بانگ

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 5 خولەک  781 بینین
«با»ی ئەوین لە «ماردینشوێن»
کە تۆوی لاوکێ ئەفڕێنێ
شاخەوشاخ
دێ بە دێی بادینان ئەیهێنێ
بۆ ئەوەی:
لە وەردی حەیرانی سۆرانا بیچێنێ.
«با»ی ئەوین کە لەسەر ئاراراتشوێن هەڵئەکا
پاڵ ئەنێ بە هەوری گەردنی چیاوە
بەرەوخوار
ئەیداتە پێش خۆیی و بەپرتاو ڕائەکا
ئەیەوێ زۆر زووتر
بگاتە سەر «کەلار»
تاوەکوو تینوێتیی گەرمەسێر بشکێنێ و
لەسەر ئەو بەخوڕڕەم دابکا.
«با»ی ئەوین، کە لەسەر مەزاری
گوڵ گوڵی مەمکەس و زینکەس
فوو ئەکا بە کونی شمشاڵی «خانیکەس»دا
ئەوساکە هەر شیعرە و باڵ ئەگرن
هەرداوهەرد، دۆڵاودۆڵ
بەپۆل دێن
تا زووتر بگەنە ئاسمانی «خاکوخۆڵ»
ڕەشبەڵەک دەس بگرن لە دڵی «نالیکەس»دا.
کە لە «وان» بای ئەوین
شەهیدێ ئەبینێ ناوەستێ
دەس ئەبا و
لە قژ و کاکۆڵی قوربانیی کرمانجم
لە باخچەی خۆرەتار
گوڵی خوێن ئەچنێ و
لەوێوە بە باوەش
بۆ ماڵە پێشمەرگەی
ناو «کۆیەشوێن»ی ئەهێنێ.
* * *
ئەی خاکی جنراوم!
گوێم لێتە بانگ ئەکەی
گوێم لێتە زریانی ئازاری و هەڵئەکەی!
ئەی هەکار!
ئەی سەری خوێناویی کوردستان!
من بازووی لەشی تۆم، تەوێڵتم
چاو، چاوە
گلێنەی ڕاستت بم، چەپت بم
چاو، چاوە
هەردووکمان دووباڵی مەلێکین.
دوو سەری یەک پردی چەمێکین.
دوو برۆی پەیوەستی ڕوخسارێ.
دوو ڕوخی ڕووبارێ.
ئەی باکوور!
باکووری هەناسەی «بەتلیسی»
ئەی بەفری گڕگرتووی
سەر سنوور
ئەو وەختەی لەوێوە بزمارێ
بە سنگتا داکوتن
لێرەوە! خوێن لەبەر
شارەکەی من ئەڕوا!
گەر پرچی ڕەزێکت لەوێوە هەڵکێشن
لێرەوە زریکەی شەپۆلی سیروانم
سەر ئەکا
ئەی باکوور!
باکووری سێدارە و زیندانی مانگی ئاڵ
ئەی «مەمۆ»، ئەی «چەتۆ»ی
داستانی برسێتی و نانی تاڵ
ئەو وەختەی کەلەپچەی ئەستەموول،
کەلەپچەی ڕژێمی گورگەبۆر
دەست و پێی گۆرانیی
«دەرسیمشوێن»ت ئەبەستێ
ئازادیت ئەداتە بەر سوونگی
درەختی باخانت ئەکوژێ
ئەستێرەت سەر ئەبڕێ
ئەو وەختە! نە ئیستە
باکووری برینم!
باکووری ناوچەوان بەبەفر داپۆشراو
ئەی مێژووی سکسووتاو!
لەنێوان لووتکەوە
دەستی سەوز درێژ کە
جڵەوی ئەسپەکەی شۆڕشی «حسەین» و
«عەزۆ»تم لێ بگرە
هاوار کە:
پڕ بە دەم ئەشکەوت و ناو گەلیت هاوار کە:
ڕێم بدەن، ڕێم بدەن!
کاروانی چرام و بەڕێوەم
هیوام و بە پێوەم
هاوار کە! لە برای- ئەزبەنی- و پێی بڵێ:
من هاتووم بۆ ئەوەی
خوێن بدەم بە کەژی ڕەنگزەرد و
بە پەیژەی لاشەما
ئازادیی سۆران و بادینان
پێکەوە سەرکەوێ.
