مزگێنی

بۆ هاوڕێم «عومەر عەبدوڵڵا»
لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 5 خولەک  741 بینین
دە ساڵ بوو هەوری سەر «دابان»م
ژانێکی گیرخواردووی نەبار بوو.
وەک کچی دەزگیران دیلکراو
بناری دابڕاو لە لووتکەم:
خەمێکی بێدەنگ و
مەلێکی بێجووت و بێیار بوو.
دە ساڵ بوو درەختی گەردانەی شەدەڵەم
بەیانییان، نیوەڕوان، ئێواران
کە نیگای گەڵایان
بەرەوژوور هەڵئەبڕی
بە تەنها گەردنی خوێناویی چیایان ئەبینی
هەر تەنها پێوەنی
هەورازی یەخسیر و
دەست و پێی ڕێ ڕێ بووی
کەژانی چاو سەوزیان ئەبینی.
دە ساڵ بوو، دە قفڵی ژەنگگرتوو
لە زاری هەتاوی سەر بەفر
لە قوڕگی ئەشکەوت و
لە دەمی شەپۆلی ڕووبارم درابوو.
دە ساڵ بوو بە کوللەی بەعسییان
چوار دەوری خەرمانەی ترۆپک و
گوڵجاڕی ئەوینم گیرابوو
یاساغ بوو هەللاجم
پێکەنێ و دەس بەرێ
بۆ قژی ناو ڕەزی سوورداشم
یاساغ بوو، کەژاوەی تریفەی سەر دابان
داگەڕێ و بچێتە ژوانی
کانیاوی- مێرگەپان-.
یاساغ بوو، قەدەغە، یاساغ بوو
سەرگەڵوم گۆرانیی بڵێت و شەدەڵەم گوێ بگرێ
یاساغ بوو وەک شیعرم، گوڵی سوور
باڵا کا و پێ بگرێ!
دە ساڵ بوو، دە ساڵ بوو، دە ساڵ بوو
ئەم دڵە هەنارەم
بە چنگی ڕەبایە ئەگوشرا
دە ساڵ بوو، نواڵەی ئەم سنگەش
پێخوستی پۆستاڵ بوو
* * *
فەرمانی شەهیدە، درەختی ڕێ وتی:
کوڕانی مەڵبەندی یەک و دوو ها دەستم
فەرمانی شەهیدە و شاخ وتی:
کوڕانی یەکێتی، سەر کەونە سەر پشتم!
وا ئەڕۆن! سێ ڕێچکەن، بەبێ دەنگ
دیواری نیوەشەو کون ئەکەن.
وا ئەڕۆن! سپاردەی باڵندەی کوژراو و
کارێزی خنکاوی کوردستان
بۆ لای خۆر سەر ئەخەن!
سەر کەون! بەرد وتی: من هێزی قاچتانم!
سەر کەون! با وتی: من وزەی دەستانم!
سەر کەون! باز وتی: من تیژیی چاوتانم
سەر کەون! نان وتی: من توێشوی ڕێتانم!
سەر کەون! سەر کەون!
گەل وتی: من ورەی ناوگیان و
من گوللەی چەکتانم.
* * *
چوار سەعات! چوار سەدە، چوار نەوەی داهاتوو
ئەبێتە سروودی سەردەمی.
چوار سەعات! خوێنی من، خوێنی خاک
داستانی دابان و هەللاجی
پێشمەرگەی ئەنووسی.
ئەی دنیای کەڕ و لاڵ! ئەزانم نامبیسی.
بەڵام من گەلێکم
تا دوێنێ شۆڕشم پزیزک بوو
ئەمڕۆکە بڵێسەم
وا هاتووم بە سنگی ڕووتەوە
بۆ گوڵی ئازادیم،
ژێر لوغم و ناو لوولەی تفەنگ و تانک و تۆپ ئەگەڕێم.
عەشقێکم بەبێ دەنگ ئەسووتێم
تا ئەمرم
گۆرانی بۆ بەفر و
بۆ گوڵ و هەژاری کورد ئەڵێم.
* * *
دوژمنان!
