١

لە کتێبی:
داستانی هەڵۆی سوور
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  1430 بینین
داستانی هەڵۆی سوور 1
بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
«ئادەمیزاد قەت بۆ ئەوە نەخوڵقاوە تا ببەزێ!
ئەشێ مرۆڤ تێک بشکێنرێ بەڵام هەرگیز نابەزێنرێ.
ئێرنیست هیمنگوایکەس
لە ڕۆمانی «پیرەمێردو زەریاناوی تایبەت»وە
هەور تەتەرێکە خێرا و مژدەی سەوزی
ئەم بارانە ئەدا بە تۆ
بچۆ بەری
بچۆ بەری و
لە خۆشیاندا تێر تێر بگری!
زۆر دەمێک بوو، ئاسۆ وەکوو
شاعیرێکی تەنیای چاوشین
ئانیشکی دادابووە سەر کەل
غەمگین.. غەمگین،
بەر پەنجەرەی چاوەڕوانی گەڕانەوەی
باڵندەی وشەی گرتبوو
بەیانییان زوو
ژانی نەنووستووی ئەو، ئەبوو:
بە نامۆیەکی گەڕیدەی سەرهەڵگرتووی
شاخ و دۆڵی
وڵاتی تەم
وڵاتی خۆی
لە ئەنگۆرەشدا، هەناسەی
ئەبوو بە کزەبایەکی
باوەشێنکەر
بۆ ئاگردانی برینی پڕ لە پشکۆی
سەرنجی وێڵ ئەفڕی و ئەڕۆی
لەو سەرەوە، برژانگی تەڕ ئەهاتەوە
هیچ دیار نەبوو کپ و خامۆش
هیچ دیار نەبوو کپ.
هیچ دیار نەبوو
هیچ!
* * *
باڵندەکان لە کۆچدا بوون
ڕێگە ون و کۆچ بێوادە
هەتاو: لە تەما خنکابوو
زەریا: کاروانی قووت دابوو
هەوار: دووکەڵ، وشە: نمەی
نەباریو بوو.
چاوی شاعیر دوو ئەستێرەی
خۆڵەمێشی، لەناو سەردا
قەتیسماو بوون.
دەستی شاعیر دوو لقی وشکی
دارێکی لە دارستان بەجێماو بوون
یاری شاعیر،
دوو سوێسکە مەمکی سپیلکەی
لە بناردا سەربڕاو بوون.
* * *
زمان دەمی گوێزانێ بوو
ڕوومەتی ئارام و ئۆقرەی،
کچی خۆری قاش قاش ئەکرد
دڵۆپی سوور تکایە سەر:
شەوی تەمەن
بووکەبەبارانەی خوێنین باڵای تۆ بوو
هەژاری گوند، هەژاری شار
کۆڵان.. کۆڵان.. تەلان.. تەلان
ئەیانگەڕان.
ئەی باڵائاوێنەی گوڵین!
تۆ ئەڕۆشتی و چاوم لێ بوو
هەنگاو، هەنگاو لەدواتەوە
مێژوویەکی تازە ئەڕوا!
* * *
ڕایان کرد و ماڵیان چۆڵ کرد
ڕایان کرد و ئاگریان بەردایە بێشکە
بێشکە گریا و بوو بە زوخاڵ
ڕووباریان کوشت.
ڕایان کرد و ماڵیان چۆڵ کرد
ئابڕوو مەلێکی سپی بوو
خستیانە ناو
قەفەزی سنگی فەرهادێ و
هەڵیان گرت و بردیان بۆ شا
ئابڕوو سەرپۆشی کێوان بوو
دایان بەسەر تەرمەکەمدا و
بردیان بۆ شا
دوای قاقایەک کە «شا» سەرێکی هەڵبڕی
مەلی هێنایە دەرەوە و
لەبەر قاچی شابانوودا سەری بڕی
ئەم جارەیان دانەوێوە و
بەسەرپۆشیش
پێڵاوەکانی پێی سڕی!
* * *
ئەوەتا وا
لە پرسەی ڕووبار و شاخا
شاییی مەرگ و برسێتییە
کات: کوللەیە
چاوی کێڵگە و چرا ئەخوا
ئەوەتا وا
کوردستانم بەلەمێکی سەرگەردانە
ڕوەو گێژ و گەرداو ئەڕوا
* * *
وەرن گوێ لە خوێنم بگرن
تاوانەکان بنووسنەوە
چۆن ئەژمێردرێن؟!
وەرنە سەر منارەی دەنگم و
«قەڵای دم دم» ێکی تازە
بخوێننەوە.
کێ ئەتوانێ گوێی بۆ بگرێ؟!
کەژ کچێکی بسکسەوزی
لەشزێڕینی چواردەساڵ بوو
بە زیندوویی
ئەیان پەستایە گۆڕەوە و
پڕ بە دەربەند، ئەیزریکان.
* * *
وا دووبارە هەر هەمان تۆڕ
گرتمیەوە
تۆ ئاوڕێ بدەرەوە
چۆن تۆڕێکە:
وردەماسی قەتیس ئەکا و
گەورەماسیش سووک و باریک
لێوەی ئەچێتە دەرەوە.
* * *
ئێوەی ئەی گەورە پیاوینە
پیاوانی دز
پیاوانی پووت
چاومان لێیە:
لەناو لنگی تارانەوە سەر دەردێنن
لەگەڵ خۆتاندا وەک جانتای،
ڕەشی دەستتان
ئوتێل.. ئوتێل
شەقام.. شەقام
ڕووزەردیتان ئەگەڕێنن
ئێوە ئەی گەورەپیاوینە
پیاوانی پووت
چاومان لێیە
بە ڕیز جامانە دائەگرن
دای ئەگرن و پەردە و کوللەی دەوری چرپای
سۆزانییەکانی تارانی پێ ئەگێڕن!
من ئەو شاعیرە ناسکەی
ڕابردوو نیم
هەرچی گوڵێ کە هەڵوەری
تێر بۆی بگریم!
* * *
ئەم بەیانییە تەرمەکەی
دوێنێی خۆم ناشت!