٢

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  869 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 2
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
- «آغا بیافارسی»
- بۆچی لێرەین؟!
دەریاچەکەی سەرووی «ورمێشوێن»
ئاسمانێکی دابەزیوو بوو.
پەڕەسێلکەی هیلاکی چاو
نەگەیشتە هیچ لایەکی و ئەهاتەوە
لە خوێ ئاودا، برینەکان، بەبێ ئەوەی فێریان بکەن
ئەیانزانی چۆن دەستی خوێن ئەبزوێنن
بەبێ ئەوەی فێریان بکەن،
ئەیانزانی بە کام زمان خەمی دەریاچە ئەدوێنن
- ئەی دەریاچە ناسیاوە نەناسیاوەکە ئەمانبینی؟
ئێمە دۆست و کەسوکاری،
«گەلاوێژ»ێکین کاروانمان ون کردووە.
- «آغا بیافارسی»
- «ئێمە لە کوێین»؟
لە بەستێندا ئێمە لم بووین
وێڵ بوون لە دەنگی «گووگووشکەس»دا
دەستی بەسەر سەری نەرمی،
ئاسکی دڵماندا ئەهێنا
بەڵام جەخار! دەرزی هەموو قەوانەکان
لە برژانگی هەڵکێشراوی خۆمان بوون و
خاتوو گوگوش
بە دێوەجامەی زەرد و سووری ئاوازەکان
ڕاوی ئاسکەکەی ئەکردین.
جەخار! جەخار!
لە بەستێندا ئێمە لم بووین
بچووکترین منداڵی «شا»
بە چیلکەیەک:
«پایان»ی لەسەر ئەنووسین!
- قوربانتان بین، ئاگادارن؟
- ئێرە کوێیە؟
شەقامەکان ڕیزە تابووتێکی ڕەش بوون
سەرەکانیان کرا بۆوە
لەناویاندا- موعینی- یەکان ڕاکشابوون
کە بەسەریاندا ئەڕۆشتین
دەرەلنگی
شەڕواڵەکانیان ئەگرتین
«ئەوە چۆن بوو نەئەمردین»؟
- ئێرە کوێیە؟
سەرەتا بوو: پەیکەری باوک و کوڕەکە دەم‌بەخەندە
لەسەر سەکۆ هاتنە خوارێ و پێشمان کەوتن
جانتاکانیان بۆ هەڵگرتین
لە ئوتێلی - ئاریان - دا
کام ژوور پۆشتە و ڕازاوە بوو
بۆیان گرتین
- سوپاس، سوپاس!
وەختێ ئەوان گەڕانەوە سەر سەکۆکە
کۆنەزامێکی مەهابادشوێن زۆر بەپەلە هاتە لامان
- دەخیلتان بم چاوم لێ بوو
کە باوکەکە چاوی لە کوڕەکە داگرت
دوو سێ کەڕەت چاوی داگرت
دەخیلتان بم چاوم لێ بوو
دەخیلتان بم!
- ئێرە کوێیە؟
کۆتایی بوو، پەیکەری کوڕ و باوکەکە دانەبەزین
پشت لە ئێمە و ڕوو لە پیاوە پووتەکانمان
هەڵئەپەڕین
کوژراو بووین و هاوارمان کرد
کوژراو بووین و ئەمانبینی:
- ئەوە مێزەرە سپییەکەی «محەمەدە»
بۆتە دەسماڵی سەرچۆپی
مەرگێکی سووری دووبارەی
بەهاری شار
ئەوە چۆغەی موعینییە،
بەسەر ئەسپی «قودسی»یەوە
دەوران ئەکا و
جارێکی تر
ئەیجۆشێنێ کۆتەڵی شار!.
* * *
ئەی تفەنگەکەی «موعینی»
تەنها ئەو وەختە ببوورە
لە پیاوکوژان
گەر توانییان جارێکی تر
«موعینیت» بۆ بهێنینەوە
بتکاتە شان.
* * *
بە دڵدارانی شەم بڵێن
حەریقێ بەربۆتە دڵم
هەر کە ئەدوێم
ئەبێ بە وەرزی ژیلەمۆ و پشکۆبارین
بە دڵدارانی شەم بڵێن
لەبەر بۆن و بۆکروزی جەرگی منە
باخان چاویان پڕ ئەبێ لە ئاو و، کەژان
هەموو وەکوو دایکم ئەگرین.
بە دڵدارانی شەم بڵێن
با بە دەرونما هەڵگەڕێن
بەڵام هێواش، نەبا پەیژەی
ئێسکم بشکێ
وا ئەکەوم!
بە دڵدارانی شەم بڵێن
با دەس بەنە پەلی شەم و
لەناو دڵما دەری بێنن
دەری بێنن
با بسووتێم ئەو نەسووتێ!
* * *
خۆ ئەمبینن!
من سووتاوم و لەسەر تەختی ناوچەوانم
گوڵان ئەڕوێن
ئەی دڵدارە ئاوارەکان!
تەماشا کەن
ورد بنەوە کام گوڵ، شەوقی چاوەکانی
ئەگاتە شەوقی چاوانی،
گوڵاڵەی خوێن.