لای ئێمە خوێنی دڵ وەک ئاوی مەعدەنیی
سەر مێزی بەردەمتان نافرۆشرێ!
لای ئێمە خوێن، هەورە و بارانە،
خۆی بۆ خۆی ئەبارێ و دائەکا.
لای ئێمە ئازاییی ناکڕرێ!
زریانە و خۆی بۆ خۆی هەڵئەکا.
لای ئێمە «نۆگهـ»ی سنگ بۆ خەڵات
وەک سۆمای هەردوو چاو
هەر گوڵی کێوییە و
هەر ماچی هەژاری
دێ سووتاو!
* * *
مزگێنی!
دەوەنی گرمۆڵە و خەمباری سەر «دابان»، مزگێنی
مزگێنی! ئەی کانیی لاپاڵی لێڵکراو،
ڕوون بەوە و، مزگێنی
مزگێنی! شۆڕەبیی گریاوی هێشتاکە چاو تەڕی،
شەدەڵە! هەڵسەوە، مزگێنی
پێکەنە! ئەی وردەشەپۆلی
ناو جۆگەی ترساوی بێخوڕە
وەرەوە کەناری ئەم بەر و مەترسە!
ئەی هەللاج!
ماچی کە! ئەو بەفرەی ئیستاکە بە سەرتا ئەبارێ
پێکەنە و بۆ سوورداش بە دوو دەست
گوڵی خوێن هەڵبڕە.
کێ وتی چەکی من نووستووە؟!
کێ وتی نێرگزی چاوانی شەهیدم بیر چووە؟!
کێ وتی، با «دابان» بدوێنێ!
با دەشتی دامێن و با قیری سەر جادەی
لێرەوە تا «دووکان» ببینێ!
* * *
من ئەمویست لە هێرۆی گوڵ سپی
کراست بۆ بدوورم کوردستان!
ئەی سوورداش ئەی بووکە سوورەکەی
پار نەورۆز.
خۆ زانیت! تا سەیران
سێبەری بن داری کۆتەڵ و تابین بوو،
سەرچۆپیی ئەوینت من ئەمگرت.
ئیستاکەش ئەی سوورداش،
کە کۆتریان سەر بڕیم
کە ڕقم گڕی گرت
هەر هەمان عاشقم
سەیر کە، ئەم جارە
سەرچۆپیی نەورۆزت
بە خوێنم ئەگێڕم!
* * *
پێشمەرگە!
تۆ خورپەی ئەم دڵە شەیدایەی هەڵبەستمی
تۆ خامەی، تۆ پەنجەی بزوێنی دەستمی
ئیستاکە کێم هەیە تۆ نەبی
کەسم تۆی
بەستەم تۆی
هەستم تۆی
تۆ نەبی شیعری من وەک پۆڕی خوراوە
تۆ نەبی چیرۆکم وەک مەلی بێدان و بێئاوە
تۆ نەبی شانۆی من ئەبێتە تابووتی ئەکتەرم.
تۆ نەبی ژێ و تەلی کەمانم پچڕاوە!
پێشمەرگە، پێشمەرگە!
ئەگەر تۆ ئەتەوێ هۆنراوەم
وەک دەغڵی پاش باران
خەیاڵم کەروێشکەی تیا بکا!
ئەگەر تۆ ئەتەوێ دیوانم
وەک لووتکەی باوەشی خۆرنشین
زەرد و سوور هەڵگەڕێ و
باوەشت پیا بکا!
ئەگەر تۆ ئەتەوێ هەناسەت، هەنگاوت،
برسێتیت، بخەمە ناو دووتوێی ڕستەوە
بۆ ڕێوبان بیانکەم
بە هاودەم
بیاندەم
لە یەخەی کەژ و چەم
ئەگەر تۆ ئەتەوێ کەشکۆڵم
بکەیتە سەرینت
ئەم بەر و ئەو بەری سەر دێڕم
ببێتە دووربینت.
وا منیش ئەمەوێ داستانی دابان و
هەللاجی زۆرترم گوێ لێ بێ
تا منیش هەڵبەستی سبەینێم
ببێتە قەنناس و
سەردڵی شاعیری دەرباری داگیرکەر
بپێکێ!