکی شازادە بوو؟!
بۆ قاوەڵتیکام جەنەراڵ، کام پاشا بوو
سەربڕران و کەوڵ کران؟
«کفری»م کۆتری پەڕ لە پێی باوە شاسوار،
بوو بە پارووی نەرمەقووتی واشەی بەغداشوێن.
شەنگار، خانەقین، شێخانم
هەناری مزر و مێخۆش بوون.
لیمۆی ترش و لالەنگی بوون.
مەمکی پڕتەقاڵیی شەم بوون.
یەک لەدوای یەک بۆ شەربەتی بەردەم سوڵتان،
هەتا تڵپەی خوێنیمن و ساوایمن و خاکیان تیا بوو
گوشران، گوشران، گوشران
هاتم بۆ لات. هاتونەهات دووڕیان بوو
هاتم و قەڵای مێردانی شەوێکی تووش
ڕێی نەهاتی کوڕی زریان و بەفرم بوو
تۆیش پەری خانی گیرخواردووی
قوللەی قاف و وڵاتی دێو و درنج بووی
ڕەنگت نەبوو، من هەر زریکەم ئەبیستی
دەڵەدێوی گردی ڕەشم بۆ ئەکوشتی
بە سەر ئاوی شین و زەرد و سوور و مۆردا
یەک لەدوای یەک
ئەڕۆشتم و پردی عەشقم بۆ ئەبەستی.
* * *
هاتم بۆ لات لە یەک وەختا وەرزی ڕاپەڕینی خاک و
جمان و هەڵسانی شیعر و تەقینەوەی کانیاو و
شۆڕشی بەفر و باران بوو
لە یەک کاتدا وەرزی تووڕەبوونی کێڵگە و
هەڵپژانەوەی قەڵەم و گێژەڵووکەی خوێنی جادە و
پەنگخواردنەوەی ئازیزان بوو.
لە یەک دەمدا پێکدادانی زام و چەقۆ و
قوربانی و پەت و سێدارە و بەندیخانە و تیشکی خۆر بوو
دوو دوو وەرزی زۆرانبازی
نێوان مەزدە و ئەهرەمەن بوو!
ڕەش و سپی
تاریک و ڕوون
پێشمەرگە و جاش
شیعری مەرد و شیعری نامەرد، چنگ نانە چنگ، پێکدادان بوو
بۆ شیعری مەرد، وەکوو ئیستە و وەکوو دوێنێ
کێرد لەسەر مل پاسەوان بوو.
سوڵتانی کۆشک دەست بە شمشێری زێڕین بوو
لە کەژاوەی ئاوریشمیندا
لەناو هۆڵی ئاوێنەبەندی نگیندا
شیعری خەساوی لێو کوتراو، دەوریان ئەگرت
جادووگەر بوون، سیحرباز بوون لەبەر دەمیا
ئاردی شیعریان ئەکرد بە کۆتری تەقلەباز
کۆتریان ئەکرد بە کەروێشک و
کەروێشکیان بۆ ئەکرد بە باز.
لە پایتەختی شیعری قوتووی بەعسیاندا
مەگەر دەگمەن تاکوتەرا
کام شاعیر ما، ئەتکی دیوانی خۆی نەکا!
کام شاعیر ما، کچی شیعری مەربەدی خۆی
لە یەکانەی ئەم ڕژێمە مارە نەکا!
کام شاعیر ما، لە تەنەکەی ئەو شیعرانە
قەعدەیەک بۆ منداڵ و نەوەی سوڵتان
دروست نەکا!.
ئەی خەزاڵی وشەی سپی، وشەی ڕووسوور!
دووڕیان بوو، دووڕیانی هەڵگیرسان و کوژانەوە
هاتم بۆ لات.
ئەی خەزاڵکەسی شیعری سەر لق نەچەماوە
ئەی شیعری تۆڕ!
ئەوە منم، ئەوە «لاسکەس»ی دێوانەتە
تەماشام کە
لە ڕەشەبای ئەو ڕۆژەدا
نەک هەر دەستم بە کڵاوی قەڵەممەوە نەگرت
نەک هەر دەنگم قوماتەی ناو ژووری ترسی
چەند شیعرێکی دوودڵ نەکرد
نەک هەر نەبووم بە شاعیرێ
وەک سمۆرەی کلۆرەدار سمێڵ لەرزیو.
بچمە کون و سڵ کەمەوە لە سێبەر و
لە ترپەی پێ و کۆکەی ڕێبوار.
نەک هەر نەبووم
بە ستوونی سەر جادەیەک.
یان بە سنووقی پۆستەیەک.
