٨

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 7 خولەک  906 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 8
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
درەنگە.. درەنگە.. درەنگە.. درەنگە..
زۆر درەنگە
مێژوو ڕووی ئەکردە خوێن و وای پێ ئەوت.
ڕێوبانەکان ڕوویان ئەکردە ڕێبوار و
وایان ئەوت
ئابڕوو ئەبوو بە ئافرەتێ قژئاڵۆزکاو
بەرۆکدڕاو..
یەخەی شار و گوندی ئەگرت، ئەوەی ئەوت.
وشەکان ڕوویان ئەکردە قەڵەمەکان
وایان ئەوت.
منداڵەکان ڕوویان ئەکردە گەورەکان
وایان ئەوت:
درەنگە.. درەنگە.. درەنگە.. درەنگە..
زۆر درەنگە
* * *
شورەی چین و هەرەم و کۆشکەکەی بابل
یەکەم جار تەنها بەردێک بوو
بناغەیان
ئەو شاخەوانەی یەکەم جار
سەرکەوتە سەر لوتکەی ئەڤرستشوێن
چۆکی دادا بەو چیایە
ئەویش تەنها بە یەک هەنگاو
دەستی پێ کرد.
هاوڕێکەم!
کانییەکانی وڵاتەکەم خۆشەویستن
لە هەموویان خۆشەویستر
ئەو کانییەی
تینوێتی زۆری شکاندووم.
باخەکانی وڵاتەکەم خۆشەویستن
خۆشەویستر لە هەموویان
ئەو باخچەیەی
بەری زۆرتر بۆ گەیاندووم.
مامۆستایانی وڵاتم خۆشەویستن
لە هەموویان خۆشەویستر
ئەو مامۆستایەی یەکەم جار
فێری یەکەم حەرفی کردووم.
هاوڕێکەم!
شەهیدانی وڵاتەکەم تێکڕا هەموو خۆشەویستن
لە هەموویان خۆشەویستر
ئەو شەهیدانەی یەکەم جار
ترسی مەرگیان
بۆ بەزاندووم!
* * *
ترس ژوورێکە داخراو
بە چرپە باسی هەتاوی تێدا ئەکرێ
ترس پۆڕێکی غەمگینی هەڵکورماوە
وەکوو باڵی- کناچە- یان هەڵکێشاوە
کێرد بەبێ کییف ئەگەڕێت و سەر بەدەرگای
هەموو برینێکدا ئەکات.
سەر ئەکەوێتە سەر کەژ و، هەوار، هەوار
بۆ بەرەو خوار ڕاپێچ ئەکات.
کێرد قینێکی ڕەشی تیژە
زمانی کوردی ئەبڕێت و
گوڵ لە باخچە و دەغڵ لە کێڵگە دەرئەکات.
«مامەیارە» لە گۆڕ ئەهێنێتە دەرێ و
- عەگالێکی- لەسەر ئەکات.
کێرد قینێکی پەندخوراوەی دەمێ ساڵە
وا بەربووە
ئەڕوا ئەڕوا و ڕائەماڵێ و
ئێسک و پروسکی «مەولەویکەس» و
داربەڕۆکان بەیەکەوە ڕائەماڵێ.
* * *
ترس ژوورێکە داخراو
بە چرپە باسی هەتاوی تێدا ئەکرێ
چرپە ئەڵێ:
لەم بەینەدا چەند هەڵۆیەک ڕەنگە شێت بن
چوونەوە شاخ ئەم هەڵۆیانە لە ڕەنگ و
شێوەی باڵ و دەنووکیاندا.
لە هەڵۆکانی تر ناچن.
ئەمان سوورن
ئەوان بۆر بوون
وەک ئەفسانەن: دەر ئەکەون و ون ئەبن.
ون ئەبن و دەر ئەکەون. تینوویان بوو
لە ئەستێرکی چاوی یەکتر ئەخۆنەوە.
برسییان بوو گۆشتی ڕانی خۆیان ئەخۆن
بە ڕۆژ ئەنوون بە شەو ئەڕۆن
لەناو کونەگورگەکاندا ڕائەکشێن
پێشبڕکێ لەگەڵ شەپۆل و «با»دا ئەکەن
لوتکە لەژێر باڵیانایە.
