شاییی شەهید

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 7 خولەک  1075 بینین
مەپرسن چۆن؟
کە دڵ ئەبێ بە سوێسکە و «سلێمانیشوێن» بە هێلانەی
ئیتر شیعریش ئاسمانێکە و پۆل پۆل وشەی
سەوز و سووری تێدا ئەفڕێ!
مەپرسن چۆن؟ کە ئەم سەرە گڕگرتووەیش
ئەبێ بە پەڵە هەورێکی نزم و نەویی سەر «ئەزمڕشوێن» و
بە دەم گینگڵی ژانەوە، گرمەگرم
بۆ بەرەوخوار دائەگەڕێ
بە سەر شەقام و ماڵاندا دائەبارێ
ئیتر شیعریش سەرچاوەیەکە و قوڵپەقوڵپ
لەم بناری چاوانەوە هەڵئەقوڵێ!
مەپرسن چۆن؟ گەر خەم نەبێ بە برووسکە
گەر ئەوینی وەنەوشەییی چاوی ئێوە،
نەبێ بە ڕێگا و ترووسکە
چرۆی ئەم زامی شیعرانەم
لەم بەستەڵەکی سنگەدا
چۆن ئەپشکوێ؟!
دەنگ چۆن ئەبێ بە ڕەشەبا و
شەپۆل چۆن لە گیانما ئەنوێ؟!
مەپرسن چۆن؟
نەء، مەپرسن!
ئیستە لای من
هەموو ڕۆژێ
لەنێوان چاوانی «گۆیژەشوێن» و
گەردنی «پیرەمەگروونشوێن»دا
خۆشەویستیم: کۆترەشینکەی پێشمەرگەیە و
نامەی دوا شەهیدی پێیە و
شەقژەنێتی دێت و ئەچێ
مەپرسن چۆن؟!
ئیستە لای من
هەموو شەوێ
خۆشەویستیی «سلێمانی»
مانگی سوورە و
لەناو بەفری شیعرەکانما
ورد ورد هەڵدێ!
مەپرسن چۆن؟ نەء، مەپرسن
شاعیر وەکوو پەڕەسێلکەی کۆچەر وایە
هەرچەند وەرزێ بۆ «شەم»ی یار ئەجریوێنێ و
ئیتر ئەویش ئاوازێکە و چاو لێک ئەنێ!
مەپرسن چۆن؟!
داستانی پێشمەرگە ئەڵێ:
ڕێی سیامەندکەس بۆ لای خەجکەسێ
بە ناو گەرووی زۆر نەهەنگدا تێئەپەڕێ
وەرزی عاشق سواری وەکوو
«فەرخ» و «مەمکەس» و «مامەڕیشەکەس» و «نەجۆکەس»ی ئەوێ!
ڕەنگە باڵی زۆر هۆنراوە
زۆر گۆرانی
لەم زستانەدا هەڵوەرێن.
ڕەنگە قژی زۆر ئەرخەوان
زۆر شۆڕەبی
وەکوو پرچی کچی شارم
بەم کڕێوەیە داڕنرێن.
ڕەنگە زۆر چناری عیشقی هەڵچووی
بەردەم وەک حوجرەکەی «نالیکەس»
هەر بە پێوە هەڵپڕووکێن!
ڕەنگە مەمکی زۆر «حەبیبەکەس»م
بەم دیواری شەوگارەدا دابکوترێن.
ڕەنگە زۆر گەڕەکی دڵم
ماڵی چاوم
ژووری دەروون و هەناوم
کاولاش، کاولاش، تەخت کرێن!
ڕەنگە، ڕەنگە، ڕەنگە
بەڵام نیگای «گڵەزەردە»
چرایەکە وا بە دەستی شەهیدەوە
دووسەد ساڵە
ماڵەوماڵ ئەکا و ئەگەڕێ
دووسەد ساڵە
ئەم چرایە نە پێڵووی گڕی ئەترووکێ و
نە کز ئەبێ و
نە ئەشمرێ!
