بۆ نەورۆزی ١٩٧٠

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 6 خولەک  950 بینین
ئەی فریشتەی ناو کەژاوەی
باوەڕی پیرۆز!
چەپکێ شیعرت، پێشکەش ئەکەم
بۆ یادی نەورۆز.
لە جێی نێرگز
لە جێی گوڵی
کوردستانەکەم
وشەی سۆز و خۆشەویستی بە قژتا ئەکەم.
بە هۆنراوەی ڕەنگاوڕەنگی
دەروون و هەستم
پرچی بووکی، ئاهەنگەکەی
ئێستات ئەبەستم.
بە هاواری
تۆقێنەری کاوەکەسی ناو دەنگم،
لەگەڵ ماری ئەژدەهاکی ژینتا،
ئەجەنگم.
بە پریشکی پشکۆی بیر و
تینی ناو خوێنم:
ئاگری جەژنی بیرەوەریت دائەگیرسێنم.
بە نووسینی وەک گزنگی
ئاسۆی بەیانیی
بۆت ئەچنم، تارای سەری
ڕەنگ ئەرخەوانی.
بە تریفەی مانگەشەوی ئاسمانی تاسەم
ماچی گۆنەی گوڵاڵەکەی
کەژانت ئەکەم.
بە «مەمکەس»ی ناو وتەی ئەشقی
پەڵکەزێڕینەم
دەس لە ملی «زینکەس»ی شۆخی
کێوانت ئەکەم.
لە بەفراوی ناو خەیاڵی
ڕنۆی لووتکەما
تنۆک، تنۆک قومی خۆزگەت
ئەکەم بە دەما.
لە شەونمی خونچەی دڵی
گەشاوەی تازەم،
لە شەماڵی شنەی گیان و چۆپی ئاوازەم،
لە هەڵپەڕکێی
ڕەشبەڵەکی بەستەی دەس گرتووم،
کامەرانیم بۆ هێناوی
بۆ لای تۆ هاتووم
ئەی فریشتەی ئاسایش و مژدەی سەرکەوتن
منی بولبول،
بۆت ئەخوێنم هەتاکوو مردن!
***
ئەی فریشتە تا دوێنێ بوو
هەڵبەستەکانم:
دڵیان تەنگ بوو، وەکوو گەرووی
پڕ لە گریانم،
لە قەفەزی تاریکییا خامۆش و مات بوون
دوور لە خۆزگەی
بەهارێکی نیاز و ئاوات بوون.
بەدیار شەوی درێژەوە چیچکەیان ئەبەست
تەرمی خەمی مردووی دڵیان
ئەخستە سەر دەست.
وەکوو ساوای شیر لێ بڕاو،
شەوگار نەنووستوو
دەمی وشکیان ئەگێڕا بۆ
گۆی مەمکی مردوو.
وەکوو بێچووی چۆلەکەی ناو:
هێلانەی جێماو
باڵەفڕێی هیوایان بوو، بۆ
تنۆکێ ئاو.
وشەی چڵیان وەکوو گەڵای
پاییز ئەوەریی
هەوری چاویان ڕێی لە خۆری
پێکەنین ئەبڕی
تریفەکەی مانگی بیریان تەماوی و لێڵ بوو
بەرەبەیان بە دوای شەوی
تاریکا وێڵ بوو!
کەشتیی بەختیان ڕوو لە گێژی
سەختی گەرداو بوو!
وەرزی ساڵیان دنیایەکی بەبێ هەتاو بوو
تا دوێنێ بوو، نەورۆزەکەت:
دیلی زستان بوو.
چەپکە نێرگز، جێگەی ژێر پێی ڕق و تاوان بوو.
تا دوێنێ بوو، زەردەخەنەت:
نوقمی گریان بوو.
کۆڕی ماڵان
بۆ پرچ ڕنین، بۆ سنگ کوتان بوو.
بەهارەکەت خڵتانی خوێن
جەستەی زامدار بوو
چرپای ئارام: پەیکوڵی خەم، دڕکی ئازار بوو!
***
بەڵام پەری،
ئەی فریشتەی ئازادیی ژیان!
خۆت ئەزانی فرمێسکی چاو، هەنسکی گریان
چەند بڕژێن، چەندە قوڵپی
ناسۆر هەڵبدەن
ئەنجام ئەبێ سەر بۆ شادیی بەهار:
شۆڕ بکەن
ئەبێ تیشکی خۆری هیوا
چاوی هەڵبێنێ
بولبولی ناو باخی نەورۆز بەستەی بخوێنێ.
ئەبێ لە جێی:
خوێنی ڕژاو، لە جێی قوربانی،
گوڵ سەر دەرکا، بشنێتەوە بۆ کوردستانی.
ئەبێ لە جێی زڕەی کۆت و
زنجیری زیندان
زەنگی مژدەی ئازادیی گەل،
دەس کا بە لێدان!
