شەوارە

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  314 بینین
ئەو چرایە بۆچی گڕی
لە خۆی بەردا و، دامردەوە؟!
ئەو جوانەمەرگە شەو نەبوو
نەچێ بەگژ تاریکیدا و، هەڵینەبڕێ
چۆن ڕووناکی خۆی ئەکوژێ؟!
شاخێک وتی:
-من بینیم «ئاغا»ی ماڵەکەی
نیوەشەوێ
لە ملەوە، هەڵیگرت و
بردی، ڕایگرت
بەرامبەری پۆلە مەلێ
بۆ عەشقی شەوق
مەلی شەیدا
خۆیان هاویشتە بەر چرا
چەقۆی «ئاغا»ی فێرە بڕین
یەکە یەکە سەری بڕین
پەنجەرەی ژوورەکەیش وتی:
-لە ماڵەوە، کە ئاغا نووست
من گوێم لێ بوو
چرای چاوکز
بە خۆی ئەوت:
«منی هێنا ڕاوی تاریکی بۆ بکەم
چۆن بژیم و جارێکی تر
دڵدارانی درەخت و ئاو
بە شەوارەی
مردن بخەم!»