* * *
حەڤدەی «کانوون»
لە گیانەڵاوی پاییزدا، پێش دوا کۆچی باڵندەی پار
بەیانییەکی خۆرەتاو، بەیانییەک ڕوومەتی گەش، وەکوو منداڵ،
پێئەکەنی و سوورمەی شەوقی ئەدا لە شاری بن بنار.
بەیانییەکی خۆرەتاو، کزەبای سارد، وەکوو تەرزە
هەناسەی گردی سەیوان بوو
وەکوو هەموو بەیانییەک
ئەمڕۆیش شارم، شاژنێکی شڵەژاوی نیگەران بوو
تاوانی جل بەڵەک، بەڵەک
لەسەر پیادەڕەوی شەقام
لە پێشوازی ئەو ڕۆژەدا
دەستیان ئەکردە مل سونگی و
تاقیان لێ ئەدا بۆ مەرگ
تاوانی جل بەڵەک، بەڵەک
دەست لەسەر چەک
لەشی شیعریان ئەپشکنی و
گوڵیان ئەخستە ژێرپێیان.
بەیانییەکی خۆرەتاو
بە سەر شمشێری شەقامدا
یەک یەک، دوو دوو، قوتابییان
وەکوو قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ
هەنگاوی خێرای وشە بوون
هەنگ بوون ئەفڕین
بەرەو شانەی پۆلی مەکتەب!
* * *
مانگی پژان و هەڵوەرین،
حەڤدەی کانوون، بەیانییەکی خۆرەتاو
لە ژێرزەمینی شێداری بن شارەوە
لە زیندانی خونخوارەوە
سێ جوانوویان هێنایە دەر
سێ جوانووی تۆڕ
لە مێخ یاخی
چاو ئاگرین
پشت داخکراو
یاڵ خوێناوی
لەناو تەندووری تانکێکدا
سەر بەرەوژوور
ئەیانبردن بۆ سەربڕین.
* * *
مانگی پژان و هەڵوەرین، حەڤدەی کانوون،
لە ڕۆژێکی خۆرەتاودا
لە بەردەمی مەکتەبێکی حەپەساودا
لەپاڵ دیوارێکی نزما، ڕایانگرتن
ئەرخەوان بوون
ڕوویان کردە «پیرەمەگروون»
سێ ئاسک بوون
سێ ئاسکی «سلێمانی»
سێ جوانووی وەرزی قوربانی.
سێ گۆرانی.
سێ دارنەمام.
«سەردار» لقی دارچوالە بوو
یەکەم بەهار بوو گوڵ بگرێ
«هیوا»، ئەتوت کانییەکە و پێئەکەنێ
«ئارام»، بێچووە هەڵۆی چاو تیژ
ئەیویست بەر لەوەی پەڕ دەرکا
بەرەو حەسارۆست هەڵفڕێ!
لەپاڵ دیوارێکی نزما ڕایانگرتن
شریخەیەک و دوان و سیان و چوار و دە
تفەنگ، خۆرەتاو ئەکوژێ!
تفەنگ، خوێنی گوڵەگەنم
بە سەر شەقامدا ئەڕێژێ!
تفەنگ، چاوی ڕۆشنبیریی هەڵئەکۆڵێ
تفەنگ، تفەنگ
سێ پەڵە خوێن، سێ کێڵگەی سوور
لەژێر سێ داری ئەلکتریکی بەر مەکتەبا
بۆ گڵۆپ و بۆ ڕێبواران بەجێدێڵێ!.
* * *
حەڤدەی کانوون، بەیانییەکی خۆرەتاو،
لە گیانەڵاوی پاییزدا
بەر لەوەی ساڵ پاڵتۆی زستانە لەبەر کا و
گۆچانەکەی هەڵگرێت و دەستی لەرزۆک هەڵبڕێت و
بە ئێجگاری ماڵاوایی لەم دنیایە هەمووی بکا.
بە سیانزە ڕۆژ، پێش ئەوەی ژیان هەمدیسان
ساڵێکی تر مارە بکا!
