کوڕی بابەگوڕگوڕ

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  1111 بینین
ڕێگە چۆڵ کەن، هەستنە سەر پێ!
وا ئەسپێکی سپیی یاڵ سوور
لە پێدەشتی کەرکووکشوێنەوە
ئەحیلێنێ و بۆ ئێرە دێ!
ئەی ئەسپەکەی تەوێڵ مارۆی گەرمیانم!
ئەوەی بەفر و
گڕ و شەپۆلی ناسیبێ،
ئەوەی شمشێری برووسکە و
با و بۆرانی کێوی دیبێ
تۆ ئەناسێ!.
ئەی ڕەشەبای لە پاشکۆدا خۆر سوارکردوو!
ئەوەی جارێ
گوڵاڵەسوورەی چاو ڕەشی
- ڕەحیماوا- و
منداڵانی سەر قۆچکەتاشی «لەیلان» و
کێڵگەی برسیی- دوز-ی دیبێ
تۆ ئەناسێ!
* * *
کۆ بنەوە و هەستنە سەر پێ
سەر هەڵبڕن!
بازێک شەڵاڵی خوێناوە و
تۆزێکی تر
بەم ناوەدا تێئەپەڕێ!
ڕوەو قەندیلشوێن
بە سەر هەورازی شەختەدا
نزم ئەفڕێ
هەتا ئەگاتە سەر لووتکە و
ئەچێ لەوێ
لە پەڵە خوێنی «نازم»دا
بەهێواشی ڕائەکشێ
* * *
ڕێگە چۆڵ کەن، هەستنە سەر پێ!
زریان: گڤەی ون کردووە و بۆی ئەگەڕێ.
گەرمیان کوورەی کاوەکەسیە و جۆشدراوە
تەماشا کەن:
هەر چی گردۆڵکەی پێدەشتی لەشجنراوە
وەکوو دایکانی وڵاتم
بنچکی قژ و ئەگریجەی گژ و گیایان
لە ملیاندا ئاڵۆزکاوە!
* * *
مامەڕیشەکەس!
ئەی پڵنگی چنگ بە گڕی گەرمیانم!
بەیتی تازەی توحفەی ئەمڕۆی کوردستانم
لە ماڵانی گوند بە گوندی هەڵقرچاوا
تۆ قوتیلەکەی بەر هەیوانی
داسی دروێنە و، هەتاوی
سەر بانیژەی زستانانی.
مانگەشەوی. هێشووی ڕەزی.
هاژەی چەم و
وژەوژی دارستانی.
ئاگری شوانی.
وەکوو باران
وەکوو کانی
وەک دەغڵودان
خۆشەویستی
تۆ کوڕی بابەگوڕگوڕی
داستانێکی سەدەی بیستی!.