٤

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  937 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 4
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
وا ئیستاکە
فورات و دڵم دراوسێن
ئەو سترانێکی غەمگینە و
شەپۆلی کەنار ئەیژەنێ و
دڵیشم ژوورێکە تاریک‌تاریک وەکوو گوندی قەندیل.
شەوانێکە
خەم چاوی خەمی تەنیشتی تیا نابینێ
من لەناو خەڵوەتی «مەی»دا
هەموو شەوێ، دائەگیرسێم
پێک چرایە و ئەیخەمە شوێن نەهێنیەکان
ملی خەیاڵ.. بەرەو گەردوونی ناوەوەی
گیانم ئەنێم..
کە پێک هۆشم ئەخواتەوە
ئەستێرەکان ڕام ئەژەنن..
کە پێک سەرم لەم نەخشەیە ئەکاتەوە
بەدوای یەکدا خەونەکانم
لەسەر مێزی وەنەوزدەری
بەردەمی دوای
نیوەشەوم دائەبەزن.
ئەتوێمەوە
ئەی گیانی من.. خۆت ئەزانی شەوانێکە
خەم چاوی خەمی تەنیشتی تیا نابینێ
شەوانێکە ڕایەڵی ئازارەکانی
بێسنوور و کۆتایییە
من مەستێکی بێقاچم و
شوێنکەوتووی دوای تەرمی خۆمم
ناڕۆمەوە
گلێنەکەم خۆت ئەزانی
ماڵم هەیە هەتاکوو من بڕۆمەوە؟
شەوانێکە بەتەنیا پێک
مەگەر ئازارم سڕ بکا و
لەسەر ڕانت تەنها تاوێ
گێژەنی ناو سەری ماندووم بسرەوێنێ
فریشتەکەم بێنە ڕانت
من ئەمەوێ ئیستە بنووم
من ئەمەوێ ئیستە...
من ئەمەوێ...
من...
م...
* * *
سەرنج ڕووا
بۆ نەهاتی؟
تا هیچ نەبێ گوێیەک بگری،
لەو لاوکەی کە ئیستەکە
لە شمشاڵی شوانێکەوە
لە قەدپاڵی بێ داربەڕووی کەژەکاندا،
ئاوازە ئێش لە سنگمەوە هەڵئەمژێ و
ئەیڕێژێتە ناو سەنگەرە چۆڵەکانی فەرهادکەسەوە
نە فەرهاد دیارە و نە شیرینکەس
بۆ نەهاتی؟
من ئەترسم وام لێ بکەی کە وەرزەکان
بە چوار دەستە تەرمی غەریبیم هەڵگرن
هەڵی گرن و ئێوارەیەک.. بە خۆرنشین
خۆیان بکەن بە ناو گیانی ماتی تۆدا
من ئەترسم لەو ساتەدا
بەفر ڕێگەی دڵدارانی شارەکەمی گرتبێت و
کەس دیار نەبێ
زوقم و سەرما دەست و پەنجەی
درەختی لە گۆ خستبێ
مەل و باڵندە دیار نەبێ
نیگام ڕووا
بۆ نەهاتی؟
وا بووم بە هەڵمی سەر فورات
بۆ نەهاتی؟
* * *
ئارام هەورێکە بە پێچ و ژار و ژەنگە
بارانی تیا بەند کراوە
هێلانە چۆڵەکەی دڵی باوکێتی من
زەردەمارێ وا لەناویا
باڵی فڕینم بەستراوە
دێمەوە لات؟
ئەی «هەڵۆ» گیان دێمەوە لات؟
دەستەکانم دوو لقی وشکی درەختی
تینووی لەشمن
لە کەناری دورگەی لمدا ئەبنە زوخاڵ
نەهاتە ساڵە هەڵۆ گیان نەهاتە ساڵ!
شارە مێروولەی قڵیشی بەردەمی من
داویانەتە چاوی ئاو و دەریدێنن
تاریکستانە هەڵۆ گیان تاریکستان
بەسەر سەرما ئەی هەڵۆ گیان
داڵەکان خولە خولیانە و لە ئێستەوە چاوەڕوانی
دەم بەیەکدادانم ئەکەن
ئەیانبینم.. نزم ئەفڕن
ئەیانبینم.. دێنە خوارێ
چۆن بتگەمێ ئەی هەڵۆ گیان چۆن بتگەمێ
ڕێگەکانی نێوان من و چاوانی تۆ
بە دارستانی نێزە تەنراون
ڕێگەکانی نێوان من و گۆیژە
چەقۆن چەقۆ!
دە ڕوخساری گریاناویی خۆتم تێ کە
با ئەم شیعرەم پەڵەی خەمێکی تر بدات
من ئەزانم هەر کڵۆڵی و
شیعرت بۆ بەجێ ئەهێڵم
وەک باپیرەت بۆی جێ هێشتم
نەهاتە ساڵە
هەڵۆ گیان
نەهاتە ساڵ.
من نازانم ئەی هەڵۆ گیان
دێمەوە لات،
دێمەوە لات؟
* * *
سلێمانیشوێن گەڕەکی ئەزمڕ- ژمارەی خانوو
٢٢٤
دایە!
دایە!
کوڕەکەت ئێستە قەقنەسە و
لە مەخفەرێکدا ئەسووتێ
کوڕەکەت زامێکە وێڵ و
بەم ڕۆژگارە
لە گوێ فورات
دەس بە پرچی خەما دێنێ و
سەر کوڵمەکانی ماچ ئەکات.
دایە! فورات هاوڕێمە
نامۆیی من ئەخواتەوە
شەو دێ بۆ لام
لەتەکمەوە لەسەر چرپا شکاوەکەم
ڕائەکشێ
ئای کە دڵم ئەداتەوە
تا درەنگان، تا نەزانێ
باڵە فڕێی خەو لە چاوما خاو بۆتەوە
جێم ناهێڵێ و ناڕواتەوە
دایە! فورات دەرگای دڵی،
پەنجەرەی سەر شەپۆلەکان
هەر بۆ غەریبە وێڵەکان ئەکاتەوە
ئەو کە ئەڕوات
ئاوڕ لەوان ئەداتەوە.
دایە!
دایە!
مادام فورات لەگەڵمایە
مەراق مەخۆ
وابزانە خۆتم لایە!
دایە توخوا لەبیرت بێ
کە چوویتە لای گۆیژە و ئەزمڕ
پێیان بڵێ
شێرکۆ ئەڵێ!
بۆ ئەو شیعرەی پێیان وتم
داومەتە دەست شەپۆلەکان
بیبەن، بیگەیێنە «سیروان»
لە بێدەنگیی نیوەشەودا
لەو کاتەدا..
کە مانگ شەوقی چراکەی دەستی خۆش ئەکا و
بە کۆڵانی پەڵە هەورا تێ ئەپەڕێ
لەو بەرزەوە
ئیستێک ئەکا و
سەرنج لە گوندێکی سووتاو ئەگرێ
لەو کاتەدا با گوێ هەڵخەن
گوێیان لەو هەڵبەستەم ئەبێ!
تێبینییەک:
پێیان بڵێ
بەتایبەتی
فورات سڵاویان لێ ئەکا!!.
* * *
ئەمڕۆ فوراتم ڕوون بینی
تێ ئەپەڕی و ئەی وت: کاکە
نە ڕنو بەفری کوێستانان ئەچێتەوە و
نە ئاوی من ئەبڕێتەوە!