تاڵانی سەر و ماڵم چاوی ڕەشی فەتتانت
لە کتێبی:
دیوانی کوردی
بەرهەمی:
کوردی (1809-1850)
2 خولەک
1721 بینین
تاڵانی سەر و ماڵم چاوی ڕەشی فەتتانت
پابەندی دڵ و دینم کاکۆڵی پەرێشانت
وەک خەنجەری زیجەوشەن تا ڕۆژی حەشر دەتکێ
خوێنی دڵی مەزڵوومان لەو ناوکی موژگانت
تەسخیری دڵی کردم حەملەی سەفی موژگانت
هۆش و خیرەدی بردم لەعلی لەبی خەندانت
سەر لافی ئەوەی لێدا گۆی عەرسەیی بازیت بێ
پۆسیدە بوو، نەیبوو تاب، بۆ زەربەتی چەوگانت
بۆ چم دەوێ ئەم قەلبە گەر نەیکەمە خاکی ڕێت؟
ڕۆحم بە چ مەسرەف دێ، گەر نەیکەمە قوربانت؟
خۆت بۆ ستەمان کەم بووی، بیستت قسەی ئەغیاریش
فیرعەونی زەمان، ئامان! گوێ مەگرە لە هامانت
دڵ دائیمە وەک بولبول موشتاقی دەهەن وازە
تا ئاوی حەیات نۆش کا لەو خونچەیی پێکانت
ڕۆیی دڵی مەحزوونم، داخم ئەوە نەمزانی
دوو چاوی ڕەشت بردی یا زولفی پەرێشانت؟
باکم نییە مورغی دڵ بیکەی بە کەباب ئەمما
بیدە بە سەگ و مەیدە دەرخوردی ڕەقیبانت
ڕۆح مایلی بۆسێکە لەم دامەنی پاکی تۆ
مانع مەبە لەم خێرە، دەستی من و دامانت
عەزمت ئەمە بوو ئەی دڵ! ڕیسوام بکەی و کردت
دەست هەڵگرە لێم ئیتر سا خۆت بی و ئیمانت
بۆ تیری قەزا سینەم بۆت بوو بە سپەر قوربان!
بۆ تەجروبە سا تیرێ باوێژەرە قەڵخانت
چاو قاتڵی عاشق بوو جادوو بەچە بوو عەییار
بۆ شوێنەونی دەسڕێ ئەم خوێنە بە دامانت
ئەزبەسکی فیراقی دی، وەک دۆزەخیان کوردیناسناوی ئەدەبی
یەکسانە لە لای ئێستا نەزدیکی و هیجرانت