لەو ڕۆژەدا، شاخەکانمان لە لووتکەوە
بەرەو مێژوو
بازیان هەڵدا
تا بزانن کێن ئەوانەی لەو ساڵەدا
لە وڵاتی شەهیداندا
ئەبن بە خۆر
ئەبن بە مانگ
ئەبن بە شا.
* * *
حەڤدەی کانوون، بەیانییەکی خۆرەتاو
لەگەڵ دەنگی باڵەبانی چیای سووردا
لەگەڵ هۆرەی خاکوخۆڵی شارەزوورشوێندا
دەم بە گوڵ و لێو بە خەندە
«سلێمانی»ی سێ زاوای خۆی کردە پەردە!.
حەڤدەی کانوون، بەیانییەکی خۆرەتاو، لەناکاودا
لە بەردەمی مەکتەبێکی حەپەساودا
لە بەردەمی مەکتەبێکی قژ ژاکاودا
شاییی سێ زاوای ئێمە بوو
ڕەشبەڵەکی شەهیدان بوو
ئاهەنگی عیشق و سووتان بوو
لەناو یارانی قوربانیی ئەم شارەدا
لەو ڕۆژەدا کێت نەئەدی!
لەو ڕۆژەدا کوردستانم چاوی گێڕا
لە ئاپوورەی زەماوەندا
ئەوەی لە دووسەد ساڵەوە خوێنی دایە و
خۆی پێ بەخشی
لەوێ ئەیدی!
* * *
حەڤدەی کانوون، بەیانییەکی خۆرەتاو،
زەماوەندێکی گەورە بوو
شاییی سێ کوڕی ئێمە بوو
زاوا سیان بوون
بووک سیان نەبوون، سێ گوڵاڵەی شەرمن نەبوون
سێ ڕێواسی قاچ خەناویی کەلیخانی کوێستان نەبوون
ئەوان سێ زاوای جل سوور بوون
بووک سیان نەبوون، سێ کیژۆڵەی
سێ ناسکۆڵەی وەکوو هەرمێ کراس سپی
سێ وەنەوشەی سوخمە شین و
سێ ماکەوی خاڵدار نەبوون.
زاوا سیان بوون، بووک سیان نەبوون
بووک هەر هەموو کچەکانی سلێمانی و کوردستان بوون!
بووک هەر هەموو کەنیشکەکانی گەرمێن و
کیژی زۆزان و کوێستان بوون.
ئەوان سێ زاوای ئەسپ سوار
سێ زریان بوون
بەڵام یار و دەزگیرانی گوڵ بە دەستیان
هەزاران خەج و شیرین و پەری خان بوون!.
ئەوان سێ شاخی زاوا بوون
بووک سیان نەبوون
ڕووبار بووک بوو
بەفر بووک بوو
باخچە بووک بوو
شیعر بووک بوو
لەو ڕۆژەدا ئەوان زاوا و
کوردستانم تازەبووک بوو!.
* * *
مەپرسن چۆن؟ کە شیعر ئەبێ بە دڵدار و
«سلێمانی» بە جێژوان!
ئیتر منیش چاوەڕوانیم درەختێکە و
لەسەر شەقام و کۆڵان و بەرماڵانی ئەو شارەدا
ئاگر ئەگرێ!
مەپرسن چۆن؟! نەء، مەپرسن
ئیستا لەناو «سەرچنار»ی ئەم دڵەدا
زەماوەندی شەهید گەرمە
ڕەشبەڵەکە، سێپێیییە، شێخانییە
ئەم ئاهەنگە
نە حەوت شەوە، نە حەوت ڕۆژە
تا مایینی ئازادیی بووک نەگاتە جێ
مانگ بۆ زاوام دانەبەزێ
ئەم شایییە دوایی نییە!
زەماوەندی شەهید گەرمە
هەموو ڕۆژێ
هەموو شەوێ
شیعرێکم برازاوایە و
تارا خوێنە و
دەسەسڕی سەرچۆپیکێش
کڵپەی سەرمە!.