مەل

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  585 بینین
خۆڵ و دۆیان کرد بە سەری
باخچەیەکی «ئەسمەرە»دا و
بە پشتاوپشت
گوڵەکانیان
سواری پشتی چقڵەکان کرد.
دارەکانیان «دارستان و شاربەدەر کرد»
هەردوو چاوی ئاویان کوێر کرد.
لەبەر ئەوەی مەلەکانی ئەو باخچەیە
بەیەکەوە هەڵئەفڕین و، قۆڵ لە قۆڵدا
بۆ جێژوان، ئەڕۆیشتن
پێکیشەوە لە مەیدانی گەورەی شاردا
بە منداڵان ئەگەیشتن
لەبەر ئەوەی مەلەکانی ئەو باخچەیە
ئەچوونە سەر هەورەبانی
ماڵی پاشا ئەیانخوێند و
هەڵئەنیشتن!