بەیان

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 15 خولەک  1551 بینین
گوندێک هەیە
ڕووتەڵەیە.
کۆتری سپیی دەموچاوی
باڵکراوی ژێر پەچەیە.
لە دوورەوە
ئەڵێی خاڵێکی بچووکە بە لاملی
مەریوانی باشوورەوە.
زۆر دەمێکە لەم گوندەدا
هەر برسێتیی جێنیشتەیە
ئاو تینوێتی و
«با» هەناسەی کسپەکەرە و
ڕێبوارێکی بە پەلەیە
بۆ باڵندە هەژارەکان:
خەم بە تەنها تیا شین ئەبێ
ئەگەر گوڵێکی تیا بڕوێ
ئەویش لێوی بێ خەندەیە.
وەکوو خانووە تەنەکەکان
وەکوو دووکانی سەر کۆڵان
وەکوو کۆڵکێشی ناو سنەشوێن
لەناو ئاپوورەی ئێرانشوێندا
لە ژاوەژاوی ژیاندا
ئەم گوندە پشت چەماوەیەش
ناونیشان و جێگەی ونە.
* * *
لەم گوندەدا پێش چەند ساڵێ
کیژێ هەبوو
وەک هەرمێ کێویلە وا بوو
وەک کارژۆڵەی قاچ قوڕاوی
هەڵئەبەزی و دائەبەزی.
قژی ئەتوت ڕێحانەیە
لەش سپیوسۆڵ وەک مراوی
چاوی وەکوو ترێ ڕەشکە
بۆنخۆش وەکوو پونگەی گوێ ئاو
سرک، سرک
وەکوو ئاسک.
بەڵام لەناو خەڵووزانی هزرا
وەک قوتیلکەی ڕەش داگەڕاو
ئازاری بوو پرتەپرتکەر
شەو تا بەیانی ئەسووتا.
مۆڕەی خەنجەر
تیلەی چاوی بە غەزەبی
باوک، برا، خزم، ئاشنا
هەموو ڕۆژێ ئەم گوڵەیان ئەژاکان و
وەکوو کەروێشکی ترساوی دەرکی لانە
ناوە ناوە سەر دەرهێنەر
ئەیانکردەوە بە کوندا.
* * *
ئەم کیژەمان وەکوو چاوی
بیری زیت بوو.
گشت شەوگارێ
لەژێر لێفەی کونکونەوە
بە قەد ژمارەی ئەستێرەی
شەوی هاوینانی ناو دێ
هەنگی پرسیار لەناو سەریا
ئەورووژان و
تا بەربەیان
نەیانئەهێشت چاو لێک بنێ!
ئەم بۆ ئەژی؟ ئەو بۆ ئەمرێ؟
ڕەنج بۆ ئەخورێ؟
ئەم بۆ دیلە؟ چۆن ڕاپەڕێ؟
بۆچی ژن و مانگا زەردە
بۆچی ئەم و مامرە کونج
لە ماڵەوە، لای پیاوی دێ
ڕێزیان وەک یەک لێ ئەگیرێ؟
* * *
ئیستە ئێران
وەکوو جبەی ئاخووندەکان، ڕەش ئەنوێنێ
تارانشوێن پایتەختی سێدارە و
مزگەوتێکی گەورەی مەرگە.
قیڕەی مەلای قەلەڕەشکە
لەسەر منارەی هەزار ساڵ پێش ئێستاوە
بانگ بۆ تاریکیی ئەدات و
لە میحرابی بەر قاچیشدا خوێنی ئازادیی ڕژاوە.
پەنجەرەی بەر هەتاوی بیر
کڵاوڕۆژنەی هەموو تیشکێ
بە ڕیشی تۆپزیی ئاخوون، ئاخنراوە.
ئیستە ئێرانی ئاخووندە
پاپۆڕێکە و پڕ لە تاوان
خوێن بارکردوو
ڕووی کردۆتە قیبلەی جادوو
بایەوانی ئەم پاپۆڕە کەتە و زلە
چارۆکەی عەبا و مێزەرە.
