٣

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  965 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 3
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
هەرێزی شەو بە لەشتا ئەتەنێتەوە
تۆ خاکێکی بەبڕشتی
هەموو وەرزێ
هەر یەک و سەد گوڵەژانی تازە ئەبڕی
هەرێزی شەو بە لەشتا ئەتەنێتەوە
تۆ پردێکی ڕەشپۆشیت و
بەم ڕۆژگارە
خەمی سووریی ئەم شاخانە
بەسەرتا ئەپەڕێتەوە.
* * *
لەم شەوەدا درەختەکان بینایییان:
وەکوو شووشەی چرایەکی دووکەڵخواردوو،
نابینێت و هەر کە هەنگاو هەڵئەهێنن
بەسەر یەکدا ئەکەون و پەل ئەکوتن
هەر تەڵەزمە و ئەچێ بە چاوی گەڵادا
دارستانێ هەمووی کوێرە!
لەسەر ترۆپکی شاخەوە
کە شوانەکە دائەگەڕا و
قۆڵی ئەکرد بە قۆڵی گۆرانییەکانیا
گاڵۆکەکەی ئەکرد بە سەرینی دەستی
ئەوسا ئیتر دارستانی دار بەڕووەکان
هەڵئەپەڕن، ئەیانزانی،
هیچ ڕووبارێ شەپۆلی لێ نەمردووە و
هیچ دڕکێکیش نەیوێراوە
سەر بکێشێتە ماڵی هیچ گوڵێکەوە
ئیتر هەتا گۆرانی شوان
کڵاوی قوچی لاوک و حەیرانەکەی،
لارتر لەسەر سەری کەژ و
گردۆڵکەکان دابنایە
سەمای بەفر و قەڵبەزەکان
باوەشیان ئەکرد بە ملی کوردستاندا و
گەنج ئەبۆوە ئەم دنیایە.
* * *
لەم شەوەدا بەرانەکێوی شاخی خۆی لێ بۆتە تەوق
ئەوەتا گشت پێدەشتەکان وەک ڕانەمەڕ ئەبڕنەوە
شانەی هەنگ و هێلانەکان
بۆ دورگەی مەرگ ئەگوێزنەوە.
* * *
ئەسپەکان چۆڕچۆڕەی فرمێسکیان
کەوتە بن سمەکان
تەوێڵیان وەک ئاڵای جێماوی ئۆردویەک،
لە غاردا جێ هێشت و کەوتنە ژێر لمەوە.
ئەسپەکان حیلەیان لە قوڕگیان جوێ بۆوە
مێخەکان سواریان بوون
بڕوانە ئاوزەنگی چۆن لەپاڵ ئاخوڕدا
بۆ قاچی سوار ئەگری!
«ئەسپەکان زریانی تووڕە بوون
لەبەر پێی زەمیندا مەحاڵیان یخ ئەدا»
* * *
تۆ گوێ هەڵخە با بزانم
کوروزانەوەی گەنم و ئەم زەمینە
چۆن لە یەک جیا ئەکەیتەوە؟
ناڵەی پەلکەگیا و ئەو شیعرە
بە چیدا ئەناسیتەوە؟
تۆ گوێ هەڵخە و من پێت بڵێم: گوێت لە چییە!
* * *
لە سەرانسەری وشەدا بزووتنەوە قەدەغە بوو.
حەرفێکی زۆر خرانە ناو خودەکانی ئۆردوگاوە.
زەردیان گرت
سووریان کوشت
شین هەر بە پرچی خۆی هەڵواسرا
سەوز ئاوارەی وڵاتی گریان کرا
لە سەرانسەری تابلۆ- وشەدا
بوو بە پرسە!
* * *
کە گۆڕیچەی گوڵەکانیان هەڵدایەوە
تیایاندا بوو نەژاکا بوو
چاوم لێ بوو بولبولێ بۆ
تەرمی گوڵێک ئەگەڕا
کە دۆزییەوە پێیان وت: چۆن ناسیتەوە؟
ئەم ناونیشانەی هەڵدا:
گوڵ ئەستێرەی سلێمانیشوێن دابوو لەسەر
مانگی پاوانەی سابڵاخشوێن ی لە قاچدا بوو
کراسی گۆمەشینەکەی وانشوێن و ورمێشوێن ی ئەکردە بەر.
* * *
ئێوە بڵێن
ئەو پۆستەیەی کە خوێنی خۆم ناردبێتی
نەیگەیێنم؟
ئاوێنەیەک سیمای شاخ و هەردەکانم
لێ بگۆڕێ
نەیشکێنم؟