هەڵگوردی «پ. م»

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  539 بینین
ڕێی هەکارە
ڕەشایی هەر ڕیزی پێشمەرگەی وەریوی
ناو کڕێوە و بەفرانبارە
قەد و باڵای ئەم دڵدارە هەژارانە
بوون بە ئاوێنەی سەهۆڵ و،
مەمکی بڕاوی شیرین و خاتوو زینی
کوردستانیان تێدا دیارە.
ڕێی هەکارە و ئەمان نانن
نان لە برسا بەلادا دێ.
ڕێی هەکارە و ئەمان ئاون
ئاو تینوێتی و وا ئەخنکێ.
ڕیز ئەوەرێ بەڵام ئەڕوات و ناوەستێ
هەر هەورازە و هەر ڕەوەزە و هەر قوتکەیە
بە خێڵی مەرگ
ڕێ تەنراون
هەر لادێیە و هەر شارۆچکە و هەر پەنایە
بە هەزار داوی باریکی تەڵەی سنوور
ورد چنراون.
* * *
ڕێی هەکارە و
لەناو بەفرا ڕیزە هێشوو
دەنک، دەنک هەڵئەوەرێن
وەک دەوروپشت
وەکوو سروشت
چاویش تەنیا سپێنەیە!
دەنگ: بەستوێتی و
تەنها ڕێگەش، ئەم ڕێیەیە.
* * *
لەناو ڕیزدا حەوتەم دڵدار
لاواز ئەڵێی تووڵەبییە
ناوچەوان پان، برۆ تەنک
کەوانییە.
وەکوو بەهێ ڕەنگی زەردە
چاوەکانی دوو وەنەوشەی
ڕەش و سیسە
سمێڵیشی قەترانییە.
گوپەکانی تێک قوپاوە.
وەک پەڵگەگیا لێوی باریک،
پێڵووی کەمێک هەڵئاوساوە!
ئەم «پ.م»ی شاخ و هەردە
لە شار ناوی محەممەد بوو، نانەوا بوو
بەڵام وەختێ کە حەسارۆست
وتی وەرە و بوو بە دۆستی
لەبەر خاتری چاوی جوانی
لەبەر دڵی مێرگی سەوز و دارستانی
ناوی گۆڕی
ئەم دڵداری شاخ و هەردە
ئیستە وا بۆ ساڵێ ئەچێ
ناوی تازەی ئەو «هەڵگورد»ە
* * *
ڕێی هەکارە
ڕەشایی هەر، ڕیزی پێشمەرگەی وەریوی
ناو کڕێوە و بەفرانبارە
وا «هەڵگورد»یش وەک قوڵنگی
بەر شەوارە
چاوی ڕێشکەوپێشکە ئەکا
سەری وەک بێژەنگ ئەسووڕێ.
هەڵگورد ئاسکی لاق زامدارە
تەکانێک ئەدا و ئەچەقێ.
هەناسەبڕکێی کەوی سنگ
باڵ لێک ئەدات و هەڵنافڕێ.
چۆلەکەی دڵ بە ئاستەمێ
نووزەی لێ دێ.
هەڵگورد وەکوو شەپۆلێکی
هیلاک، ماندوو
چۆن ناگاتە ئەو بەر ئاو و
لە نیوەی ڕێگەدا ئەمرێ.
ئیستە هەڵگورد باڵای چرای
وردە وردە بەلادا دێ
ئیستە هەڵگورد لەسەر بەفر
نەمامێکی بێ پەلوپۆ و
ڕاکشاوە و
بە تەنها چاوی ئەبینێ!
* * *
ڕێی هەکارە
ڕەشایی هەر لە دوورەوە
پادگایەکی سەر سنووری قوللە دیارە
ڕیزی برسی، ڕیزی دڵدارانی ماندوو
گەڕانەوە سەر هەڵگوردی نیوە مردوو
وتیان: ئەژیت،
ئەو پادگایە
ئاگری تیایە، نانی تیایە
هەڵتئەگرین هەتا نزیک
دەرگای ئەوێ
بۆچی بمریت ئەی هاوڕێ؟
هەڵگورد بزەیەک بە ئاستەم
کەوتە سەر لێوی لەرزۆکی
ئینجا وتی:
- براینە! بەجێمبێڵن
لەم بەفرەدا بەجێمبێڵن
من لێرەدا ئەڕوێمەوە
ساڵێکی دی سەردانم کەن
ئەمبینن چۆن بە پێوەم و ئەشنێمەوە
ئێوە ڕێگەی کەڵ ژیانتان نیشان داوم
لووتکەم و ناچەمێمەوە!.
براینە بەجێمبێڵن.
ئەگەر بەهارێ هاتنەوە
ئەمبینن من
گڕی نەورۆزی ئەم یاڵەم.
ئەگەر هاوینێ هاتنەوە
ئەمبینن من
دەغڵی بەپیتی ئەو ساڵەم
براینە!
مەوەستن ڕێگە تەواو کەن
من با نەگەم، ئێوە بگەن.
* * *
بەفر ئەبارێ
ڕیز، ڕیز، ڕیز، ڕیز
بەسەر لەشی ساردوسڕی
ئەم دڵدارە تەنیایەدا
بەفر ئەبارێ.
پەنجەی کلوو چاوی ئەم عاشقەی لێک ناو
هەر بۆ ئەوەی سەرمای نەبێ
ئەوا ئیستە
توێژاڵ، توێژاڵ
دایئەپۆشێ.
ئەوا ئیستە
هەر بۆ ئەوەی ئەم دڵدارەی لێ زیز نەبێ.
بە تەواوی گرتیە کۆشی.
بەفر ئەبارێ و کڕێوەیە و
ئێستە جێگەی ئەم هەڵگوردە
ژووری هەناوی جۆشخواردووی
کوردستان و دڵی کوردە.