ڕووبار

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  648 بینین
دڵنیا بن! شیعر خوێنمە
ڕەنگە بۆ پەستیی شاژنێک
بۆ دڵتەنگی پادشایەک
بۆ ترسی دوای خەوزڕانی
کچەمیر و شازادەیەک
بە دڵۆپێ چەند دڵۆپێ
زەردەخەنەی خوێنی شیعرم
وەکوو ساماڵ
دڵی پاشا ڕوون کەمەوە.
وەکوو هەتاو
پەستیی شاژن ڕابماڵم
وەک گوڵەباخ
ترسی شازادەی نەنووستوو
گەش کەمەوە.
بەڵام هەر ئەوەندەی جارێ
چووم و خوێنی شیعرم دانێ
دڵنیا بن لەو ساتەوە
وشەم ئەمرێ.
ڕستەم ئەمرێ،
بەستەم ئەمرێ.
کەچی هەمان خوێنی شیعرم
بەم ڕۆژگارە
ڕووبارێکە و هەژاری کورد
برینی لەشی پێشمەرگە
کیژی پێپەتی ناو کێڵگە
یەکە یەکە
هەر جۆگەیە و لێی هەڵئەگرن.
کەچی تا بێت:
مێوی بیرم هێشووی وشەی
زیاتر ئەگرێ.
باڵی بەستەم، بڵند و بەرز
ئەفڕێ و ئەفڕێ.
دڵنیا بن! شیعر خوێنمە.
دڵنیا بن ئەو ڕووبارە
مادەم سەرچاوەکەی «سەر»ی
ئەم گەلەیە
نە کەم ئەکا و
نە وشک ئەکا و
نە ئەشمرێ!