چەند چوارینەیەک

شیعری سروود «بۆ شەهیدانی قڕگە»
لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  1043 بینین
ئەو شەوەی قڕگە بوو بە گۆمی خوێن
بناری گۆیژەم سوور سوور هەڵگەڕا
شاری هەڵمەت و قوربانی و بەڵێن
بزە لە لێوی سەد ساڵەی بڕا.
***
لە جێی هەر قەترە خوێنێکی ڕژاو
تۆڵەی یەک بە دە ئەسێنینەوە
لە جێی هەر گوڵەباخێکی سووتاو
تۆوی هەزاران ئەچێنینەوە
***
ئەوان هێشوویەک ئەستێرەی شین بوون
بۆ دواڕۆژی کورد ئەجریوانەوە
ئەوانیش کێردی نامەردی و قین بوون
بۆ سەربڕینیان ئەبریسکانەوە.
***
بە ڕێگەی خۆردا بەرەو سەرکەوتن
کاروانی سووری ئەم کوردستانەین
ئێمەی نەترساو لە شەوی مردن
هەر ئەبێ ئاڵای سەربەستیی هەڵکەین