کتێبە هەژارەکان

بۆ «گۆرکی»
لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  368 بینین
لە ئەرشیڤی نامەخانەی دوا قەیسەرا
هەرچی کتێبە هەژار و برسییەکان بوون، کەوتنە جووڵە
لە ڕیزی خۆیان یاخی بوون
هەموو چوونە یەک ڕیزەوە.
گرد بوونەوە و، پەڕەی سەریان نا بە سەری
یەکترەوە.
بوومەلەرزەی خۆپیشاندان
سەروژێری نامەخانەی گەورەی لەرزان
کتێبێکی کورتەبنەی سەر ڕووتاوەی پێشەوایان
هەڵبڕیە سەر قەڵاندۆشکان
هاواری کرد:
«داوا ئەکەین بخرێینە پێش چاوی کێڵگە و ڕووبارەکان
داوا ئەکەین کارگەکان بمانخوێننەوە
بدرێینە دەس سنەوبەر و هەتاوەکان»
لەو بەرەوە هەرچی کتێبە ورگنەی بۆرژوا بوو
لەسەر ڕەفەی بەرزیانەوە، کەوتنە تەقە
سەدان کتێبی ڕووتوقووت
خڵتانی خوێنی دێڕیان بوون
بەڵام هێرش نەبڕایەوە
تا دوا ڕەفەی بەرز گیرا و
ئاڵای وشەی سەوز و سووریش
کەوتە شنە و شەکایەوە!