ئارام

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 6 خولەک  1034 بینین
ئەوە بۆچی ئەم ئێوارەیە «تەنگیسەر»
ئەڵێی ژنێکی پرچ زەردی گۆنە ئاڵە و
دەستی ناوەتە ژێر چەنەی کەل و
غەمگین، غەمگین ئەڕوانێتە
گەواڵە هەوری چاو تەڕی ملەی ئەوبەر؟
ئەوە بۆچی ئەم ئێوارەیە «با»ی کەژان
زۆر تووڕەیە و قژی «دێ لێژەشوێن»و «مێوڵێشوێن»ی
جووتە خوشک ڕائەکێشێ و وا بە پرتاو
خۆی بە دەرگای لەسەر پشتی
هەردوو دەربەندا ئەکات و
دەس ئەکاتە ملی تەنها تاقە یاری گەڵاڕێزان؟
ئەوە بۆچی ئەم ئێوارەیە کراسی
بەری هەموو درەختەکان
بەری بەندەن، بەری بنار، بەری ڕووبار
لە یەک ئەچن و وەک یەکن؟!
ئەوە بۆچی ئەم ئێوارەیە نان و گوڵ
لە وڵاتی هەژارانا سەریان ناوە بە یەکەوە و
بەڕێ کەوتوون
ڕیز ڕیز هەموو
چرای سوورن و
بەرەو ئەم مەڵبەندە هاتوون؟!
ئەوە بۆچی وەک قەڵەمێ لەسەر کاغەز بەجێ مابێ و
شاعیرەکەیان کوشتبێ و
ژوورەکەیان لەسەر شیعر داخستبێ
ئیستە ئاوا ئەم کێڵگانەش
ئەم گوندانەش
ئەم خەڵکانەش
وەکوو ئەشکەوت
دڵ و دەروون تارومارن؟
وەک دارستانی دار بڕاو، بێزار و پەست؟
وەکوو ڕقی شەپۆلی دوای بەگیرهێنان
هەوری دەموچاو بەسامن
بێ- ئارام-ن؟!
* * *
هەرەس هات و ئەسپی ئەیلوولی داپۆشی
کەشتییەوان و کەشتیی گەورەی
بۆ ناو سکی خۆی هەڵلووشی.
هەرەس هات و هاژەی چەمی حەفتا و پێنجی
لە قوڕگی گەلی و نشێو و هەردا بڕی.
ئەو لووتکانەی لە هەورا بوون
چوونە ژێر باڵی داڵەوە
مۆمێ نەما
یەکێ نەما
بچێ بە پیر کوردستانی ئازارەوە!
پلەی پەیژە هەمووی شکا.
هەر بە شانی خۆمانەوە
تا دوا چەکیش
ئەتک کرا.
وڵاتە دەستگیرانەکەم
ڕووتوقووت بوو
بە بەر چاوی خۆمانەوە
دەس بۆ قوتکەی مەمکی ئەبرا!
* * *
دنیا عەبایەکی ڕەشی گرتبۆوە
وەختێ چراوگەکەی سەری ئارام،
گوڵئەستێرەی سەری ئارام
ڕانک و چۆغە شڕۆڵەکەی بەری ئارام
دەرکەوتن و لە ڕەوەزی کەلانەوە
شاسوارەکەم چووە سەرێ
تا بگاتە ئەو داڵانەی
بارانی سووری شۆڕشیان
تیا ئەبارێ!
* * *
با سەیوان کورتەباڵاش بێ
بەڵام لە هەناوی ئەودا
دەیان هەڵگورد سەر دەردێنێ.
کانی هەیە کونی چاوی زۆر بچووکە
بەڵام بە تەنها تینوێتی
بێشەیەکی چڕ ئەشکێنێ.
خۆ بولبولیش زۆر بچووکە
کەچی دەنگی دڵی کەژێک ئەبزوێنێ.
گەنمە قەندەهاری چۆنە
ئارام وا بوو.
وەک سەوزەگیای شەونماویی بەهارانیش
زمانی خۆش، دڵێکی تەڕ
بە لەشولار بچکۆلە بوو
لاواز و لەڕ
بەڵام بە بیر، بە گیان، بە کار
شاخی بەرز و هەنگی شانە و
خۆشەویستی ئەم گەلە بوو.
دەرگای سنگی
وەکوو کتێبخانەی گشتی
لەسەر پشت و کراوە بوو
بێ گرێوگۆڵ، ژینی سادە
وەک کاسەی دۆ، کەوچکی دار، شانەی تەختە.
ڕووحسووک، موو ڕەش، زیت و هێواش
دوو دانی پێش
نێوانیان شاش
نیگای کز و چاویلکەدار
بەڵام ڕێی مێشکی پڕشنگدار.
ئارام، ئارام
ئەوەندەی داسی دروێنەی گەرمیانم
بە ئارام بوو
لەگەڵ دوژمنی هەتاو و هەژاریشدا
چەکوشێکی زۆر بەسام بوو.
* * *
ئەوسا سەردەم وەکوو گوێزان دەمی تیژ بوو
دەرزیی تۆو بوو ئەکرا بە کێڵگەی برینی
ئەم خاکەوە.
هەموو بستە ڕێ و قوتکەیەک
ڕم، بازنەی چوار دەوری بوو
هەموو هەنگاو و چرپەیەک
سێدارەیەک چاوەڕێی بوو.
لەناو شاردا مردن پۆلیسی شەقام بوو
لەسەر هەموو دووڕیانێک ڕاوەستا بوو.
لەناو دێدا مردن پەپووی وێرانە بوو
لەسەر کۆتەرەی سوتماکی دار و پەردووم هەڵکورمابوو.