* * *
وەختێتی!
پێشمەرگەی کوردستان وەختێتی
ئەم خاکە ئەنجن و زامدارە
هەر سێ شت خواستێتی:
یەکەمیان: یەکێتی!
دووەمیان: یەکێتی!
سێهەمیش: یەکێتی!
وەختێتی!
مەفرەزە، مەفرەزە
وا ئێمە خۆمان بەست
وا ئێمە دووهەزار، چوارهەزار
دەهەزار دەستمان کرد
بە یەک دەست.
وا ئیستە بە پێوەین
ئامادە، ئامادە، ئامادە
ئامادەین وەک ئەوسای
سەر ڕێگەی داستانی «بێتواتە»
ئەی ڕیزی مەشخەڵان
کوڕانی - کۆمەڵە -!
مەسافە، مەسافە، مەسافە!
وەک ڕێچکە پشکۆکەی
ئەوساکەی
ناو شەوی «ئاڵوەتان»
ئامادە، ئامادە، ئامادە
مەسافە، مەسافە، مەسافە
* * *
ئەی باکوور
باکووری برینم
ئەی مانگی گیراوی ناو چنگی تاریکیی
بادینان! ئەی لانکەی سترانی دێرینم
هۆ برای زازۆیی و کرمانجم
من وا دێم، ڕێ مەگرن لە کڵپەی
نەورۆزی ئامانجم
ڕێ مەگرن لە چەپکی گوڵ سپیی
ئاشتیی من
ڕێ مەگرن لە تەوقەی ئەوینی
دەستی من!
ئەوەتا وا گورگی سەرکەوشەن
گورگی بۆز، گورگی ڕەش
بێکڵاو، کڵاودار، ڕیشنیان
لمۆزیان لە خوێنی ڕژاومان وەرئەدەن
بە هەڵپەی کەڵبەی تیژ، قەپاڵیان
ماسوولکەی لاڕان و سەرشانمان ئەپچڕن
گورگن و ناپرسن
بۆ ئەوان گۆشت گۆشتە
سۆران بێ و بادینان
کورد کوردە!
ئەی برای زازۆیی و کرمانجم
وا هاتووم ڕێ مەگرە لە تیشکی
ئاوات و ئامانجم
من هاتووم لە گۆڕی هەڵدێر و نشێوتا
مۆتەکەی سەرسنگی ناکۆکیی بنێژم!
من هاتووم برینی دەربەند و
لووتکەی شاخ ساڕێژم
من هاتووم بەیداخی بەفرینی
خۆزگەمت بۆ هەڵکەم.
ئەی برای زازۆیی و کرمانجم
من تیرە و، ئەم و ئەو، تاکەکەس ناناسم
فەرهادکەس م ئەم ڕەنجە هەر لەبەر
«شیرین»ی ڕەنجدەران ئەکێشم
من تەنها بۆ چاوی کوردستان
دێوانەم، عاشقم، دەروێشم!
* * *
ئەی برای، سەنگەر جیا
ئەی برای ئەو دیوی
دیواری من نەبین
وەرەوە سەنگەرێک هەڵکەنین
سەنگەرێک بەو پاچە هەڵکەنین
کە پاچی «چیمەن» و حەسارم
هەڵیانکەند.
سەنگەرێک تا ئیستە ئەسووتێ و
دوا جاریش
بە خوێنی «سەی کەریم» گڕی سەند.
براکەم! گەر چەمێک
لەم پەڕ بێ و لێکمان کا
سەدان چەم، زێ و ڕووبار
بانگ ئەکەن: یەک گرین!
براکەم!
گەر دەشتێک دڕکوداڵ لێکمان کا
سەد دەشتی گوڵجاڕی ئەم خاکە
بانگ ئەکەن: یەک گرین.
براکەم!
گەر ئاشتیم گوڵی گرت
گوڵێکی گوڵدانی چاوم بە
ژێیەکی کەمانی مژدەم بە
گەر دەنگی سەربەستیم هەڵیکرد
باڵێکی گۆرانی و بەستەم بە
گەر گڕیش کەوتەوە
براکەم! وەرەوە
پێکەوە گڕ بگرین
پێکەوە لە شاییی خوێناویی شۆڕشدا
دەست بگرین