ڕوانین

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  565 بینین
لە پەنجەرەی چاو خەواڵووی ژوورمەوە
وەک باڵندەی بەر هێلانەی حەپەساو!
سەرنج ئەدەم لە «ئاسۆس»ی
برۆ و برژانگ، ڕدێن سپی
ناوشان پانی، مل باریکی هەڵکشاو!
* * *
لەسەر کاوان «با»ی بزێو و پەلەکەر
هەللاجێکی شێتۆکەیە و تووڕەیە
شیکردنەوەی لۆکەی بەفری لەو، کە لە
دەنگی چەکەی ناوبەناوی
درنگەیە و دمەیە
«درنگ، درنگ، دم، دم، دم»
بۆ بەرەو خوار وەک بخلیسکێ
بە چرکەیەک ئەگاتە گوێم، لێرەیە.
* * *
پەڵەهەوریش، کوڵنجەی بەر
دارستانی کاکۆڵ و قژ ئاڵۆزکاو
هێشتا تەڕە و لێی ئەتکێ
دڵۆپی ساردی بەفراو.
* * *
لە گوێ چەمیش، لەشی درەخت
بێکراسن، ڕووتوقووت
لە سەرەوە بە ئەڵقاوئەڵق ڕاوەستاون
سەیریان ئەکەن شاخی هاوسێی کڵاو قووچ.
لە سەرماندا گۆپکەی لێویان
گۆ ناکات و ئەلەرزن
تۆزێکی تر ئەم نسێیە
ئەم سێبەرە جێدێڵن
هەر کە گزنگ گرێی زوقمی
دەست و پل و قاچ و قولی کردنەوە
ئیتر ئەوسا
یەکە یەکە بۆ بەر هەتاو ڕیز ئەگرن.
* * *
پێشمەرگەیەک، هەگبە بە کۆڵ، ڕیشهاتوو
تیسکەی تفەنگ، سمۆرەیە، ڕەوتی گورج
بە باریکە ڕێگەی گردا شانەوشان
بە پاژنەی پێ بەفری شەوێ خرچەخرچ
ئەشکێنێت و ئەچێتەوە بۆ «سێروانشوێن»
ئەی پێشمەرگە! ئەی هاوڕێی برسێتی!
لەپێش مندا «گۆران» وتی: تەبیعەت
هەرگیز هەرگیز بێ ڕووناکی ئەنوێنێ
ئەگەر ئازیز زەردەخەنەی شیرینی
وەکوو گوڵاو بە سەردا نەپرژێنێ.
منیش ئەڵێم ئەی پێشمەرگە!
ئەی هاوڕێی هەژاری
کوردستانم، قەڵەمەکەم، یارەکەم
نە بەختیار، نە سەربەرزن، نە جوانن
بێ چەکی تۆ، ئەی هاوڕێی ئازادی!.