وەختێ ئارام گۆمێکی مەنگی بچووکی کوردستان بوو.
بەغداشوێن لافاوێ بوو چاو سوور
پانوپۆڕ بە قەد عێراقشوێن بوو
وەختێ ئارام دەمانچەیەک بوو زۆر کەڕەت
جووتەی ئەکرد!
بەغدا بە یەک دەست دەبابە و
دەیان فڕۆکەی هەڵئەگرت.
وەختێ ئەو سیامەندکەسی چاو کزی «خەجکەس» و
هەژاران بوو
سیامەندە پێشمەرگەکان
وەکوو پەپووسڵێمانکە
کەوی سپی
شوور و بەور
ناوبەناوێ، تاکوتەرا، یەکە یەکە
دەرئەکەوتن.
ئەو شەوگارانەی کە ئارام
تاقتاقکەرەی
داری زەرد و قەرەداغ بوو
نەک درەختێک و دوو درەخت
قۆپیش خەوی لێ کەوتبوو!
* * *
ئەو ساڵانەی ڕۆژەکانی
وەکوو دەمی تەور و مشار
بڕندە بوون
ئەو ساڵانە لەناو بێژنگی خۆیاندا
هەر خەریکی تەتەڵە بوون
زۆر هات و چوون
بەڵام کامیان وەکوو ئارام
توانی ئازار هەڵبمژێ
توانی بە پێوە بوەستێ
هەبوو، زوو تلیسایەوە
هەشبوو، وەکوو ئەم شاخانە
هەر مایەوە.
* * *
ئەم بەیانییە «تەنگیسەرشوێن»
بۆنی مەرگی تازەی لێ دێ
چوار دەوری دێ
داڵ گرتوێتی
وا قیڕەیان ئەگاتە گوێ.
ئەم بەیانییە تەنگیسەر
لە پۆڕێکی گیراو ئەچێ
لەناو چنگی داو و تۆڕدا
هەر زیقەی دێ
سات لەدوای سات
ڕەنگی شاخ و
ڕەنگی باخ و
ڕەنگی ماڵان، هەڵئەبزرکێ!
ئەوە تەقەی قاچی مەرگە
تا بێ تەقەی گەورەترە و
وردە وردە بۆ ئێرە دێ.
ئەوە زەنگی دەستی مەرگە
کە لێئەدرێ
دار و دیوار
ماڵ و منداڵ
مەڕ و بزن
ڕەشەوڵاخ
هەموو شتێ ئەپەشۆکێ
ئەوە تەقەی قاچی مەرگە
ئەوە زەنگی دەستی مەرگە
لەناو دێدا تەنها ئارام
بیری گەش و دڵی مەنگە.
* * *
زەمان وەکوو کیسەڵ وا بوو
سەعات بە وێنەی مێروولە تێئەپەڕی
ئارام وتی:
«لەبەر من با
داڵ «دێ» نەخوا
ئەچمە دەرێ»
ئەمەی وت و بە ناو تەلبەندی چەقۆدا
کەلەبەرێک، کە تەنها هەر تفەنگێک و
لەشی وەک ئەمی پیا بچێ
چووە دەرێ.
پشت لە داڵ و
ڕوو لەو ئەشکەوتە تازەیەی
کە هەر ئەمشەو
ناوی نەهێنی لێ ئەنێ
ئەوا ئیستە
ڕێگە ئەبڕێ.
* * *
بەدییان کرد
چاوی داڵی سەر قەرەوڵ
وەختێ پەلەپیتکەی جووڵان
ئاگر فڕی و
لەو دوورەوە
باڵی هەڵۆی سووری شکان!
* * *
داڵ «عاسی» بوو
بە سەر سەری ئارامەوە ئەخولایەوە
دەمی برین وەک گوڵەباخ
ئازارێ بوو ئەکرایەوە.
برین مابوو، برین ویستی
هەر بە پەنجە گەورەی قاچی
تفەنگ بێنێتەوە قسە.
داڵ ئەم جارە
دەنووکی گوللەی لە سنگی
ئارام چەقان
بۆ ئێجگاری چاوی لێک نا
ئەو مرۆڤەی
دوای مردنیش
تەمەنێکی نوێی خستە سەر
عومری ژیان!
* * *
ئەی تەنگیسەر!
لەم یادەدا قەڵەمەکەم
کراسی سووری شیعرێکی
ئاودامانت ئەکاتە بەر.
هەموو شەوێ
لەناو خەونی فرمێسکاویی ژوورەکەمدا
خۆم ئەبینم
وا بووم بە کۆترەشینکەیەک
لەگەڵ هەوری ئاڵدا ئەفڕم
هەتاکوو ئەچمە سەر «دابان»
لەوێشەوە بەرەو «کەتوو»
ئینجا شەقژن باڵ لێک ئەدەم
بەرەو کۆڕەک و ئاکۆیان
نزم بە دەم فڕینەوە
لە هەر لایە و دوو سێ گوڵێ
هەتا ئەبن بە چەپکێ
ئەیبەستمە باڵ.
بەرز بەرز ئەفڕمەوە
هەوری پێش خۆم ئەگرمەوە
هەر خۆم تەنیام
ئەی تەنگیسەر ئەگەمە لات
ئەوسا لەسەر ئەو مەزارە
ئەنیشمەوە، ئیتر ئارام
دێتە دەرێ و ئەگاتە لام
عەینەکەکەی دائەگرێت و
دەست ئەخاتە ناو دەستمەوە و
چەپکە گوڵم لێ وەرئەگرێ و
لە دواییشدا
ئەم لا و ئەو لای
ئەم شیعرانەشم ماچ ئەکات.