خەڵووز

بۆ ئازارەکانی «نەجیبە»ی خوشک و هاوڕێ
لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  433 بینین
لە شەوانی کڕێوەدا
دێڕێ شیعرم جێی هێشتم و
خۆی کرد بەناو کوورەی دڵی «شاژن»ێکدا
بانگم لێکرد: نەڕۆی، نەکەی!
گوێی خۆی کەڕ کرد!
کە دەستیان بڕی و دەریانکرد
تاریک و ڕوون، سەرکز، زەبوون
گەڕایەوە
سەرنجم دا
بووبوو بە کڵۆ خەڵووزێ
بەندم کرد و کە شەو داهات
ئاگرێکم لێکردەوە
نامەیەکی، لە سەرمادا گرمۆڵەبووی
لە قەفەزەوە هەڵاتووی
ئەوینی «نەجیبە خان»م
لەبەردا گەرم کردەوە!