دوو گۆرانیی تەواونەکراو
لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
1 خولەک
686 بینین
١
ئەشێ گەڵای وشەکانم، کاڵ بنەوەڕەنگیان تێک چێ
زەرد هەڵگەڕێن، یان بشوەرێن.
ئەشێ لقی سەوزی بەر ڕەشەبای شیعرەکانم
بە سەر خەما بچەمنەوە،
ئەشێ بشکێن
ئەشێ بکرێن:
بە هەوێنی گڕی زۆردار
ئەشێ لە کوورەی مردنا
ببن بە کۆتەرەی ئازار
بە قرچەی ئێش
لە کۆتاییشا، بە چنگێ
لە خۆڵەمێش
ئەشێ، ئەشێ
بەڵام ئەوەی بە ڕەشەبای دوورگە ناکرێ
ئەوەی ناشێ:
ڕەگ و ڕیشەی بیرەکانمە
٢
ڕەنگە جریوەی ئەستێرەی چاوی لاویملە چنگی هەوری گریانا
لە لمی تینووی ئاسمانا
ببێ بە تنۆکێ ئازار، بتوێتەوە
لە بیری شەوی دڵداریم بچێتەوە
ڕەنگە کەژاوەی تریفەی
مانگی زیوین
بووکی دێرین
لەبەر شەپۆلی گەرداوا
چرای بیناییی بخنکێ.
بەرەو بنی نائومێدیی هەڵخلیسکێ
ڕەنگە ئیتر، ئەشێ ئیتر
جارێکی تر
بەفراوی شاخ نەخواتەوە
دەرگا لە خەیاڵی وشەی
نیوەشەوم نەکاتەوە
ئەشێ، ئەشێ
بەڵام ئەوەی نە بە گەرداو
نە بە هەوری ڕەشی دوورگەی
بیابانی کینە هەستاو
نە بە هەزاران بێژنگی
تەفرەی دەسیاو
هەرگیز ناکرێ
ئەوەی ناشێ:
تیشکی خۆری ڕاپەڕینمە