گوێگرتن

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  450 بینین
باش گوێ بگرە!
ئەو وژەوژەی لێرەوە تۆ ئەیبیسی
ئەوە نەڕەی تووڕەبوونی بێشەیەکە
ڕێگە نادا
تەوەرەکان بچنە ناویەوە، پێکا ئەدەن
باش گوێ بگرە!
ئەو گرمەگرمەی لێرەوە تۆ ئەیبیسی
ئەوە حیلەی ڕەوە هەورێکە ڕێ نادەن
خێڵی کوللە، زینیان بکەن
پێکا ئەدەن.
باش گوێ بگرە!
ئەو لرخەلرخەی لێرەوە تۆ ئەیبیسی
ئەوە دەنگی شیعرێکی «سەمیح قاسمکەس»ە
بۆیە ئەمرێ
ڕێگەی نەدا
پشت بکاتە بێشە و هەور و
دامێنی خێڵی مردن و تەور بگرێ!