ئیستە ئێران بە قەد هەموو
دەنکە تەزبیحێکی دەست و نزای مەلا
بە قەد ژمارەی دەم ویردی ناوی «اللەعەرەبی»
لە ڕۆژێکدا
لەسەر تاتەشۆری جەنگ و
لە تابووتی شار و گوندا
کە چاوی پرسە ئەگێڕێ
هێندە خوشکی
هێندە دایکی
هێندە ڕۆڵەی سەربڕراوی
خۆی ئەژمێرێ!
* * *
ئەوەتا وا ئیستە هەردوو
کەڵەگای شەڕ
کەڵەگای سەر کوردستانم
کەڵەگای سەر دەغڵ و دانی هەژارانم.
لەناو پەرژینی کۆتانی
بە چەقۆ دەور گیراودا
لە بازنەی داخراوی بێ ڕێگادا
شاخ خوێناوی
پشت خوێناوی
ڕم لە قەپرغە هەڵچقەقاو
یەکتر دێنن یەکتر دەبەن
لمۆز شکاو.
ئەوەتا وا جەرگی پارەپارەی گەلم
ئەڵێی بێژنگی بەر خۆرە
چۆڕەی خوێنم
چۆڕاوگەیە و
دنیا شۆڕە!.
* * *
ملی ئازادی و ملی شاخ وەکوو یەکن
قەت کەچ نابن
هاوڕێکەم!
ئەم ئێرانە کەڵەگەتە قاچ شکاوە
هاتە لام و لای منەوە بۆ یەکەم جار
پەیژەم بۆ کرد
تا سەرکەوێتە سەربانی
ئەو زامانەی
بە سەر حەوشەی
هەردوو لاماندا ئەیڕوانی.
یەکەم جار من پاچم دایە
یەکەم چەک من کردمە شانی
یەکەم جاریش من ماچم کرد
من برا بووم برای ڕاستی
هەر بەم پشتە زامدارەی خۆم
یەکەم شەهیدیم گرتە کۆڵ.
ئەی کوردستانی موقەددەس!
ئەی لە یەک کاتا دایەنی
ئازاری خۆت
ئازاری خەڵک.
ئەی ئاواتی پەرەوازەم!
لە یەک وەختا
تۆ پەنایت و پەناهێندە.
تۆ زامیشی و دەرمانیشی.
تۆ شەوگاری و ڕۆژگاریشی
تۆ قوربانی و ژیانیشی.
* * *
کچە هەناری لادێیی
باڵای کرد و وا پێگەیی.
ماکەوەکەی خاڵ لە ملم
کەوتە چینە
لەسەر گڵەسووری دڵم!
ئیستە کەنیشکی ئەو دێیە
دێت و ئەڕوا و قسەی پێیە
قسەکانی لە لای هەندێ
وەک شەمامە هەڵئەگیرێ و
ناوبەناوێ بۆنیان ئەکرێ!.
لە لای زۆربەش ئەو قسانە
وەکوو دڕک لەبنی پێ هەڵئەچەقین
بۆ پەزی نەریت و دابی، کۆنە ساڵە
بە زیان بوون
بۆ ئەوەی ژن وەکوو مایین
وەک نێرگەلە
وەکوو دەڵەک
سەیر نەکرێ
نەژی و نەمرێ
ئەو قسانە لەناو دێدا و لە لای مەلا
وەک تلیاک و گۆشتی بەراز
قاچاخ کرا!
* * *
ئێران زەریایەک بوو ئەکوڵا.
بەرامبەر شەوی ئاخووندە
بێشەڵانی مەشخەڵ بە سەر ڕاوەستابوون
ئاگر مەوجی ئەدایەوە،
تووڕەبوونی دارستانی ڕووتە و هەژار
لە ئیمامی تەوری ڕیشدار
هەتا ئەهات هەڵیئەکرد
هەتا ئەهات زیادی ئەکرد!
بەرەبەرە ئاگرەسوورە
ئەتەنیەوە.