ئەڵێن:
ئەم هەڵۆ سوورانە. لەسەر پشکۆ کڕ ئەکەون
برووسکەیان لەناو هەورا دەرهێناوە و
خستوویانەتە دەروونی خۆیانەوە
ئەڵێن:
ئەم هەڵۆ سوورانە بە شەوی زریان و بەفر
هێلانەیان ئەگوێزنەوە.
لەسەر لوتکەش نەبێ نامرن.
بەچکەکانیان لەناو گەردەلوولدا نەبێ قەت باڵ ناگرن
دۆستی هەموو بنچکێکن.
ئەڵێن:
ئەم هەڵۆ سوورانە
ئەگەر ڕێیان کەوتە گوندێ، تەنها مەلە هەژارەکان
لە زمان و هەڵفڕینی ئەوان ئەگەن
ئەم هەڵۆیانە زۆر سەیرن.
نان بۆ مەلە هەژارەکان ئەکەنەوە و نانیان ناخۆن
ئەم هەڵۆیانە ئەفسانەن
لە شەپۆلدا گەرا ئەخەن
چرپە ئەڵێن: ماوەیەکە شاخی قەندیل
لەناو هەموو شاخەکاندا
بە تەنها ئەو پێ ئەکەنێ
بینیویانە: چیتی هەورێکی گوڵ گوڵیی
«سەر» بەستێتی
بینیویانە و خۆی وتویەتی
بۆیە ئاوا دڵی خۆشە
چونکە هەڵۆی سووری داستان میوانێتی!
* * *
ترس وەکوو گرێ قوڵفەی پەتێکی شلە لە ملدا
دەنگ هەڵبڕی گرێ ئەچێتەوە یەک و مل دائەبڕێ.
چرپە ئەڵێن: کێردی ڕاوچی
قاقا بە هەڵۆ سوورەکان پێ ئەکەنێ
چرپە ئەڵێن: گوێیان لێ بووە وتوێتی:
جارێکی تر گەر بیست هەڵۆ
چوونەوە ناو دڵی شاخ و
بەژێر هەوری منا فڕین
جارێکی تر گەر بیست هەڵۆ
نزارێکیان کرد بە دۆست و
دەربەندێکیان کرد بە ئاشنا
ئەوسا ئەبێ منی چەقۆ
خۆم لەسەر تاوێرە بەردێ بشکێنم و
نەیبینمەوە پێکەنینی کەژ و چیا!
* * *
هاوڕێکەم، شاعیر نییە، مامۆستای سەرەتایییە
بیست ساڵە حەرف ئەچێنێ.
هەموو ڕۆژێ پەنجەرەیەک،
لەسەر دڵێکی بچکۆلە ئەکاتەوە.
بیست ساڵە دێراوی ڕستەی ناو دڕکوداڵ،
ناو بەردەڵان، بە پەنجە هەڵ ئەداتەوە.
هەموو ڕۆژێ لە تاریکی هەڵ ئەنوتێ و وازناهێنێ
هەموو ڕۆژێ بەسەر ڕێگەی تەباشیرا
دێت و ئەچێ و تۆز چاویلکەکەی ئەخوات و
واز ناهێنێ.
هاوڕێکەم، شاعیر نییە
بەڵام - کانی - ئەو حەرفانەی
لای شاعیرە، ئەم ئەچێتە ناویانەوە.
خشتی وشە دەرئەهێنێ و ڕیزیان ئەکا.
ژووری ڕووناک و چلچرا لەو وشانە دروست ئەکا.
هاوڕێکەم هەفتە و هەفتە
نامەیەکی قژتۆزاویم بۆ ئەنێرێ
هاوڕێکەم بەناو خەم و پێکەنیندا چاو ئەگێڕێ
هەرچی بینی بۆم ئەنووسێ
هەناسەی گۆیژە ئەخاتە ناو نامەوە و بۆم ئەنێرێ
ئاونگی چاوی تانجەرۆم بۆ ئەنێرێ
دەنگ و ڕەنگی هەڵۆکانم بۆ ئەنێرێ
هاوڕێکەم شاعیر نییە، مامۆستایە
بەڵام لە شیعر جوانتریش، لە دڵیایە!
