نەفرەت

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  593 بینین
دوو سەنگەرە
دوو تفەنگە، دوو ڕابەرە
دوو مردن و دوو ژیانە.
یەکەم: ئازادی لە کوێ بێ
ئەم سێبەری باڵای ئەوە
باڵندەی دڵی هەژاران بۆ کوێ بفڕێ
ئەم ئاسمانی ئەو دڵەیە
ئەم هێلانەی ئەو مەلەیە
قۆڵ بە قۆڵی خەمی جۆگە و شاخا ئەکا
لەگەڵ باراندا دائەکا
بۆ سەربەستیی گوڵەگەنم
شەوانە ئەم
ئێشکی کێڵگەی نووستوو ئەگرێ.
ڕۆژانە ئەم
داسی ڕەنجە
ئارەقەی زەوی ئەڕێژێ
- کەم ئەژی بەڵام کەڵ ئەژی-
وەختێ ئەمرێ
دارستانی گەل ئەینێژێ.
دووەم: وەکوو ئەمیستاکە
تابووتتاشی ئازادییە
گەرووی ڕزگاری لە کوێ بێ
ئەو دەمی نێزە و سونگییە
من هیچ ناڵێم
ئەوە لەشی کوردستانم
خۆت بیبینە
پەنجەرەی گەورەی چوار تاکی سەر برینە!
ئەوە باڵی مەلەکانم
ئەوە گوڵی باخچەکانم
ئەوەی نییە
هەڵفڕینە
ئەوەی نییە
گەشانەوە و پێکەنینە!
من هیچ ناڵێم، ئەمیستاکە
تەماشا کە:
لە نیشتمانی دەغڵدا، نان چۆن ئەمرێ!
لە نیشتمانی نەوتدا، چاوی چرام چەندە کزە.
تڵپەی پرتەقاڵی گوشراو
ئەوە وێنەی ئەو دڵەیە.
کۆتەی قەساب
ئەوە لەشی ئازادیخواز.
تۆپەوانە و دەمی گیرە
ئەوە کەللەی مەمکەس و زینکەسی ئەم گەلەیە.
دوو سەنگەرە
ئەوەی لە دووەم سەنگەرا
ڕەنگ بۆ مەرگی خاک ئەڕێژێ
وەختێ ئەمرێ
دارستانی ڕووتە و هەژار
لە زەلکاوا ئەو ئەنێژێ!
* * *
دوو سەنگەرە
دوو تفەنگە، دوو ڕابەرە
دوو مردن و، دوو ژیانە
وا تفت کردە برینی کوردستان و
وا جێتهێشتم.
وا مەمکی دایکی خۆت بڕی و
وا ڕۆیشتی
بەڵێ تەنها یەک هەنگاوە
یەک تەوقەیە
بەڵام ئەو تەوقە و هەنگاوە
پلووسکی ئابڕووی تکاوە.
وا ڕۆیشتی
دەستیشت خستە ناو دەستی
دووەم سەنگەر
ئەوساش وەکوو کەڵەشێری
بەزیوی پۆپنە خوێناوی
لەسەر دار و پەردووی ماڵی
ڕووخاوی خۆت هەڵئەنیشی
لەو ساتەوە، تۆ ئەو گسکەی
ئەبێ لەسەر
تەنەکەی خۆڵ دابنیشی!.
ڕۆیشتیتەوە!
تۆ ئیستەکە ئەو خڕکەبەردە گڕوێیەی
لە بنارم بوویتەتەوە و
جنێو بە لووتکەی خۆت ئەدەی!
ئەو خەنجەرە ژەنگاوییەی
لە کێلانی خۆت ڕائەکەی.
تۆ ئەو چەکەی
قۆناغی خۆت ئەسووتێنی و
سکی ژنی خۆت داغ ئەکەی.
تۆ ئەو کەسەی
کفنی سووری هاوڕێیەکەی
خۆت فڕان و ڕۆیشتیتەوە
هەرچی زامی لەشمان هەیە
وەکوو بەتانیی شەهیدان پێچاتەوە و
ڕۆیشتیتەوە!
تەسلیم بە کێردی سەر ملی
باوک و برای خۆت بوویتەوە.
یەک هەنگاو بوو
بەڵام حەیای تیا تەواو بوو.
یەک تەوقە بوو
بەڵام هەزاران پەنجەی قرتاوی
منداڵانی کوردستانی
لەگەڵدا بوو.
ڕۆشتیتەوە!
هەر پردێک بوو پەڕیتەوە
شەو دانەهات
کە پرد گڵاویی لەشی خۆی
لەبەر شەتاوی ڕووباردا
دەرئەکرد و ئەشتەوە.
یەک هەنگاو بوو
بەڵام ئەو چەکەی تا دوێنێ
مل کەڵ بوو وەک
دوندی بەرزەک
ئیستە وەکوو خۆت گوێی تەپە
ئیستە پەنجە و پەلەپیتکە
لەرزۆک، لەرزۆک
ئیستە تفەنگی ترسنۆک
ئەویش وەک خۆت
چۆتە سەر چۆک.
* * *
یەک تەوقە بوو
ئیتر ناوت بوو بە جامێکی بن ڕەش و
ماڵ بە ماڵ زرنگایەوە
لە ڕۆژێکدا ناوی پێشووت
لەسەر قەدی داربەڕووەکەم، پووکایەوە.
ئیتر وەک گۆرەویی چڵکن، دڕاو
وەک کەفاوی دوای ڕیش تاشین
وەکوو «دای. بی»!
تۆ تووڕ درایت و تۆ ڕێژرای!
ڕۆشتیتەوە و دوای تۆ مەقەر
دار و بەردی هاتنە قسە و
وتیان: نەفرەت!
پێخەفەکەت
کەس تیا نانوێ و ئەڵێ: نەفرەت.
توولەڕێی ئەو بەر گردەکە
گەڵا گەڵای درەختەکە
هاژەهاژی ڕووبارەکە
بناری کێو تا لووتکەکە
خۆڵ و تۆزی پێدەشتەکە
مەڵبەند و تیپ
مەفرەزە و کەرت
نەک کەڕەتێ هەزار کەڕەت
هەموو ئەڵێن: حاشا، حاشا
حاشا لەوەی
لەو وشەیەی، لەو گوللەیەی
شیری مەمکی شاخیان فرۆشت
سەری گوڵەباخیان بڕی
چاوی درەختیان هەڵکۆڵی
نەفرەت
نەفرەت
نەفرەت