ساماڵ

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  356 بینین
ماوەیەک بوو، بووبووم
بە ئاشنای
باران و بەفر و تەرزە
بێزار بووم و خۆزگەم ئەخواست
بگەمە لای دیداری سەوز!
گەیشتم، هەر ماوەیەک بوو
وەڕس بووم و
خەوم بە سروەی ژێر کەپر و
هێشووی دارمێوەوە بینی
خەو هاتە دی
ماوەیەک بوو، بێزار بووم و
حەزم ئەکرد گەڵاڕێزان دامپۆشێت و
گوێ لە لاواندنەوەی خەزان بگرم
وەڕس بووم و ماوەیەک بوو
بەڵام کاتێ گەیشتمە لای خۆشەویستیت
ئەی کچی جوان
ساماڵی کرد، بێزاریم و
تۆش بوویتە هەموو:
وەرزەکان!