میوان

بۆ شاعیری شەهید «جەمیل ڕەنجبەر»
لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 5 خولەک  636 بینین
نیوەشەو هەندێ جار کە شیعر
ئەمباتە ناو دنیای سیحراویی خۆیەوە
ئەمخاتە سەر باڵی خەیاڵی دوورەفڕ
ئەو ساتە ساماڵ بێ یان زریان
باران بێ یان بەفر
ئەبینم، گوێم لێیە:
وا دەرگای حەوشەمان
جیڕەیەک ئەکات و تۆزێکی ئەترازێ
ئەبینم بێ خشپە، لەسەر لا
چاو زیتێ
قژنێ، ڕیشنێ
باڵاکورت
هەناسەسواربوویەک
هەر وەکوو مامزێ پێکرابێ و ڕاونراو
بە پەلە خۆی ئەکا بە ماڵدا
دوو پشکۆی بیلبیلەی
بە دەوری حەوشەدا ئەگێڕێ
ئاوڕێ، دوو ئاوڕ
ئەوساکە بەرەوژوور
هەنگاوی خێراتر هەڵئەگرێ
ئەگاتە بەردەمی پەنجەرەی ژوورەکەم
ئەوەستێ
بە پەنجە چەند جارێک لەسەریەک
لێی ئەدا:
- تەق، تەق، تەق-
بەئەنقەست دوو جاریش
لەسەریەک ئەکۆکێ
«تێئەگەم خۆیەتی:
«جەمیلکەس» ە
لە دوورڕا هاتووە
ماندووە
ئەزانم:
لەم ناوە بەتایبەت لای داوە
بۆ ئەوەی سەردانی من بکا!»
ئەشڵەژێم، خەریکە پەنجەرەم لێ ئەبێ بە دەرگا
سەرسمێک ئەدەم و پێخاوس ڕا ئەکەم
هەر لەبەر هەیواندا
باوەشی پیا ئەکەم
هەر وەکوو دوو لقی
دوو داری ڕاست و چەپ تێکاڵاو
من سەرم ئەخەمە سەر شانی ڕاستی ئەو
ئەو سەری ئەخاتە سەر شانی ڕاستی من
نە جارێ نە دوو جار نە دە جار
تۆ بڵێ هەزار جار
پەڵاسی ناودەمی
ئاوێنەی تەوێڵی
گەردنی ڕەنگ لیمۆی ماچ ئەکەم
گوڵاڵەی برینی سەرسنگی ماچ ئەکەم
ئەو وەختەی کە دەستمان لێک بەردا
بەرانبەر یەکتری دانیشتین
لە باڵا ئاوێنەی دیواردا
تەماشای خۆم ئەکەم، ئەبینم
سەرسنگم سوور بووە
ڕوخسارم سوور بووە
ژوورەکەم سوور بووە
بۆن ئەکەم
دەستوپل بۆنی گرت
بۆنی گوڵ، بۆنی خاک، بۆنی گیا
جل بۆنی بارووت و قژ قەوزەی ڕووبار و
ژوور بۆنی گۆگردی
ئەشکەوتی ناو چیا
* * *
سەرەتا بێدەنگیی خوێنێکە و ئەمگرێ
سامێکە و زمانم ئەبەستێ
ئەو کاتەی چنگی خوێن بەریدام
هەڵئەستم:
چایییەک و پەرداخێ ئاو دێنم
هاڵاوی چایییەکە و هاڵاوی هەناسەی
تەمێکە بۆ: کەمێ
لە ڕوومان ئەنیشێ.
- جەمیل گیان لاواز بووی
لاوازی
وەک کۆترەباریکە
وەک وەلی دێوانەکەس
وەک قەڵەم.
بە یەک بین ئاوەکە هەڵئەدا
چایییەکەی بەردەمی تێک ئەدا
قومێکی لێ ئەدا و دەستی چەپ
ئەخاتە سەرشانم:
- لاواز بووم؟!
شاخوداخ چاوەکەم! شاخوداخ
شاخ خاکە و شەمکەس دایکە و
من وەلی دێوانە و
من کۆترەباریکەی «کۆمەڵە» و
بۆ پەنجەی زارۆڵی هەژاران،
من قەڵەم.
