سەفەر

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  904 بینین
وشەکانم خستە ناو جانتای
سەرمەوە و، سەفەرم کرد
لە پایتەختێکا دابەزیم
جوانی هێنا بەپیرمەوە و
ئاخ و ئۆفی لێ وەرگرتم.
کاتێ دواین
نە ئەو هیچ لە من تێگەیشت
نە منیش هیچ لەو گەیشتم
«سەر»م کردەوە، سێ وشەم
لێ دەرهێنا:
«فیز»م نارد، تا
خەمەکانم ورد کاتەوە
وەک چۆن ڕۆیشت، وایش هاتەوە
-کەس تێم ناگات!
«تووڕەیی»م نارد
باسی مێژووی سەرم بکات
هاتەوە پەست
-کەس تێم ناگات!
ئەم جارە «خۆشەویستی»م نارد
کە هاتەوە لەگەڵ خۆیا
«زمان»ی شاری هێنابوو
کە لەبەر دەمما هەڵیڕشت
هەرچیم ئەویست لە ناویا بوو.