بە سەر پردی کوردستاندا
هەر شیرینکەس بوو، هەر فەرهادکەس بوو
ئەپەڕیەوە.
ئەم جارەیان کچ هەر گوڵی
یێخە نەبوو
هەر خەزاڵکەسی لەش ولار و
سێوی بەردەستی لاسکەس نەبوو.
گوڵدانێکی ناوماڵ نەبوو.
ئەم جارەیان شیرین هەبوو،
قوڵنگ بە دەس
ئەم جارەیان خەزاڵ هەبوو
لە سەنگەرا
ئەچۆوە بەگژ ئاگرا.
* * *
بەیان، بەیان، بەیان
لەناو ئەشکەوتی شێداری
خۆر نەدیوی دڵی خەڵکا،
ئەو پرشنگ بوو هەردوو چاوی.
لەناو گوندا
دەنگی ئەدایەوە ناوی:
بەیان، بەیان، بەیان
لەو ڕۆژەوە کە شانەهەنگی پێشمەرگە
دەوروبەری ئەو گوندەیان کرد بە شیلە
ئیتر هەر هەنگ بوو نێر و مێ
بە سەریەوە ئەنیشتنەوە!
لەو کاتەوە ئیتر «بەیان»
وەک پەڕەسێلکەی دڵداری
زەوی و باران.
وەک کەنیسمەی باڵ ڕەنگاوڕەنگ
تینوو بۆ خوێندنێ سەربەست.
وەک سوێسکەی عاشقی بەرد،
وەک قەقنەسی عاشقی گڕ
لەسەر درەختی ناو «دێ»وە
ڕۆی، هەڵفڕی
هێلانەکەی خۆی گواستەوە
بۆ سەنگەری
ئەو مەچەک و تفەنگانەی
لەناویاندا هەر بە تەنها
ترس ئەگری!
لە پەنجەرەی هەتاوەوە
چووە دڵی هەژاری ڕەنج
سووتاوەوە.
لەناو کەوانەی داسەوە
خۆی هەڵدایە باوەش زەوی.
بوو بە پێڵووی چاوی گەنم.
بوو بە پەنجەی دار و درەخت.
بوو بە دێراو، بوو بە جۆگە.
ئینجا چووە لای تفەنگێ
کە لەسەر ئاسۆی دوا ڕۆژم
ڕزگاریی ئاو، ڕزگاریی خاک
لوولەی ئەو بە گڕ ئەینووسێ!
* * *
منداڵی دێ وەکوو نوقڵی ترش و شیرین
«بەیان»یان لا خۆشەویست بوو
هەموو جارێ کچانی دێ
وەکوو چرا
لە دەوری کۆ ئەبوونەوە
ڕازی نەهێنی ناو دڵیان
لا هەڵئەڕشت
لە دواییدا یەکە یەکە
بۆ هەندێ بەرز، هەندێ چرپە
ڕێی ڕۆشنی دیاری ئەکرد.
لای دڵانی سادە و ساکار
وەک سەرچاوە وەک سەوزەگیا
بەیان چەندە خۆشەویست بوو
لای سک تێر و ملهووڕی «دێ»یش
جێی توانج و
جێی پلار و
جێگەی تانە و
سەرزەنشت بوو.
* * *
لە ئیستەوە ئیتر بەیان ئەو کچەیە
تاریکیی ماڵ،
شەوی درێژی کۆیلەیی،
وەکوو پرچی زیاد و تەمەڵ
هەمووی ئەبڕێ!
شێری مێیە و لەناو لانەی
ئازادەوە دێتە دەرێ.
وەکوو چیام سەر هەڵئەبڕێ.
لێشاوێکە و ئەو دیواری
نامۆیییە ڕائەماڵێ
کە دەمێکە، زۆر دەمێکە
لەم کوردستانە دیلەدا
بەر لە تیشکی نیوەی خۆرم
نیوەی حەقیقەتم ئەگرێ.
لە ئیستەوە ئیتر بەیان
ئەو بیرە شاربەدەر ئەکا
کە ژن ئەبێ
هەر لەسەر جێ و هەر لە ماڵدا
بژی و بمرێ.