یان بە کورسیی چایخانەیەک.
نەء! دڕم دا بە زەمانی قەمە و سونگی
هاتم و یەخەی ڕەشەبای شەوگاری تووشم بۆ گرتی
هاتم و گوللەی گڕدار بوو وشەی یاخیم
چراخانی ناو کەشکۆڵی
شیعری سوورم بۆ هەڵکردی.
وەکوو شەپقەی یاسای درۆی ئەم ڕژێمە
وەک بێرییەی ئەم ڕژێمە
وەک بارۆکەی سەرە کەچەڵ و گەڕەکەی
ئۆتۆنۆمیی ئەم ڕژێمە
قەڵەم کڵاوی هەر تووڕ دا.
دەنگم بەردا. دەنگ هاژە بوو. دەنگ گڤە بوو
دەنگدانەوەم بوو بە دەنگی
سەر شەقام و
ناو بازاڕ و
ناو ئەشکەوت و
گەوەی چیا.
* * *
ئیستە وەرزی زەنگ لێدانی شیعری مەردە.
وەختی خرۆشانی پوورە گوللە و
پوورە وشەی شار و هەردە.
ئیستە سەردەمی جۆشدانی کوورەی خوێن و کوانووی لەشە.
وەرزی گۆپاڵە بارانە. وەرزی ڕووبەڕوو بوونەوەی
چاوی ئێمە و چاوی گەشی شەهیدانە.
وەرزی نارنجۆکی شیعر و
تەقینەوەی دینامێتی حەرفی فەرهەنگ و زمانە.
ئەی خەزاڵی کراس و کەوا خوێناوی
قژ هەڵکەنراو!
لەم زەمانە بێعارەدا
لەم زەمانە بێبنەدا
لە سەردەمی ئەم تەتەر و ئەم بەربەر و فیرعەونەدا
لە سەردەمی سەربڕینی
نان و گوڵ و کانی و ساوای
کوردستانی سەر سەلیب و قەنارەدا
لەم وەیشوومەی جیهانەدا
ئەگەر شیعر وەک ڕەشەبای سلێمانیشوێن تیژ هەڵنەکا، شیعر نییە.
شیعر نەبێ بە «دابان» و بە «زینانە»، شیعر نییە.
شیعر نەبێ بە ئار. بی. جی و بە مەفرەزەی حەرف و وشە و
نەچێتە سەر مۆڵگەکانی جاش قەڵەم و
سەر ڕەبایەی شیعری سوڵتان، شیعر نییە.
ئەم وڵاتی خۆڵەمێشە
ئەم نیشتمانی ئازارە
«مامەڕیشەکەس»ی شیعری ئەوێ
نەجۆی چیرۆک و سوڵتانی شانۆنامە و
«کابان»ی گۆرانیی ئەوێ.
شارا و خەرمانی زمانم وا گڕ ئەیخوا
شیعری بەر مانگەشەو چێکا؟!
خانزادی دایک
خانزادی یار
خەجی لادێ
شیرینی شار
لەسەر دابی قادسیەیەی ئەم شەوەدا
بوون بە دۆشەکی ئیسفەنجی ژێر قەعقاع و
پەشتەماڵ و خاولی حەمام
پاڵەوانی چیرۆک چێکا؟!
شانۆ سووتا ئەکتەر چێکا؟! جووڵە کوژرا
دەرهێنەری شانۆ چێکا؟!
دووڕیانە و نابێ بە سێ
کە ئاویان کوشت ماسیی شیعر بۆ کوێ ئەچێ؟!
کە دارستان ئاگری گرت، داری بێلایەن کامەیە
تا نەسووتێ؟!
دووڕیانە و نابێ بە سێ.
وەکوو پێشمەرگە ئیستاکە وەختی شەهید بوونی شیعرە
بۆچی باڵای کامە شیعر
بۆچی نیگای کامە شیعر
لە باڵای ئەو شەهیدانە
سەوزتر و بەرزتر و یان جوانترە؟!
وەکوو خائین ئیستە وەختی کوشتنی شیعری خائینە.
بە ڕێگاوەم، ئیستە هەڕەتی جۆشدانی خاک و خۆڵە
خوێن ڕابەرە
بوومەلەرزەی بەرەژانی قەندیلێکی تازەترە
بە ڕێگاوەم، شیعر لێرە بۆتە چیا و
ئیستاکە ناوی «کۆڕەنگە» و
وشە بە وشەم سەنگەرە
ئەی خەزاڵی وشەی ڕووسوور
گەر شیعر بۆ تۆ نەسووتێ
بۆچی شیعرە؟!