گۆرانییەکی داواکراو

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  623 بینین
دوانزە ساڵە و هەموو ڕۆژێ
لەم وڵاتە غەمگینەدا
ڕژێمی خوێن و سێدارە
دایکێ، خوشکێ
لە پرچەوە هەڵئەگرێت و
لە ڕەنگی ڕەشی پرسەیان هەڵئەکێشێ.
تەماشا کەن: بەرگیان شەوە و
ئەستێرەی سەری بڕڕاوی
براکانیان، باوکیان، مێردیان
لەسەر سنگیان ئەجریوێنن.
تەماشا کەن: ئەو سەرانە
چاو لە چاوی
شۆڕشگێڕان ناترووکێنن.
پێش دوانزە ساڵ
ڕەشپۆشەکان ئەژمێردران و
هەر ئەوەندەی
لق و چڵی درەختێکی ڕووتاوە بوون
ئەژمێردران و هەر ئەوەندەی
دەرگا و پەنجەرەی گوندێکی
شاخنشینی چەوساوە بوون.
ئەی ئیستاکە چی ئەژمێری؟!
یەکە یەکە سنەوبەری
«سوارەتووکەی» چاو هەڵوەریو
چۆن ئەژمێری؟!
یەکە یەکە
ئەشکەوتی ناو شاخ و کێوی
هەتاو نەدیو چۆن ئەژمێری؟!
دوانزە ساڵە و هەموو ڕۆژێ
ڕژێمی مەرگ
گوڵێک، مانگێک
شیعرێکی تازە ئەکوژێ.
دوانزە ساڵە و هەموو ڕۆژێ
ئەم وڵاتە غەمگینەمان
لە پرسەی کانییەک، گردێک
باخچەیەکیا دائەنیشێ
ئەی وڵاتە غەمگینەکەم چاو هەڵبڕە:
گزنگ لە بزەی کازیوەی
ئەو لێوانەت هەرگیز مەبڕە
تەماشا کە: لەم شەوەدا
خوێنی شەهید
بارانی تووش
دەشتی گوڵاڵە ئەڕوێنن.
تەماشا کە: هیوا بولبولێکی سەوزە و
ئەفڕێ و لەسەر چەکی شانی
پێشمەرگەکان بۆت ئەخوێنێ.
ئەی وڵاتە غەمگینەکەم:
فاشستەکان
کە درەختێکت سەرئەبڕن
دارستانێ لە خۆیان ئەکەن بە دوژمن.
کە کانییەکت ئەکوژن
زۆریان لە تینواندا ئەمرن.
ئەی وڵاتە غەمگینەکەم:
تۆ گوێ بگرە
وا هەڵۆی سوور
چریکەیان پڕ بە ئاسمانی فڕینە
گۆرانییان باڵی تیشکی ئاگرینە.
ئەوا پۆل پۆل
لە دەوری سەری تۆ ئەخولێنەوە
ئەم سروودە ئەڵێنەوە:
وەک سبەینێ ئەو ڕۆژە دێ
دایک و خوشکە ڕەشپۆشەکان
ببن بە باخی زەرد و سوور
پەلکەڕەنگینە لەبەر کەن
ئەو ڕۆژە دێ
کانی و گوڵ و شیعری جوانیش
هەرگیز نەمرێ.