نە و وا بەیان
وەک باوبۆران
شاخ ئەسپێتی و سواری ئەبێ.
بە سەر «زین»ی بەفرینەوە
ئاوزەنگی ئەدا لە سکی بن بنار و
گزنگ ئەکا بە چەپک و
بۆمان دێنێ!.
لە ئیستەوە ئیتر بەیان ئەو کچەیە
چەک بە دەست و شەرواڵێکی لە پێدایە و
پێشمەرگەیە.
* * *
ئەی ژنانی وڵاتە قژ سووتاوەکەم!
بەیان زەنگە
گوێی لێ بگرن!
بەیان دەستڕێژی ئازادی
ناو ئێوەیە
سەر هەڵبڕن.
بەیان دەمی ئەو پاچەیە
شەوەزەنگتان ئەڕووخێنێ
دەنگ هەڵبڕن.
بەیان ئەو دار و خشتەیە
دنیای تازە پێک ئەهێنێ
چاو هەڵبڕن.
بەیان لوولەی ئەو چەکەیە
مەرگ ئەمرێنێ
کوان؟! ڕاپەڕن!
* * *
بەر لە ئێوە ئەی بەیان و ئەی کچانی
ئەو دیو ژوورم
ئەی دڵخوازانی ڕووناکی!
ئەی ئەوانەی بۆ یەکەم جار
بەر لە کۆرپە و ساوای خۆتان
لەناو گێژەنگی ئاگردا
شیری مەمتان
کردە ناو دەمی ئازادی.
بەر لە ئێوە
ئەی کچانی سەنگەری سوور!
هەر ملوانکەم ئەکردە مل کچی شیعرم
هەر مێخەکبەنگ و کرمەکم
ئەهێنا بۆ کچی شیعرم
هەر سووراوم ئەدا لە گۆنە و ڕوومەتی
کچی شیعرم
بەڵام وەختێ ئێوە هاتن
وەک برووسکە،
داتان لە هەواری شیعرم.
لەو ڕۆژەوە ئیتر منیش:
چەکم خستۆتە سەر شانی کچی شیعرم
فیشەکلغم هێناوە بۆ کچی شیعرم
بەرگی خاکیم کردۆتە بەر کچی شیعرم
کاسکێتێکم کردۆتە سەر کچی شیعرم.
* * *
ئیستە بەیان هەر هاوڕێی گوندێ نییە
بە تەنها هەر مەریوانم
شارۆچکە خنجیلانەکەی
سەر شەقامی دڵی نییە.
ئیستە ئێران و کوردستان
شاخ و پێدەشت
ڕووبار و باخ
کارگە و کێڵگە
لە دەواری ئەو دڵەدا
هەموو جێگەیان بۆتەوە و
هێشتا جێگەش زیادی هەیە!
ئیستەش بەیان بۆ چاوی کزی هەژاران، چاویلکەیە.
ئەگەر ئەوان مەرەزە بن، ئەم جۆگەیە.
گەر ئەوان پەڕە کاغەز بن، ئەم وشەیە.
ئەگەر ئەوان چاپخانە بن، ئەم پەنجەیە.
گەر ئەوان چەک و تفەنگ بن، ئەم گوللەیە.
ئیستە بەیان هەموو شەوێ
لە نۆرەدا ئەستێرەیە و ئێشک ئەگرێ
ئامادە باش!.
بۆتە ئاشنای، بۆتە خزمی زۆر نزیکی
ئەو کتێبانەی کە هەر وەک لایتەکەی
دەستی، شەوان
ڕێگای بەر پێی ئەدۆزنەوە
هەتا فیکری هەڵنەنووتێ
لەو قۆرتانەی
بیبەن بەرەو قاچ خلیسکان!
* * *
بەر لە چەند ساڵ لەناو گوندا کەمێ نەبێ
قۆخی دڵیان ئەگۆڕێوە لەگەڵ بەیان
ئیتر هەموو قسەی ئەویان
بە زەردەواڵە و بە کوللە و
بە چزووی دووپشک ئەزانی
بۆیە وتیان
ئەم کچەمان
ئاوەکییە بەم گوندەمان.
