شیعری کاریکاتێر

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  901 بینین
بەیانی بوو لە «کانێسکانشوێن»
بە چاوی خۆم
«قەعقاع»م دی
برووسکەیە و شاڵاو ئەبا
ئازا، ئازا
هەر خۆی ئازا
دێتە پێشێ
قژی کچێکی قوتابیی
سیانزە ساڵان ڕائەکێشێ!
- هەلهولە، هەلهولە، هەلهولە
نیوەڕۆ بوو لەناو قەیسەری نەقیبدا
بە چاوی خۆم:
«سەعدیی کوڕی وەقاسکەس»م دی
تیر لە چاویەوە ئەباری
لە بازاڕی مانگرتوودا
قفڵی دووکانێکی شکان
چووە ژورێ
ئازا، ئازا
وەختێ لەو سەر هاتە دەرێ
ئارەقی زۆری ڕشتبوو
بەم دەست چەند تەبەقێ هێلکە و
بەو دەستی تر چەکەکەی خۆی
هەڵگرتبوو
- هەلهولە، هەلهولە، هەلهولە!