ڕاهاتن

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  427 بینین
ملم وتی:
زۆر دوور نییە، هەر پێرێ بوو
لەگەڵ پەتی سێدارەدا ڕاهاتم و
تا وام لێهات
بەر لەوەی ئەو شۆڕ بێتەوە
من لە پێشدا ڕامئەکێشا و یەخەم ئەگرت
من لە پێشدا خۆم هەڵئەدا و
ئەچوومە ناو ئەڵقەیەوە.
تا وای لێهات
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ
ژووری ئیعدام هەر وەکوو گورگێکی دڕ
دەستەمۆ کرد.
تا وای لێهات
وەک وەردییان
پەت بێزار بوو.
وەک پۆلیسی دوای نیوەشەو
پەت شەکەت بوو.
تا وای لێهات، بەرە، بەرە
ئەو لە پێش مندا ئەنووست و
شەو درەنگان
من ئەچوومە سەر دارەکەی
هەڵمئەسان، ئەموت: وەرە!.
زۆر دوور نییە، هەر پێرێ بوو
لە پێشدا ئازار کێردێکی
زۆر دەم تیژ بوو
لەبەر دەستیا کەروێشک بووم و ئەمزریکان!.
لە دواییشدا وردە وردە
بە خوێنی خۆم کولم کرد و
ئینجا من خستمە باوێشکدان!.
بۆ ناونیشان:
ئەوە هەموو ژێرزەمین و قاوشێکی «ئەبووغرێب»
ئەوە هەموو سەردابێکی توونی بابای
بەغداشوێن ی تاوان.
لەوەیش زیاتر
ئەوە «موسڵشوێن» و گردێ ورەی کەڵ ملەکان!.
زەویم وتی:
زۆر نزیکە هەر دوێنێ بوو
لەگەڵ ناڵە و گرمەی ڕەشی
ناپاڵمدا ڕاهاتم و
وەکوو نەهەنگی برسێتی
وەکوو بیرونی تینویەتی
سامی ئەو دێوەیشم شکان!.
ئەویش منم:
ئەوە دەنگم.
ئەوە ڕەنگم.
ئەوە باڵای دەنگوباسم.
ئەوە گوێچکەی سووکی شاخم.
تەماشام کە:
نە گوێی دارستانم کەڕ بوو.
نە ڕووبارم زراوی چوو.
نە سەنگەرم لەرز گرتی.
لە دواییشدا
لاشەی بۆمبا
بۆ منداڵانی زۆر گوندی بێ خەندەی من
بوون بە ئەسپی گەمە و یاری.
مێژووم ئەڵێ:
بۆ ئەمڕۆکەیش
لەگەڵ ئەم ژەهرەدا ڕادێم
ڕادێم، ڕادێم
وەکوو ئاسمان و وەک چیا
هەوا، منم
ئەو لە مندا ئەتوێتەوە و
چەند پێچ بخوات و سەرکەوێ
چنگی ناگاتە گەردنم.
کە گوڵێکم هەڵئەوەرێ.
گوڵێکی ترم ئەپشکوێ.
ژێیەکی دەنگم ئەپچڕێ
ژێیەکی تر ئەبەستمەوە.
وەکوو پێرێ و دوێنێ و ئیستە
گفتێکە و داومە بە گوڵ و بە منداڵ و
بەو بەفری خۆشەویستییە
ئەوەی لەگەڵیا ڕانەیەم
ڕامنەهێنێ و قەت ڕانەیەم
هەر یەک شتە:
ئەویش تەنها ژێردەستییە!.