پاش تۆزێ دەست ئەبا
لە پزووی شەرواڵدا
چوکلێتە نامەیەک
دەردێنێ و ئەمداتێ
بە دەنگێ، وەک وژەی دارستان بمدوێنێ
وەک شەپۆل، هاژەی دوور
بمگاتێ و بمدوێنێ
پێم ئەڵێ:
- دوێنێ شەو کە دیمن سێقۆڵی
«شەهابکەس و جەعفەرکەس و ئەنوەرکەس» بوون
هەرسێکیان لەسەر ئەرز چوارمشقی
لە دەوری ئاگری بە کڵپەی
ماڵێکی کۆچەردا دانیشتن.
هەر لەوێ، هەر لەبەر ڕووناکیی ئاگردا
بە نۆرە هەر یەکە و دێڕێکی نامەکەی
بۆ کیژ و، بۆ کوڕی
قوتابیی پێشمەرگەی شار نووسی.
* * *
سەعاتێ زیاترە لە چاویام
تەماشای خۆر ئەکەم.
سەعاتێ زیاترە لە دڵیام
گوێ ئەگرم لە خوێن و سەر ئەنێم
بە سنگی خاکەوە.
سەعاتێ زیاترە من ئەوم، ئەو منە
من پرسیار
ئەو وەرام
- جەمیل گیان بێدەنگی دە بدوێ؟
- مەنزڵم بڵاوە.
هەر ئەمشەو من ئەبێ پێیەکم لێرە بێ و
ئەوی تر لە بۆکانشوێن
هەر ئەمشەو من ئەبێ
بە سواری ئەسپەڕەش
دەمامک هەڵبەستوو
خۆم بکەم بە «قەڵای هەولێر»دا و
هەر ئەمشەو سەریش بەم
لە «مەمکەس»ی هەژاری ناو «بۆتانشوێن»
وا «جەمیل» بە پێوە وەستاوە
بەژن سوور
هەر ئەڵێی هەناری گوڵکردووی
گوێ ئاوە
بە ژووردا چەند جارێک دێ و ئەچێ
ئیستێک و لەبەردەم دۆڵابی
- «سەردەمێ دۆڵابی حاجەتی موبەق و،
ئیستاکە کتێبا»- ئەوەستێ.
ئەوەتا دانەوی و لە خانەی دووەمدا
سەرووخوار ورد گەڕا، دەستی برد
دیوانی «بێکەس»ی دەرهێنا
هەر وەکوو یەکەم جار
مەلۆتکەی جگەری تاقانەی هەڵبگرێ
بەو جۆرە هەڵیگرت
لەسەرخۆش چاوان و ڕوومەتی
دیوانی هەڵمژی و ماچی کرد.
- بۆ ئەڕۆی ئەی ئاسکە سوورەکە
بۆ ئەڕۆی!
بۆ ئەڕۆی ئەی مانگی
کاکۆڵ ئاڵ بۆ ئەڕۆی؟!
بەم شەوە بۆ ئەڕۆی
بارانە و ڕەهێڵە
دە توخوا هەر ئەشڕۆی
گوڵاڵەی زامێکی سەر سینگت
لەلای من جێبێڵە.
- بەنگ نابێ عەشقێکی ڕەوەندە و
بە تەنیا لە ماڵێ لانادا
بەنگ نابێ، خەمێکی کێوییە و
بە تەنیا لە شاخێ لانادا.
پێخاوس بە دوایدا ڕائەکەم
نایگەمێ، تیشکێکە و نایگەمێ
- بارانە و ڕەهێڵە
تەڕ ئەبی - جەمیل - گیان
تەڕ ئەبی!
وا ئیستە گەیشتە بەر دەرگا
ئیستێک و بۆ ساتێ ڕاوەستا.
ئاوڕی دایەوە، سەرێکی هەڵبڕی
مانگی سوور لە شەوی
ڕەشپۆشدا پێکەنی
ئەوساکە دەستی برد،
لەپەنا دیواردا
چەترەکەی هەڵگرتم
بێخشپە، لەسەر لا
بە درزی کراوەی دەرگادا
تێپەڕی و
بە تەنیا جێیهێشتم!.