٩

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  873 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 9
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
ئەو ڕۆژانەی
کە یەکەمین پۆلەهەڵۆ
بە دارستانی ئاگردا ڕەت ئەبوون و
دڕیان ئەدا بە دیواری نێزە و چەقۆ
ئەو ڕۆژانەی بە باڵی سوور
پەڵەهەوریان خوێناوی کرد
لە تاریکیی شار و گوندا
چرای چاوی خۆیان هەڵکرد
ئەو ڕۆژانە:
پیاوانی پووت
کەڵەشێرە بەزیوەکان
لە هەندەران
زاریان بۆ بەختی نەهاتی کورد هەڵ ئەدا!
لەسەر مەسەلەی ڕەوای کورد!
لەناو یەکدا
چەڵەمشکێنەیان ئەکرد
گەر تاقەتیشیان بچوایە
یەکی مێشکوژێکیان پێ بوو
مێشیان ئەکوشت!
* * *
هاوڕێکەم
بۆی نووسیبووم
هاتن.. بردیان
وتیان تەنها دەقیقەیەک
دایکی لەبەر دەرگاکەدا هەڵتروشکا
دەقیقەیەک بوو بە مانگێ
بوو بە ساڵێ
دەقیقەیەک بوو بە حەوت ساڵ
دوێ ئێوارە
لەگەڵ خەڵک و خوای گەڕەکدا
دایکیمان ناشت!
* * *
لە هاوڕێکەم نەگەڕان
هەتا ڕۆژێ دەموچاویان
خستە بەر دەس پەیکەرتاشێ
بۆ ئەوەی تێکی باتەوە و
سەر لەنوێ بیتاشێتەوە
هاوڕێکەم!
دەموچاوی خۆی لە تەشوێ
ڕاپسکان و
چووە پاڵ هەڵۆ سوورەکان!