هێلانە

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  713 بینین
چەند ڕۆژێکە
جووتێ کۆتر، کۆترەشینکە
تاقی پەنجەرەی هەواییی ژوورەکەمیان
تەنیا ژووری ماڵەکەمیان
لەو دیوەوە
کردۆتە هێلانە بۆ خۆ
بەیەکەوە ئەگمێنن
بە دەنووک ئەدەن لە شووشە
وەک حەز بکەن بماندوێنن
ئەیانبینم:
چاوی بادەمی زەردباویان
ئەبڕنە چاوی خەمگینم
بە ماڵی نوێی
پشت لە گڤەی بەر ڕەشەبا
بەختیارن
نە تینوو، نە برسییانە
مل لە باڵی یەک هەڵئەسوون
باڵەفڕێی خۆشییانە.
ئەی جووتە کۆترەشینکەکە!
من نازانم لە کام مەڵبەندەوە هاتوون
کام ڕێگای دوورتان بڕیوە
ئاوارەن و هێلانەتان لێ شێواوە
چیتان دیوە!
من نازانم! بەڵام ئەی داخ
ئەی جووتە کۆترەشینکەکە
ئەی داخ، ئەی داخ
تەمەنی ئەم شادییەتان
ئێجگار کورتە
ئەی جووتە کۆترەشینکەکە
ئەی نابینن دەموچاوم
ئەڵێی کانییەکە وشک و
پەستیم هەورە و دایپۆشیوە
ئەی نابینن دڵم ئەڵێی
شەمامەیەکی گوشراوە و
نیگای تەڕی خۆی نەسڕیوە
ئەی جووتە کۆترەشینکەکە
باڵ لێک مەدەن، مەگمێنن
بەیانیی دێن
نازییەکان دێن، ئەم گەڕەکە
ژوورەکەم و ژوورەکەتان
ئەڕووخێنن!