گاورباغی، ١٩٤٦

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  421 بینین
مقەستێک بوو
لەناو باخی هەژاراندا
بەبێ پەروا
گەڵا و گوڵی دەقرتاند و
بە دیلی ئەیبردن بۆ «شا»
شا، پایپێکی سەر زل بوو
قاچی ئەنایە سەر قاچ و
«ڕەنج»ی چەوساوەی «ئەکێشا»
ڕۆژێ «خەم»ە نەوتاوییەکان
کاسەی پڕیان لێی ئەڕژا.
لەسەر ڕێگەی گاورباغی
مقەستیان گرت
گەڵا و گوڵیان لێ سەندەوە و
داخی دڵی باخیان پێ ڕشت
پایپ، لە ڕقدا ئاگرەکەی
نا بە لەشی گەڕەکەوە
گەڕەک سووتا
بەڵام پایپ هەر بەو ئاگرەی کە نایەوە
خوێنی گڕدا
خوێنی ڕەنجی گڕتێبەربوو
هەتا ئەهات گەورە ئەبوو
بەیانییەک، گاورباغی مقەستی دی
لچ و لێوی هەڵپاچراوە و
بەدیار لاشەی پایپەوە
خوڕ خوڕ ئەگریی!