دیسانەوە خالید

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  270 بینین
خالید، کۆمەڵە شیعرێ ئەناسێ
لەگەڵیاندا یاری ئەکات
بە شان و مل و قژیاندا
هەڵئەگەڕێ و دائەگەڕێ
«سیانیان» ناوی:
«شەوقیکەس و بارودیکەس و حافزکەس»یان
لێ نراوە.
ئەوانی تر هەر هەموویان
«ئەحمەد فوئاد نەجمکەس»یان ناوە!
خالید، ناوی
گەلێ خۆراک ئەزانێت و لەبەرێتی
ئەشتوانێ لەسەر دیواری
ژوورەکەیان بیاننووسێ
لەبەر کتێبی مەکتەبیش،
هەندێکیان بشکا بە وێنە و
بیانکێشێ.
بەڵام خالید هەموو ڕۆژێ
تەنیا هەر پاقلەی کوڵاویان
ڕاستەقینە ئەبینێت و،
بەرامبەری دائەنیشێ!