بۆیە مزگەوت بانگی هەڵدا
ئەو و شەیتان
لە یەک بەرگان.
بەڵام بەیان بە قەدەر شاری کرماشان
دڵی گەورە و فراوان بوو
بەڵام بەیان لە تینوێتیی ئەم گوندەدا
هەر باران بوو
لە سووتانی ئەم گوندەدا
ڕیزە سەتڵی،
ئاوی ئاگرکوژێنەوەی سەر ماڵان بوو.
لە زامداریی ئەم گوندەدا
ماشینە شێوە سپێکەی
خاچی سووری ناو ئێران بوو.
بۆیە ئیتر وردە وردە
کەمی ناو دێ
بوون بە زۆربە!
* * *
ئەوا ئیستە بەیان لەژێر دارتوویەکدا
لەسەر بەردێ دانیشتووە
لای خۆیەوە چەکەکەی هەڵپەساردووە
هەر لەسەر ڕان
هێور هێور
نامەیەکی دوورودرێژ
ئەنووسێ بۆ ماڵی خۆیان!
* * *
نامە گەیشتە دایک و باوک
وەکوو گۆنە نامەش تەڕ بوو
لەپێشدا هەواڵ سرپە بوو
وەک کزەبا بێ گڤە بوو
ئیتر ماڵان
جووت جووت یاخود یەکە یەکە
ئەهاتن بۆ نامەی بەیان
ئەهاتن بۆ هەواڵێکی
کچە سەربەستی پێشمەرگە!
نامە وەکوو گوڵەزەردی
دەم عەتر ڕێژ
وەک بۆنی مۆردی سەرەڕێ
گەیشتە لووتی هەموو دێ
نامە وەکوو یەک پەرداخ ئاو
بۆ زۆر تینوو
چۆن دەستاودەستی پێ ئەکرێ
چۆن ئەگەڕێ
ئاوایش نامەی پەڵەپەڵە
بە فرمێسک تەڕ
نامەی بەیان
لە دوو ڕۆژدا وەکوو نامەی
کۆنبووی گیرفان
چرچ کەوتە دەموچاوی
لەشی ڕێ ڕێ.
ئیتر ئەوەندەی نەمابوو
تەواو بدڕێ.
کە هەواڵ بوو بە ڕەشەبا
لەبەر ماڵدا
خەڵکی وەستان بە قەتارە.
کە ئاوێنەی نامەی بەیان
شەوقی تیژی دا لە چاوی
حەپەساوی سەر منارە
ئەوسا مەلای مزگەوتی دێ
وەک قەلەموونی شڵەژاو
بە ناچاری ئیتر هەستا و
بە دەنگی خۆی
لە بڵندگۆی مزگەوتەوە،
نامەی «بەیان»ی پێشمەرگەی
بۆ خەڵک و خوای گوند خوێندەوە!
* * *
وا دەستەیەک
بەرگ خاکی، خوێن قوڵپدەر
شان و لامل ئارەقاوی
لە هەڕەتی ژیاندان و
جیایان ناکەیتەوە لە یەک.
بە هەنگاوی گورج تەکاندەر
یەک لەدوای یەک
ڕەوە ئەسپێکی کێوین و
ڕێی مەرگی سوور ئەگرنە بەر.
بە پێدەشتی سووژنڕێژدا ئەدەنە غار
چەمی سەرکەش جڵەو ئەکەن
چۆک بە دەربەند و هەوراز و
کلکەی سەر چیادا ئەدەن
تفەنگی شان، کۆڵی پشتیان، قۆناغ قۆناغ
ئەبەن هەتا جێگەی پرسیار، جێگەی سۆراغ
بە هەر کوێیەکدا ڕەت ئەبن
زەردەخەنە ئەچێ بە پیر لێویانەوە
سوورەگوڵ بەرەو بەرۆکیان
نان بۆ پشتێنەکەی پشتیان
هەژارانیش بۆ ناو دڵیان!