* * *
هاوڕێکەم
نامەیەکی بۆ ناردبووم
هەفتەیەک بوو
هێشتا چاوی،
وشەی تەڕ بوو
بۆی نووسیبووم:
بەرەبەیانێکی پاییز لە پایتەختا
ئەو کاتەی سەرەتای ڕێچکەی،
خۆڵەمێشیی، کرێکارە خەماوێکان
لە شەقام و گۆڕەپاندا
بەرەبەرە دەرئەکەوتن
ئەو کاتەی یەکەم نەورەسی دیجلە ئەفڕێ و
شەپۆلەکان چاو هەڵ ئەبڕن
لەو کاتەدا
فەرمان درا
سێ هەڵۆی سوورمان سەربڕن!
* * *
دیجلە وتی: مەیانکوژن
شەپۆلم وا لە دڵیانا
نەورەس وتی: مەیانکوژن
فڕینم وا لە گیانیانا
- سەرو- وتی: مەیانکوژن
سەوزیم لەناو چاویانایە
هەور وتی: مەیانکوژن
گرمەم لەناو دەنگیانایە
مێژووش وتی: مەیانکوژن
ڕێگەم لەناو سەریانایە
سەریان بڕین
* * *
بەڵام هەتا سەریان بڕین
هەر بەرز ئەفڕین
هەڵۆ لە ئاسمانا نەبێ نامرێ
لەسەر سێدارەی خۆی نەبێ
لەنگەر ناگرێ
* * *
ئەو ڕۆژەی کێرد لە پایتەختا
سێ هەڵۆی کوشت
لە «قەندیل»دا
بیست باڵی گرت!.
* * *
ئاسمان ئەڵێ ئەستێرەیەکم کوێر ئەکەن
لە قوبەما دەی تر هەڵدێن
زەمین ئەڵێ درەختێکم ئەبڕنەوە
لە بێشەمدا دەی تر ئەڕوێن
تۆش سەرچاوە!
کانییەکت لێ وشک ئەکەن
لەبنارتا دەیانی تر هەڵ ئەقوڵێن
* * *
ساڵی: کتێب
ساڵی: ئافرەت
ساڵی: منداڵ.
ئەی نوێنەری کۆمەڵانی
گشت نەتەوەیەکگرتووەکان!
لێرە لە ساڵی کتێبدا
قەڵەمیان کوشت.
لێرە لە ساڵی ئافرەتدا
منداڵیان کوشت.
لێرە لە ساڵی منداڵدا
دایکانیان کوشت.
لێرە ئەمساڵ وەکوو پارە
پار: پێرار.
لێرە ساڵ هەر یەک ناوی هەیە
ساڵی: زیندان و سێدارە!.
* * *
چوومە پایتەخت
هەواڵی شیعر و چیرۆک و شانۆم پرسی
- پەیکەرەدیواری- بەرزی
هونەرمەندێ
شەهیدەکەی هاتە قسە و
وتی: کە لێرەوە ڕەت بوون
من خۆم دیمن
تاک.. تاک نەبێ
هەموویان وان
لەسەر خوانی
کۆشکی سوڵتان!
* * *
ئەو نووسینەی
شەهید چەمۆڵەی لێ ئەنێ
- دواڕۆژ- لە دۆزەخی خۆیدا
ئەیسووتێنێ!
* * *
هاوڕێکەم بۆی نووسیبووم:
ئەمڕۆ دوو قەڵەمی شەهید
سەرخوێناوی
گەیشتنەوە و هاتنەوە شار
باخێکی زۆر
باخی گشتی، باخچەکانی بەختیاری و، ناو سەرچنار
گردێکی زۆر شاخێکی زۆر
مامەیارە، سەیوان، ئەزمڕ، پیرەمەگروون
هەموو بەرەو پیریان ئەچوون
هەمان ڕۆژیش
لەسەر شانۆیەکی ملکەچ
چەند قەڵەمێکی چاوحیزی
ناوبانگ‌زڕاو
قەڵەمەکانی گیرفانی «موشیری حەمەی سلێمان»
«ڕاپۆرت»یان ئەدا لە بەردەقارەمان و
دەستیان ئەخستە ناو دەستی
«فرایزەر»و
ئەکەوتنە پێشی «سیکەکان»