٥

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  770 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 5
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
لەو ڕۆژەوە کە شاخ و داخ دارستانی بەریان دڕی و
وەکوو کۆمەڵی چەتەوڵ لە بەردەمی شیرەکاندا ڕووت بوونەوە
پاڕانەوە و کەوتنە سەر چۆک، لەو ڕۆژەوە ڕەوەز گریا.
کەژان قژیان دەسکەنە کرد، بەپۆل هەڵۆ سەریان هەڵگرت.
سەنگەرەکان ڕایان ئەکرد. قەڵەم ملی وشەکانی خۆی
ئەقرتان. شەپۆل هاواری ئەکرد و ئەیقریشکان.
لەو ڕۆژەوە کە کانییەکان، لێڵایی چاویان داهات و کوێر بوونەوە.
قولاپەکان یەکەیەکە ماسی گیانی
گۆمەکانیان دەرئەهێنا و هەڵیان ئەدڕین.
وەرد و کێڵگە بووبوون بە ئوردوگای کوللە
گرد بە گۆڕستانی کوللە. تفەنگەکان سەر
بەرەو خوار هەڵئەچنران. هەتا ئەکران
بە هەرەمی دیوەخانی والی و سوڵتان.
لەو ڕۆژەوە ئیتر ترس
ئەم زەمینەی تەلبەند کرد و
بێدەنگی بوو بە پێشڕەو و
یاسای ژیان
لەو ڕۆژەوە! چرامردوو
بارگەی هەڵدا تاریکستان!
* * *
لەو دەمەدا
پیاوانی خوێن و هەتاودز.
پیاوانی پووت
پیاوانی بیرعەمارەپۆ
لەناو لنگی سۆزانییەکانی تاراندا
لاسلکییان بۆ یەک ئەکرد،
شفرەی هەرەسیان حەل ئەکرد.
لەو دەمەدا
لەسەر شەقامی «پەهلەوی»
لە «خانەدا»
چاومان لێ بوو
جڕتیان بۆ «هەندرێن» لێ دا و
کێریان نیشانی «زۆزک»دا!
* * *
لەیەک کاتدا
دوو شاعیر بووم لەناو خۆمدا
لەو ڕۆژەوە
دەستکێشێکی ئاسنینم لە دەست کرد و
دەستم بەناو دڵما ڕادا
گەڕام.. گەڕام
هەتا ملی شاعیرە خۆشبڕواکەم گرت
هەڵم کێشا و دوور توڕم دا.
* * *
ئەو شیرەی دەستی پەڕاندم
فێری کردم
شیعرەکانم
بکەم بە شیر!
* * *
هاوڕێکەم!
بۆت نووسیبووم
بە کێوەکانی شیعرەکەت
بڵێ، بۆچی
پەستن... ئەگرین؟
بۆ نازانی
ئەی هاوڕێ؟!
ئەو کێوەی هەڵۆی تیا نەبوو
پێ ناکەنێ!
* * *
هاوڕێکەم!
ئەمڕۆ دارخورمایەک وتی:
با بیابان جێ نیشتەم بێ
کە خۆشەویستی ڕەگی خۆی
بە ئازارا شۆڕ کردەوە و
گەیاندیە ئاو
باڵندە خۆی پەیدا ئەبێ و بۆم ئەخوێنێ
«با» خۆی دێت و ئەمدوێنێ
* * *
هاوڕێکەم!
بۆ لات سەیرە؟
زۆر جار سیاسەت پیاوێکە کەتە و ورگن
شەپقەلەسەر
پیرە و بەڵام گەنج ئەنوێنێ
ئەم کابرایە
ئەفەندییە و سەرڕووتاوە و
جانتابەدەس
سەد گیرفانی بۆ جلەکانی کردووە
هەرچی زمانە پێی ئەدوێ و
ناویشی:
- بەرژەوەند- یە!!
* * *
هاوڕێکەم؟
ئەوەتا وا
سنوورەکان بوون بە گاسن
بەسەر کێڵگەی لەشی مندا
دێن و ئەچن
وەرە پشتم هەڵبەرەوە
چی ئەبینی
- چۆن نازانم!
نەخشەیەکی کوردستانی
ئەنجن.. ئەنجن.