* * *
پادگانی سەر ئەو ملەیە
بۆتە دوومەڵی سەرشانی ئەم ناوچەیە
لە دیمەندا وەک مڵەیە.
دەستەی دڵداری چاو تینوو
پەنجەی تۆڵەی سەر تفەنگیان بە پەلەیە
هەر ئەوەندەی چاو بترووکێ
لەپڕێکدا دەستڕێژ وەکوو
باران و هەورەتریشقە
بە سەر بەرازی پادگاندا دائەبارێ
شریخەی چەک، ناڵە و گرمە
بۆ سەعاتێ دوو سەعاتێ
ژیان لە مڵە تاڵ ئەکەن
لە چەند لاوە بەرازی خیش زامدار ئەکەن.
* * *
ئیستە دەستە لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەن
بەرەو بنکەی لێوە هاتوو
ماندوو، ماندوو
وەک دوا شەپۆلی کەناری لەگوڕکەوتوو
تینوو، تینوو.
وەک قڵیشی لەشی زەویی گەرمابردوو.
دوو برینداری ناودەستە
یەکێ بە شەلەشەل ئەڕوا و
ئەوی تریان سەرشان پێکراو
خوێنی قاچ و ئەو سەرشانە
هەتا ئیستەش تکەتکە
دائەدەنە سەر جامانە!
کانی و ئاو و سێبەری کڕ
بوون بە ئیزگەی حەسانەوەی
پشکۆ و ئاگر
لەوێ کە خۆیان کردەوە،
بۆ کزەبا.
دەمیان خستە دەمی کانی.
ئەوسا دەرکەوت
قژ درێژێک
سنگ بەرزێکیان
سەردەستەیە
ئەویش «بەیان»ی برووسکەی
ئەم گەلەیە!
* * *
بەیان وا بوو
برایمۆکی هەژارانی ئەم وڵاتە، یاری ئەو بوو
دەستێ کورتەک و شەرواڵی کوردیی شڕۆڵ
بەرگی بووکێنییەکەی ئەو بوو.
ڕیزە فیشەکی ناو قەدی، هەیاسەکەی پشتی ئەو بوو.
ئەستێرە سووری پێنجگۆشە، ملوانکەکەی ملی ئەو بوو.
قوڵفی نارنجۆکی دەستی، موستیلەکەی پەنجەی ئەو بوو.
خۆڵ و بارووت، بۆن و پۆدرەی لەشی ئەو بوو.
بەیان وا بوو
ئەو سێبەری باڵای بیری کەڵەگەت بوو
چاوی گەشی منداڵانی لە دڵدا بوو
ئەو دەنگدانەوەی هاواری سەربەستیی بوو
مێژووی نزیک، مێژووی دووری لەگەڵدا بوو
بەیان وا بوو.
کچە پێشمەرگەی سەعات و دوو سەعاتی
ناو چیمەن و سەیران نەبوو.
دە بینووسە!
بە مەرەکەبی ئەو خوێنەی شەهید دایمێ و
وا لە شووشەی چاوی مندا
دە بینووسە!
چەند مەزنە
بەیان ڕابەری کۆمەڵێ برووسکە بوو
ئەوان پیاو و هەر ئەو کچ بوو!
* * *
بەڵام کەی بووە شیعری من
بێ ئاخوداخ، شەوێک بنوون؟
کەی بووە کەی لەدوای ماچی هەموو گوڵێک
بە زماندا هەڵنەچەقێ دڕکێک، چقڵێک؟
کەی بووە کەی لەناو ماڵی شیعری خۆمدا
لە یەک ژووردا
وشە و وشەی دایک باوکێ
دوانەی نووکێ
دوانەی سکێ
لە خانەوادەی یەک ئازار
لێرە و لەوێ
لەبەر چاوی تیغی گەورەی لەسەر ملم
لەبەر چاوی شیری گەورەی
ڕاوەستاو لەسەر سەرم
ئەو خوێنی ئەم
ئەم خوێنی ئەو
نەکەنە کاسەی ڕۆژگار و
لە پرسەدا نەیگێڕن بۆ هەموو گەلم؟!
