کام ڕێبوار

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  1050 بینین
باشە کەستان هەتا ئیستە
لە توولەڕێ و
هەورازەڕێ و
شەقامەڕێتان پرسیوە:
چ ڕێبوارێ
ساڵ دوانزەی مانگ
وەک ئەستێرە
وەک باڵندە، وەکوو هەور
چاوی لە تانوپۆتانە؟!
چ ڕێبوارێ
وەکوو درەخت
وەک تاشەبەرد
وەک مێرگ و وەرد
ئەتاندوێنێ و لەگەڵتانە؟
من لە تیپی پەنجا و یەکم
لە «جەولە» بووم
لەم سەر هەناسەی بەفرم برد
بۆ گەرمیان
لەو سەر گڕەم هێنایەوە
بۆ ڕێواسی قاچ تەزیوی
گەورەی کوێستان.
بە هەر لایەکدا تێپەڕیم
بە هەر ڕێگەیەک گەیشتم
ئەوەم پرسی:
توولەڕێیەک بۆرەقنەکشاو، پێچخواردوو هەتا سەر
پلەی ملە
لە پێچێکدا وای پێ وتم:
- ئەو ڕێبوارە ئێجگار ئێجگار
خۆشەویستە
کە ڕۆژانە بە سەرمانا
ئەڕوات و دێ
ئاو ڕاوەستێ، ڕاناوەستێ
بە تەقەڵی گەورەی هەنگاو
دەشت بە شاخ و
شاخ بە دەشتەوە ئەدوورێ.
دیسانەوە ڕێیەکی تر
هەورازەڕێ
ڕێیەکی تر
شەقامەڕێ
هەموو وتیان:
- لە هەمووتان خۆشەویستتر
ڕێبوارێکە
کە بست بە بست
ئەمانناسێ
نەهێنیی ئەو
لای ئێمەیە
ئەو ڕێبوارەش
هەر تەتەری پێشمەرگەیە!
* * *
ئەی تەتەری هاوڕێی «با»
ئەی هاوڕێی گەرما و سەرما
تۆ یەکێکی و هەموومانی.
تۆ هەموومانی و یەکێکی.
لەم سەر، لەو سەر
تۆ پۆستەی ڕاز و نەهێنیی
هەموومانت لە مشتایە
شیرین و تاڵ
سۆزی دایک
تاسەی برا
خۆزگەی خوشک و
شەوقی پرسی ژن و منداڵ.
بۆنی خۆشی دەزگیرانمان بۆ ئەهێنێ
ماچەکانمان لەگەڵ خۆتا ئەبەیتەوە.
شیعری هێشتا قژ خوێناوی
ناو زیندانمان بۆ ئەهێنی و
لەم سەر نامەی
باخێکی ئازادکراومان ئەبەیتەوە.
ئەی تەتەری هاوڕێی ئاو!
هاوڕێی سێبەر، هاوڕێی هەتاو!
تۆ هەموومانی و یەکێکی
تۆ یەکێکی و هەموومانی،
تۆ ئەو کەسەی من بزانم
وەک هەر بە پێوە ژیاوی
ئەبێ هەر بە پێوەش بمری.