بیرت ئەکەین

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  627 بینین
کاتێ پەپوولەی تەماشام، باڵەفڕێی لەناو باخی
وشەی ڕەنگاوڕەنگا ئەکرد.
لەسەر چڵی درەختی دێڕ، لێوی تاسە و دەمی، چاوی
بۆ کوڵمی هۆنراوە ئەبرد
کاتێ تازە، خامەی کۆرپەی زمان گرتووم،
ئاسۆی بیری چاو پشکوتووم،
لەناو تریفەی خەیاڵا
لەناو لانکەی دەسرازەی شینی ساماڵا،
پێڵووی حەزی بۆ جریوەی ئەستێرەی بەهرە ئەترووکان
کاتێ تازە، بە ڕستەی پەلکەزێڕینەم
پرچی کیژی پیتەکانم ئەهۆنیەوە
موورووم لە ئاونگی بەیان،
لە تەرزەی فرمێسکی سپیی پەریی ئاسمان
بۆ ملوانکەی گەردنی ئەو
لەسەر پەڕەی نێرگزی خۆر، ئەچنیەوە
کاتێ تازە، شەپۆلی ناو لەرەی دەنگم
باوەشی ئەکرد بە ڕۆحی تینووی گیانا
مەلی هەناسەی تەریوم وێڵ بوو بەدووی
لقوپۆپی درەختێکی نوێی ژیانا
کۆتری چاوم، هەڵفڕی
پەپوولەی تەماشام، گەڕا
گەڕا، گەڕا
باخی وشەی ناو دیوانی گەلێ بڕی
بە سێبەر و هەتاوی ناو، وەرزی دڵی
گەلێ شاعیرا تێپەڕی
بەڵام هیچیان بە نەرمەبای خۆشەویستیی
فرمێسکی پشکۆی دەروونی ئەمیان نەسڕی
هیچیان شەوی، ناو بێشکەی تەنیایی و خەمی
ژووری ئەمیان ڕانەژەنی
هیچیان لە پرشنگی شەبەق، گوڵێکی نوێی
نەبینراویان بۆ نەچنی
هیچیان لەناو گرمەی هەوری وشەی کوردا
دەنگێکی تریان بە گوێچکەی
ئەو نەناسی!
هیچیان بە ڕەنگی تازەتر وێنەیەکیان
بە ژووری چاو و سەرنجیا، هەڵنەواسی
تا گەیشتە ئەو بەهەشتەی لە کەژاوەی
بەر تاڤگەی یادگارا
گوڵی وشەی نوێی هەڵبەستی
ئەکرد بە قژی بەهارا
تا گەیشتە ناو ئەو خەوە ڕەنگاوڕەنگەی
سروشت بە شانەی سەوزەگیا
بە پرشنگی بریسکەی سەر بەفری چیا،
سەری کچی هۆنراوەی نوێی، دائەهێنا
تا گەیشتە ئەو فرمێسکەی لەناو پێڵووی
ئاوازی ماتی هونەرا
بە شوێن بزەی هەتاوی ڕووی وشەی سەربەستا، ئەگەڕا.
تا گەیشتە لای ئاهەنگی ئەو دەنگانەی:
کە نابیسرێن
تا گەیشتە لای گوڵزاری ئەو ڕەنگانەی:
کە نابینرێن
تا گەیشتە سەر ڕوانگەی چاوی «گۆرانکەس»
چاوی وشە، چاوی ژیان.
***
بیرت ئەکەین لەگەڵ فرمێسکی لاوکی
چاوی شمشاڵی «دەروێشا»، بیرت ئەکەین.
یادت ئەکەین لەگەڵ هاواری خوێنی ناو:
تۆڵەی گەرووی هەڵۆ بەگا، یادت ئەکەین.
لەگەڵ «پەپوولەی نیازی گفتوگۆی»
سەر لێوی قژ زەردی شۆخا
تاسەت ئەکەین.
لەگەڵ بۆی مەمکی ناو درزی
سوخمەی نازداری گوڵڕەنگا،
لەگەڵ «بووکی تانجەرۆی ناو
دۆشەکی سەوزی» سروشتا، بیرت ئەکەین.
لەگەڵ «ماسیی ڕۆحی» چاوی
بنی گۆمی مەنگ و شینا
لەگەڵ «هێرۆی سەر لق ئاڵی
زاڵ بە سەر دڕکی زەمینا»، یادت ئەکەین
لەگەڵ دەنگی «کنالەیل» و داروبەردی
هەورامانشوێنا
لەگەڵ «بەفری بەرهەتاو» ئۆرکستراکەی
مۆسکۆی جوانا
بەیەکەوە لەگەڵ گازی کەلەبچەی دەستی سەربەستی
ڕێی زیندانا
بەیەکەوە لەگەڵ گڕی هەزار ساڵەی
سەر کێوانا
بەیەکەوە لەگەڵ کانیی بەر تریفەی
مانگەشەوی هاوینانا، تاسەت ئەکەین
بەیەکەوە لەگەڵ پەریی قژ پەشێوی
ژوورسەری گۆڕی بێکەسکەسا
یادت ئەکەین، تاسەت ئەکەین، بیرت ئەکەین.