* * *
هەزار ساڵە و هەتا ئەمڕۆ
تەورەکان هەر کوردستانم ئەبڕنەوە
لەتلەت لەتلەت، لەتم ئەکەن
کەچی منی لەتە برین
لەتەکەی تری خۆم ئەخۆم
کەچی منی ئازار و ژان
بە سەر جەستەی ئازارەکەی ترما ئەڕۆم
من ئەو برینە گەورەیەم
ئەبمە چەقۆ و دیسانەوە
هەمان برین کەرت کەرت ئەکەم
ئەو کەرتانەش دیسانەوە
ئەبنە چەقۆی تازەتر و
ئازارەکەم وردتر وردتر
وردتر ئەکەم!
* * *
گەر دوو زامی لەشی باخێک
دەس لە ملی ئازارەکانی یەک نەکەن
چۆن برینی گوڵی باخچەی
دنیای دوورتر ساڕێژ ئەکەن؟
گەر دوو کەناری ڕووبارێک
باڵی فڕینی باڵندەی یەکتر بکەن
بۆ باڵندەی زەریای دوورتر
چۆن هێلانە دروست ئەکەن؟!
گەر دوو ئاگر
گەر سێ ئاگر
گەر چوار ئاگر
هەموو نەبن بە ئاگرێ
بە کڵپەیەک
گڕ لە دیوی هەژارخۆری ئەم کوردستانە بەرنەدەن
چۆن هەژاری ئەم دنیایە
چۆن ڕووباری ئەم دنیایە
چۆن باڵندەی ئەم دنیایە
لە چنگی دێوی گەورەتر قوتار ئەکەن؟!
* * *
لێرە و لەوێ
تەور تەورە
لێرە و لەوێ
خوێن یەک خوێنە
تەماشا کەن
نەخشەی گوڵینی ئەم لەشە
ماڵی گەڕەکی قوربانیی
یەکە یەکە
ژووری زامی نەجۆ و ئاوارە و سوڵتانی
ژووری برینی شەماڵ و مامەڕیشەکەس
وەکوو ماڵیان
دەرگای دڵیان لەسەر یەکە.
* * *
ئەو وەختەی چاوی بازێکی لای موعینیم
هەڵئەکۆڵن
سۆمای چاوی هەڵۆیەکی لای سوڵتانیم
تاریک دایەت!.
ئەو کاتەی دەمی شیعرێکی من ئەبەستن
تۆ هەناسەت بۆ نادرێ.
ئەو دەمەی «بەیان» ئەکوژرێ
یەکە یەکە لە یەک وەختا لای هەموومان
خۆرێ، مانگێ، گوڵێ ئەمرێ
بەیان، بەیان، بەیان
ئەو تفەنگەی دەستەکەی تری خۆم کوشتی
ئەو شیعرەی هەر قەڵەمەکەی خۆم بوو کوشتی
ئەو شەپۆلەی ڕووبارەکەی خۆم خنکاندی
ئەو درەختەی برووسکەی خۆم سەری بڕی
بەیان، بەیان، بەیان
* * *
هەتا دوێنێ «دێ»کەی بەیان
ناونیشان و شوێنی بەیان
بزر بوو وەک مرواری ناو بنی زەریا
بەڵام ئەمڕۆ دێکەی بەیان
«بەرقڕووی» لای مەریوانم
بوو بە هەموو نەخشەی ئێران
بوو بە چاوانی کوردستان
بەیان، بەیان، بەیان
ئیتر بەیان هەر بە تەنها
دارگێلاسی مەریوانشوێن و ئێران نییە
کانیی سنەشوێن و بۆکانشوێن نییە
ئەمڕۆ و سبەینێ و داهاتووش
ئیتر بەیان کیژۆڵەکەی دایەگەورەی کوردستانە
ئیتر بەیان لە ئیستەوە
ئەستێرە سوورە گەشەکەی
هەژارانی گشت جیهانە!.