بیرکەوتنەوە

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  407 بینین
باڵندەکان هەر لەبەر شیناییی ئاسمان
نییە، ئەفڕن.
سەرچاوەکان، بەتەنیا هەر
لەبەر هاژەی ڕووبارەکان، هەڵناقوڵێن.
درەختەکان هەر لەبەر جوانی لقوپۆپ
سێبەر ناکەن.
بەفر هەر لەبەر زستان و شێرە بەفرینە نابارێ.
ئەسپ بەتەنیا هەر لەبەر:
ئاوزەنگی لێدانی سوار و جڵەوی شل
ناداتە غار
«با»یش هەر لەبەر لەرینەوەی
دارستانەکان هەڵ ناکات
تۆیش ئەم دیوانە بەتەنیا
لەبەر ناوی «شێرکۆ بێکەس»
پەسەند ناکەی!