قیبلەنما

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  1535 بینین
کوردستانم برینێکە، برین: لقی داربەڕووە.
واز لەو برینەم بهێنن، لێیگەڕێن با
پەلوپۆی سووری بهاوێ و
سێبەر بۆ ئازادیم بکا!.
من هەر چاوی دارستانی گڕ تێبەربووی
خۆم شک ئەبەم
ئێشکم بگرێ.
من هەر خوێنی لەبەر ڕۆیشتوی ئەم شاخانەی
خۆم شک ئەبەم
هەڵگیرسێت و پێشم کەوێ!.
واز لەم برینەم بهێنن
زەریام شەوە و، قیبلەنمای ملم مۆمە
بایەوانی ئەم کەشتییەیش هەر چارۆکەی سەری خۆمە
هەر خۆم، هەر خۆم، هەر خۆم
من خوا نیم و ئەوەتەی هەم هەر تەنیام و
کوردستانیش باوەشی عەشقی دایکێکە
وەکوو مێژووم سکسووتاوە و چاوەڕێمە!.
* * *
واز لەم برینەم بهێنن
چەشەی چەقۆ، چەشەی پشکۆ، چەشەی خوێیە
ئەم برینە!.
پەنجەرەیە، ئەستێرەیە، ئەسپی سووری غار کردنمە
ئەم برینە.
هەر ئەو بە تەنیا شک ئەبەم
لەجێی ئاڵا ئەوەم هەیە
من هەڵیکەم!.
هەر ئەو برینە شک ئەبەم
بۆیە جارێک چەتری ڕەهێڵەی سەر سەرمە و
هەڵیئەدەم.
جارێکی تر دەمی ئەستێرکی چاوانمە و
بەری ئەدەم!.
هەر ئەو برینە شک ئەبەم.
هەر ئەو خوێنە:
فڕۆکەمە
دەبابەمە
بازۆکامە
کاتیۆشامە...
لە ئاتشگەی مەرگی سووری خۆمدا تەنها
من هەر سوجدە بۆ ئەو ئەبەم!.
* * *
کێ دەنگی کرد؟! کێ هاتە سەر تەرمی کانیم؟!
لەناو مێژووی هەڵقرچاوما
کێ بوو قومێ ئاوی کرد بە دەمی
سنەوبەری سەربڕراوما؟!
کە ڕووباری لەشیان کوشتم
کام ئۆقیانووس خۆی گرژ کرد؟
پردی کام جێ دەسی گرتم؟
کە هەرمێی مەمکیان هەڵکەندم
کە شەمامەی دڵیان گوشیم
ڕەشەبای کام لا هەڵیکرد؟
کێ ورتەی کرد؟
کێ؟ کێ؟ کێ؟
کە پرچی ڕەزیان هەڵکێشام
کە چاوی گوڵیان دەرهێنام
وەکوو ئاغزەجگەرە
توێکڵەشووتی
پێیان پیا نام!
کورسی کام پایتەخت و یاسا
لەقەی بۆ کرد؟
کێ دەنگی کرد؟
مووی سمێڵی کام ڕژێم بوو
جووڵەی بۆ کرد؟
تووکە سەری کام گەورەپیاو
تووکە بەری کام گەورەژن
بۆ من بزووت؟!
هەردوو لایان
هەرسێ لایان
هەرچوار لایان
یەک لەدوای یەک،
هەرچی هەستا بە خوێنی من دەسنوێژی گرت
بە خوێنی من ڕۆژووی شکان
خوێنی منی دا بە نەوت!
یەک لەدوای یەک
هەرچی هەستا کاسەسەرمی کرد بە تەپڵەک
هەرچی هەستا چەرمی سکمی
کرد بە جانتای دیبلۆماسی و
ئینجا سرەوت!
هەرچی هەستا ئێسکی منی کرد بە پەیژە و
بە پێپلیکە و
خۆی پیا سەرکەوت!.
لە بازاڕی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا
کۆیلەی پێست سپی بووم و
من بۆ کێ نەبووم بە دەسکەوت؟
کێ گۆشتی کوت کوت کراوی
ئەم لەشەی منی بەر نەکەوت؟!
* * *
کوردستانم برینێکە، برین مانگە
واز لەو برینەم بهێنن
با لە کەلی ئەوینەوە
گەش گەش هەڵبێ.
با گەورە بێ، با تریفەی پەل بهاوێ.
بەرەو باکووری ئازارم
بەرەو باشووری شەوگارم.
دەبا هەڵچێ، برین هەڵچێ
وەکوو سوورەچنار هەڵچێ
وەکوو لاولاو با لە قەفی زنجیرمەوە
خۆی بپێچێ
هەر ئەو برینە شک ئەبەم پەنجەرەم بێ
کڵاوڕۆژنەی ئەم سەرەم بێ.
نەوتی چرای لەشیان دزیم،
من چیم هەیە لە دووکەڵی شیعر زیاتر!.
قژی کەژ و هەردیان بڕیم،
من چیم هەیە لە ئاگر و کڵپە زیاتر!.
ئاوی سەرچاوەیان کوشتم
دار و درەختیان کوێر کردم
لە کوختەکەی دڵی خۆیشما کرێچی بووم
دەریانکردم!.
پشیلە بووم، بۆ بەرەو خوار
خستمیانە گوێنیەوە و سەریان بەستم.
مەیموون بووم و ورچ بووم و پەتا بووم و
لەوێش دەوریان بە دڕکەزی و تەلبەند گرتم.
من چیم هەیە لە پەتی سێدارە زیاتر
لە ئۆردووگای دیل بەولاوە
لە ژمارەی شەهید زیاتر؟!
من چیم هەیە؟
من هەر ئەو خوێنە شک ئەبەم
کە سووراوی لێوی بەرد و
گۆنەی پەلکەگیای پێ بکەم!
من هەر ئەوینێ شک ئەبەم
ڕقی پیرۆز ئەخاتە بەر
پەلەپیتکەی تفەنگەکەم!.
من ئەو برینە شک ئەبەم.
برین مانگە و برین ئاگر
من چیم هەیە لە خوێن زیاتر؟!