٧

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  921 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 7
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
گیانم قەوزەیەک گرتبووی
وەکوو چنگی قرژاڵ وابوو
نەمئەتوانی بچمە ناوی و پەل بهاوم
نەمئەبینیت
تۆ لە تەنکاوا ناژیت و فێری ناخیت
تۆ مرواریت
ئەموت تازە ناتدۆزمەوە
ئەموت.. هەرگیز جارێکی تر
لەو زنەی نیگا ڕوونانەت ناخۆمەوە
ئەم دیواری شەوەزەنگە
چۆن ئەڕووخێ؟!
سی ساڵی تر؟ چل ساڵی تر؟!
ئەموت، هەواری خۆڵەمێش
چۆن ئەبێتەوە بە ئاگر!
چاویلکەکەم قەترانی بوو،
بەفریش وەکوو پەڵەخوێنی وشکەوەبووی
سەر ڕانکوچۆغە شینکیەکەم
ڕەش، ڕەش ئەینواند
گیانم قەوزەی وەڕسبوونێ
تێی ئاڵابوو
دایکم ئەیویست بە نینۆکە تیژەکانی
بیڕنێت و ئاسوودەم کات
من حەوزێکی پڕ گومانی
لیخن بووم و
ئەویش ئەیویست دەرم بدات!
* * *
لەسەر سنگت تۆپی ئاسنە شەوانی دوورە وڵات
ڕائەکشایت، چاوت ئەبڕیە: وێنە دێرینەکەی دایکت
ئەتویست بچیتە چاوێوە. ئەتویست لەناو قژیا بنووی
ژێر چەنەکەیت ماچ ئەکرد
لەپڕێکدا، وەک تارمایی
دەستێک ئەهات
دەستی جانەوەرێ، تووکن.
درێژ ئەبوو، چوارچێوەی وێنەکەی ئەشکان.
سەرپێچەکەی. سرکەییەکەی، کڵاوەکەی
دائەگرت و دەسماڵەکەی ئەکردەوە و
لەبەر چاوی تۆ ئەیسووتان.
ڕائەپەڕیت
وەک شێت و هار دەرئەپەڕیتە دەرەوە و
لە کەناردا دائەنیشتی و
لەگەڵ فوراتدا ئەگریایت!
* * *
ساڵی داڵەکەرخۆرەیە
پۆل.. پۆل ئەفڕن
ئەنیشنەوە و
دەنووک لە چاوی شاخ ئەگرن.
ئای شاخی تانەلەسەرچاو
شاخ و داخی هەڵۆکوژراو
هەتا ئیستەش
ئازارێکی چەند بەسامی!
* * *
هەتا برین قووڵ بێتەوە
مەرگی چەقۆ نزیکترە
تا بەخشینی گیان کەمتر بێ
ڕێگەی خۆرەتاو دوورترە!
* * *
ئەوەی هەتاوی ناسیوە
وڵاتی تاریکی دیوە