هەرەس

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  612 بینین
لەبیرتانە؟!
ساڵی هەرەستان لەبیرە؟!
لەبیرتانە؟!
ئەو بەیانییەی کە هەستاین
چاومان گڵۆفت
سەیرمان کرد:
شاخەکان: تفمان لێ ئەکەن
دارستان: پشتمان تێ ئەکەن
گوند، چەمۆڵەمان لێ ئەنێ
شاریش پێمان پێئەکەنێ
لەبیرتانە؟!
چەکەکانمان بە سەرماندا
چۆن ئەگریان
پاڕانەوە
داوێنیان گرتین کە نەڕۆین.
لەبیرتانە؟
بە زۆر، بە زۆر
دەسمان بەستن
دەممان بەستن
لە «مەخفەر» و «پادگاکان»دا
یەک یەک
گۆڕمان بۆ هەڵکەندن!
لەبیرتانە؟
لەدوای هەرەس
پەنجە: لە قەڵەم ئەترسا
برۆ: لە برژانگ ئەترسا
دەستی چەپ لە
دەستی ڕاست و
هەنگاو لە ڕێگە ئەترسا!
لەبیرتانە؟
لەدوای هەرەس
ئەو سەردەمە
کە پڵنگان چوونەوە شاخ
وەختێ بزە
کەوتەوە سەر لێوی قەندیل
بانگی سەفین
گەیشتەوە گوێی قەرەداغ.
لەبیرتانە؟!
ئەو سەردەمە
لەدوای هەرەس
کەس نەبوو کەس
جگە لە هەڵۆی کۆمەڵە
لەبیرتانە؟!