لە شەوێکدا

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  875 بینین
شەو بوو هەر پێشمەرگە و بەفر
بە بناری شاخەوە بوون
کە بەفر نووست
ئەوان وردورد هاتنە خوارێ
لە چوار لاوە هاتنە خوارێ.
* * *
شەو بوو لە بەردەرکی سەرا
تەنها چەن سەگێکی خوێڕی و
دوو پیکابی زەرد ئەبینرا.
* * *
شەو بوو قرمەژنی گوللە
گوێی گەڕەک و گۆڕەپان و
«سەرا»ی کەڕ کرد
بارانی گڕ بەخوڕ دایکرد.
* * *
لە چوار لاوە دەستڕێژ و تەقە بڵاوە
لە ژوورەوە، لە کونی کونی ژوورەوەی،
چەند ماڵێکدا
خائینەکان، وەکوو جرجی زراوتۆقیو
وەک تووتەڵەی بەر بارانی،
لە سەرمادا لەش‌ هەڵلەرزیو
خۆیان لەناو ئاودەستخانە و
ژێر زێرابدا حەشار داوە
لە چوار لاوە
دەستڕێژ و تەقە بڵاوە.
* * *
لە «دارۆغا»
پێشمەرگەکان وەک ڕەوەیەک
«بەور»ی چاو تیژ
شارەزای کۆڵان و گەڕەک
بست بە‌ بستی
دابەش بوون و ئەوسا هەر بۆ
پەنگ و عیبرەت
کلکی چەند جاشێکیان بڕی!
* * *
لە «ئازادی»
دوو پیکابی زەرد، وەکوو عار
زەرد وەک سیمای «هێتلەرکەسەکەی»
شاری بەغداشوێن
قین بارکردوو
چەند تەنێک تاوان هەڵگرتوو
دوو یەکانەی زامدار بوون و
تیژ ئەهاتن
لەناکاودا، لە پێچێکدا
هەڵۆی سووریان بۆ دەرپەڕی
لوولەی سەرشانی گڕهاوێژ
دۆزەخێکی بۆ داخستن
تیا توانەوە و
فریای دابەزین نەکەوتن.
* * *
هەر ئەو شەوە لە کانێسکان
پێشمەرگەیەکی حەڤدە ساڵ
لە بنکەدا ناویان نابوو
«هەژاری زاڵ»
باریکەلە و، لەشسووکەڵە
وەکوو ئاسک
چاو شین وەکوو قوبەی ساماڵ
گەردی خەمێ لە ڕووی نیشتوو
وەک باخی گوندێکی چۆڵبوو
لەو شەوەدا دەمێ خێرا و دەمێ هێواش
جارێک قیت و،
هەندێ جاریش بە کۆمەکۆم
ئەچووە پێشێ
تا بگاتە سەر بەنگەڵەی دوژمنان و
بە نارنجۆک دایانبێژێ.
* * *
لەناکاودا «هەژاری زاڵ»
کەوتە ناو تەلبەندی بۆسەی دوژمنان و،
بە ئەڵقەیەک دەوری گیرا
«هەژاری زاڵ» برووسکە بوو، هاتە دەست و
لە گورگە کڵاو ڕەشەکان
چواری خست و
لە دواییدا شەهید کرا.
هەر ئەو شەوە،
بێژنگی لاشەی بە پشتی
زیلێکەوە لە قاچەوە گرێ درا
بە سەر بەرد و دڕکوداڵدا
بە لیتاودا، بە قوڕاودا
ڕایانکێشا.
هەر ئەو شەوە لەشی سووری
لەسەر تەختی مەیتخانە فڕێ درا
دوژمن وتی:
چەتەیەکە بێناونیشان
بێدایک و باوک
بێکەسوکار
بۆ بەیانی کە خۆر هەڵهات
بینییان وا:
لە بەردەمی مەیتخانەی ئەم شارەدا
کۆمەڵ، کۆمەڵ
دەیان دایکی عەبا بە سەر،
کوڕ لە کێوان
ڕەش ئەچنەوە
بە بێدەنگیش پاڵەپەستۆ و پەلەیانە
هاتوون تەرمی، ئەو هەڵۆیە ببینن و
بزانن کوڕی کامیانە؟!