پەڕەسێلکەیەک

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  570 بینین
هەفتەیەکە
ڕووتوقووت هەڵیانواسیوە
چاوی ئاوساو، سەری کەوتۆتە سەر شانی.
پێست توێخێکی داماڵراوە
کە ئەیبینی:
ئەڵێی کەروێشکێکی لەڕی،
تازە لە قولاپدراوە
پەڵەخوێنی سەر کۆنکرێت
دڵۆپ، دڵۆپ
لە دیواریش هەڵپژاوە.
هەفتەیەکە
ئەو دڵە بچکۆلانەیە
کە هەر پڕ بە مشتێ ئەبێ
لۆکەیەکە و ئازاری مۆر
ئازاری شین هەڵئەمژێ
ئەو دڵە بچکۆلانەیە
سەعاتێکی جەڕەسدارە
هەتاکوو ژان قوڕمیش کات
ئەو زەنگێکی خەبەردارە.
هەفتەیەکە
ڕووتوقووت هەڵیانواسیوە
ئەو نەهێنییانەی لە لای بوو
بەستیە باڵی پەڕەسێلکەی دڵی و،
دڵیش بەرەو ئەو شاخانە هەڵفڕیوە.
ئەوا ئیستا
لەش ساردوسڕ
ساردوسڕ وەک
تاشێ بەفر
ئەوا ئیستا
لە مابێنی مەرگ و ژیندا
لە پەنجەرە بچکۆلەکەی ئەو بەرەوە
چاوی لێڵ بووی سەرنج ئەدا
ئەوا ئیستا بەیانییە
خۆرێکی تازە هەڵهات و
ئەمیش هێواش
چاوی لێک نا!