ئەبێ لە جێی
دەغڵی سووتاو، لە جێی وێرانیی
خەرمانی ژین، بەرز بێتەوە بۆ کامەرانی.
ئەبێ لە شوێن:
بۆردوومانی هەر زەوی کێڵێ
کانییەکی سەرفرازی بۆ کورد هەڵقوڵێ.
دە ئەی گیانی
شەهیدانی نەورۆزی زیندوو
سووتەمەنی ڕاستەقینەی نۆ ساڵی ڕۆشتوو
ئەی ئەوانەی
لەگەڵ مردن، لەگەڵ ئازارا
لەگەڵ سوپای شەوەزەنگی تاریک و تارا،
لەگەڵ ساڵی برسێتییا،
لەگەڵ تۆفانا،
لەگەڵ ئاگر، لەگەڵ بەفر، لەگەڵ زەمانا
کەوتنە جەنگین
هەتا نەوەی ئەم کوردە شاد بێ
مەلی هیوای لە قەفەزی
دیلیی ئازاد بێ!
مردن، هەتا خاکی کاوە
بەری سەوز بێ!
سەری ڕۆڵەی وەکوو شاخی سەرکەش بەرز بێ!
دە ئەی گیانی
شەهیدانی ئەو ڕێ پیرۆزە
ئێوەن گڕی بیرەوەریی ئا ئەم نەورۆزە
ئێوەن بزەی ئەم ڕۆژەتان
خستە سەر لێومان
ئێوەن مافی چەپکە گوڵتان بەخشیوە پێمان!
بۆیە کوردیش:
پشت لەدوای پشت وەک سوێند و بەڵێن
جێگەی یادتان لەناو چاو و دڵا دائەنێن!
ئەی فریشتەی
ناو کەژاوەی سایەقە و ساماڵ
پێبکەنە بۆ ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵ
قژی زەردی
دوای مژدانەی خۆشیی داهێنە
لە ئاوێنەی ناو سروشتا جوانیت بنوێنە
با گوێی دڵم
بە تریفەی پێکەنینی تۆ
بە گۆرانی پڕ لە بەستە و هەڵپەڕینی تۆ
با دەروونم
ناخی هەستم، قوڵاییی گیانم
بەری چاوم، ئاسۆی بیرم، وەرزی ژیانم
وەک بەهاری سەرفرازیت
وەک هەردی ڕەنگین
وەک قەدپاڵی کەژی چڕی دارستان بەرین
وەکوو وردە شەپۆلی ناو کانیی بن بنار
وەک خوێندنی
کەوی لووتکەی «هەزار بە هەزار»!
وەکوو مێرگی
بەر گزنگی خۆری هەڵهاتوو
وەک پەپوولەی زەرد و سووری تازە باڵگرتوو
وەک شەماڵی
پڕ گوڵاوی فێنکی هەوار
وەک بریسکەی سەر سەوزەگیای شەونمی بنار!
باوەش بکەن:
بە بەهاری شادیی ژیانا
لەگەڵ هەموو – خێزانێکی - ناو نیشتمانا
دەبا ئیتر ئەی فریشتەی
کەژاوەی شیرین
ئێمەش هەموو بۆ یەکێتیی یەکتری بژین
دەبا ئیتر گریانی چاو
خۆش بکاتەوە.
زەردەخەنەی هەتاوی ڕوو
شەوق بداتەوە!
دەبا ئیتر پەپووی شوومی شەڕ دەربەدەر کەین
کۆتری سپیی خۆشەویستیی
سەرچاو، سەرخەین
دەبا ئیتر چاوی کینە و
ناکۆکیی کوێر کەین!
ڕەشوڕووتی ئاوارەبووی کورد پۆشتە و تێر کەین.
دەبا ئیتر چرای ژیان،
چرای زانیاری، ڕۆشنی کات
تاریکەڕێی ناو کوردەواری.
دەبا ئیتر هەنگی کاری
شانەی هەنگوین بین
پەپوولەی سەر گوڵەباخی گفتی شیرین بین.
دەبا ئیتر لاوانەوەی:
سکسووتاو بەس بێ
دەنگی قرچەی جەرگی خوشکی
هەڵقرچاو، بەس بێ
بەرگی ڕەشی پرسەی دایکی
کوڕ کوژراو، بەس بێ
دەنگوباسی جوانەمەرگی خوێنڕژاو، بەس بێ
خورپەی دڵ و ئاخی سینەی
مەینەتیی، بەس بێ
-دەبا ئیتر برایەتی و یەکێتیی کەس بێ-
دەبا ئیتر ژیان هەمووی:
وەکوو بەهار بێ
گوڵاڵەکەی دڵنیایی پڕ لادێ و شار بێ
ئەی فریشتەی
ناو کەژاوەی باوەڕی پیرۆز
چەپکە شیعری خۆم بۆ هێنای، بۆ یادی نەورۆز.
ئەی فریشتەی ئاسایش و مژدەی سەرکەوتن
منی بولبول
بۆت ئەخوێنم، هەتاکوو مردن.