لیرە

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  578 بینین
قەڵەمێکی لاتولەوار
لە کوختی وشەیەکێوە
چاوی لێ بوو:
لیرەیەکیان بەرەو گوڵێ خل کردەوە
گوڵ تینووی بوو... لیرە وتی:
ئەو ڕەنگە سوورەتم بەیتێ
جۆگەیەک ئاوت ئەدەمێ!
دواییش ئەتبەم جێت لە باخی
شووشەبەندا بۆ ڕائەخەم.
گوڵە وتی: شووت پێ ناکەم.
لیرە وتی: بۆ هەر تۆ هەی؟!
گوڵی تینوو ئێجگار زۆرن
ئەوتان نا، ئەم!
قەڵەمەکە چاوی لێ بوو
ملی بەلارەوە گرتووی گوڵە
وردە وردە ئەشکایەوە
قەڵەمەکە هەستایە پیان
هەڵبەستێکی دایە پڕمە و قوڵپی گریان
گریا و گریا
لەو گریانە پەرداخێ فرمێسکی پڕ کرد
بە پێ پەتی و بەسەر دڕکا
بۆ گوڵەی برد!