ڕۆمان

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  671 بینین
ئەی لەیلاکەم
ئەو ڕۆمانەی کە دامیتێ و،
دوای خوێندنەوەی هێناتەوە
کە خستمەوە کتێبخانە بچکۆلەکەم
هەموو کورتە چیرۆکەکان
دەوریان گرت و ئەویش کەوتە
گێڕانەوەی ئەو باسانەی، لە سەیرانی
چەند ڕۆژەیدا لەگەڵ چاوتا
کردبوونی
پێی ئەوتن:
ئەو شیرینە، حەز لە خوێندنەوەی چیرۆکی
کەڵەگەتی وەک من ئەکا
چیرۆکی کورت سەیر ناکا
دوای ماوەیەک، تەماشام کرد
هەموو کورتە چیرۆکەکان
لەبەرخاتری چاوەکانت
یەکە یەکە
بوونە ڕۆمان!.